دیمەشق‌و حەلەب بەهی خۆی دەزانێت
توركیا چاوی لەگێڕانەوەی میراتی عوسمانییەكانە

جیهان

09/03/2019‌ 1380 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سلێمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند، دیمەشق و حەلەب پێشتر "هی ئێمە بوون"، ئەو لێدوانانەش نیازی فراوانخوازیی‌و ئەو بەرنامەیەی ئەنقەرە زیاتر دەردەخەن، كە پێی دەوترێت گێرانەوەوی میراتی عوسمانییەكان .

سویلو لەوتەیەكیدا كە بەرانبەر گردبوونەوەیەكی لایەنگرانی پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار راشیگەیاند "تورك و سوورییەكان سەر بە یەك میللەتن ، بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠٠ ساڵیش لەژێر یەك ئاڵادا ژیاون".

ئەو وەزیرە، كە هاوكات جێگری  سەرۆكی پارتی دادو گەشەپیدانیشە، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات سەرەڕای جەختكردنەوە لەوەی دیمەشق‌و حەلەب ئەوەشی راگەیاند، پیشتر لەچوارچێوەی سنووری ئەو میللەتەدا بوون، كە ئەنجوومەنی گشتی عوسمانی بڕیاری لێداوە.

لەسەر ئەو لێدوانانە، چاودێران پێیانوایە ئەردۆغان بە بەكارهێنانی درووشمی میراتی عوسمانییەكان كار بۆ فراوانخوازی، لە ناوچەكە دەكات ، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش هەوڵی بەكارهێنان و پشتیونیكردنی گرووپە توندرەكان دەدات لەسەرووی هەمووشیانەوە ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمین .

گەلێك لە راپۆرتە هەواڵگرییەكان باس لەوە دەكەن كە ئەردۆغان هەوڵیداوە هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی سوریا بكاتە گۆرەپانێك بۆ  پرۆسە فراوانخوازییەكانی ، بۆ ئەمەش هەوڵیداوە لەڕێگای پشتیوانیكردنی داعش و قاعیدە و هەندێ لە گرووپە توندرەوەكانی ترەوە ململانێكانی سوریا بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بەرێت .

لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ پێگەی " نودریك مۆنیتۆر " ی سویدی راپۆرتیكی بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا ئەوەی ئاشكرا كردووە كە هەواڵگری توركیا لەڕێگای دوو ئەفسەری پیشووتری سوپاوە هەوڵی راهێنان و پڕچەككردنی توندرەوەكانی داوە ، وە  بەئامانجی گۆڕینی رژێمی دیمەشق رەوانەی ئەو وڵاتەی كردوون .

بەپێی زانیارییەكانی ناو راپۆرتەكە ، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١ نارەزایەتییەكان لە سوریا سەریانهەڵدا . هەواڵگری توركیا نووسینگەیەكی تایبەتی پێكهێناوە كە كاری لەسەر یەك ئامانج كردووە ئەویش لەسەركارلابردنی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا و  گۆڕینی ڕژیمی دەسەڵات لەو وڵاتە و دامەزراندنی رژێمێكی توندرەو كە فەرمان لە ئەردۆغانەوە وەربگرێت .

بەگوێرەی چەندین راپۆرتی جیاواز  جیاواز  ، هەواڵگری توركیا زۆر هاوكاریی و پشتیوانی رێكخراوی داعشی كردووە تا لە سنوورەكانی ئەوەوە بینە ناو خاكی سوریاوە ، ئەوە جگە لەوەی لەژێر پاساوی شەڕكردن لەگەڵ هێزە كوردییەكان و بەتایبەتیش یەكینەكانی پاراستنی گەل كە توركیا بە گرووپی تیرۆریستییان دەناسێنیت ، زۆر هەوڵیداوە زۆرترین هێز و گرووپی چەكداری رەوانەی ناو سوریا بكات .

هەندێك هەڵسوكەوتی توركیا لەناو خاكی سوریا وەك هەوڵدانی بۆ گۆڕینی دیمۆگرایفیای ئەو شوینانەی لەژێر دەستی ئەودان ، نیازە فراوانخوازییەكانی ئەنقەرە دەردەخەن 


مانگی رابردووش سەبارەت بەو ناوچە ئارامەی كە واشنتۆن پێشنیازی درووستكردنی كردووە ، ئەردۆغان لێدوانیداوە و گوتوویەتی دەبێت ئەو ناوچەیە تەنیا و تەنیا لەژێر هەژموون و كۆنترۆڵی ئێمەدا بێت .

چاودێرانیش پێیان وایە سوور بوونی توركیا لەسەر ئەوەی كە دەبێت ئەو ناوچە ئارامەی چاوەڕێ دەكرێت درووست بكرێت لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بێت ، مەبەست لێی ئەوەیە كە شیوەیەكی كردارەكی ئەو ناوچانەی باكووری سوریا بخاتە سەر توركیا .

بابەتی ناوچەی ئارامیش كاتێك زۆر زەق بۆوە كە مانگی یەكی ئەمساڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەیكا پێشنیاری درووستكردنی ئەو ناوچەیەی بە قوڵای ٣٢ كیلۆمەتر لەناو خاكی سوریا كرد ، بێئەوەی ئەوە ڕوون بكاتەوە كە كێ ئەو ناوچە ئارامە ئیدارە دەكات .

پێشنیازی درووستكردنی ناوچەی ئارامیش دوای بڕیارە لەناكاوەی ترامپ هات بۆ كێشانەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە سوریا ، ئەوەش وەك شۆكیك وابوو بۆ هێزە كوردییەكان و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی