زانیاری نوێ‌ لەبارەی سەردانی شاندی فەرمی یانەی ڕیاڵ مەدرید بۆ عێراق

عیراق

10/03/2019‌ 980 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق خەریكی ئامادەكارییە بۆ پێشوازی شاندێكی فەرمی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی ، كە وابڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا سەردانی عێراق بكات و ئەكادیمیایەكی ئەو یانەیە لە عێراق بكاتەوە .

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبارەی سەردانەكە رایگەیاندووە، عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ڕاوێژكارەكانی  و نوینەری كاروباری خزمەتگوزارییەكان و ئاوەدانكردنەوە، عەبدول حوسێن عەبتان وەزیری پێشووتری وەرزش و لاوانی ڕاسپاردووە، كە بەدواداچوون بكەن بۆ ڕێكخستنی پێشوازیكردنی شاندی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی، كە وابڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەنجام بدرێت .

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیكردووەتەوە، كە عەبتان رۆژی دووشەممەی داهاتوو چاوی دەكەوێت بەنەعیم سەددام نوێنەری لینكی ڕیاڵ مەدرید لە عێراق و نوێنەری ئەو لینكە حەیدەر عەبدول كەریم ، تا لەگەڵیان باس لەچۆنێتی پێشوازیكردنی شاندی ئەو یانە ئیسپانییە بكەن .

شاندی یانەی ڕیاڵ مەدرید پێكدێت لە ئەندامانی دەستەی بەرێوەبردنی یانەكە، كە بریتین لە ئەسكۆدیرۆ دی بۆرۆن و دوكتۆری ناودار ئەنتۆنیۆ بۆتیلا گارسیا و بەرپرسی پرۆژەكانی ڕیاڵ مەدرید لە ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ئینییگۆ ئیرینییاس .

واش چاوەروان دەكرێت، كە شاندەكە سەرۆك وەزیران لە پرۆژەیەكی گەورە ئاگادار بكاتەوە، كە خۆی لە ئەكادیمیای یانەی ڕیاڵ مەدرید لە عێراق دەنینێتەوە، تا لەو ڕێگەیەوە خزمەتی یاری تۆپی پێی لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراقی پێبكرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی