شارپرێس ـ تایبهت:
سەرجەم سكاڵاكانی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگیو دەستگیرکراوانی لالەزار ڕەتکرانەوە، سهرچاوهیهكى ئاگاداریش لهڕێگهى شارپرێس-هوه ئاشكرایكرد، دۆسیهكان ئهمڕۆ گهڕاونهتهوه بۆ دادگاى دوى تاوانهكانى سلێمانىو لهچهند ڕۆژى داهاتودا سهرجهمیان دادگاییدهكرێن.
بەگوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی شارپرێس کە لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستیکەوتون، تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی سێ سکاڵای جیاوازیان لەسەر "دادگای دوی تاوانەکانی سلێمانی"، "دادوهرى دادگای تێهەڵچونهوه"و "ژمارەیەک دادوەری دادگای پێداچونەوە (تەممیز)" تۆمارکردبوو، بەڵام سەرجەم سکاڵاکان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕەتکراونەتەوە.
ئەم دۆسیەیە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕوداوە پڕ لەگرژییەی لەگردى سهرچنار (هۆتێل لالەزار) لەشاری سلێمانیو ساڵێك لهمهوبهر ڕویدا، کە تێیدا پێکدادانی چەکدارییو ئاڵۆزیی ئەمنی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانو پاسەوانو لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی دروستبوو، ئەو ڕۆژە بوە سەرەتای زنجیرەیەک کێشەی یاسایی کە تائەمڕۆش بەردەوامەو چەندین کەس لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرکراون.
سەرچاوە ئاگادارەکەی شارپرێس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەوڵانەی کە بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ شاری هەولێر دەدران تائێستا هیچ ئهنجامێكیان نهبوهو پێشبینیدهكرێت شکستبهێنێتو ڕەتبكرێتهوه، لەئێستاشدا سەرجەم پەڕاوەکانی دۆسیەکە گەڕاونەتەوە بۆ دادگای تاوانەکانی دوی سلێمانیو بڕیارە لەچەند ڕۆژی داهاتودا، وادەی فەرمیی دادگایی کردنی (لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگیو هاوڕێکانیان) دیاریبکرێت.
بەم بڕیارە نوێیەی دادگا، دۆسیەی "لالەزار" دەچێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەو چاوەڕواندەکرێت لەچهند ڕۆژى داهاتودا هۆڵی دادگا ببێتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ئەو تۆمەتو دۆسیانەی کە لەدوای ڕوداوەکانی لالەزارەوە بەرۆکی ئەو بەرپرسەى پێشوى یەکێتییو دەوروبەرەکەی گرتوە.
