توركیا ڕێساكانی ئازادی ڕادەربڕینی پێشێلكردووە

جیهان

13/03/2019‌ 1068 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دادگای ئەوروپی مافەكانی مرۆڤ گەیشتە ئەو ڕاستییەی توركیا پێشێلی ڕێساكانی ئازادی ڕادەربڕینی كردووە، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی توركیا بەفەرمی تۆمەتی ئەنجامدانی كاری تاوانكارییان بەشێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو دایەپاڵ نووسەرێكی ڕۆژنامەیەكی لاگیری كوردەكان سەبارەت بەوەی لەڕۆژنامەكەدا بڵاویكردووەتەوە.

لەبڕیارێكدا، كە بەكۆی دەنگ پەسەندكرا، دادگای ناوبراو فرمانی سزادانی دارایی بەبڕی 3500 یۆرۆ بەسەر توركیادا سەپاند، ئەو بڕە پارەیەش دەبێت بدرێتە عەلی غوربوزی خاوەنی ڕۆژنامەی "غوندیم"ی ڕۆژانە، كە بارەگاكەی لەئەستەمبوڵە، ئەم كەیسە پەیوەستە بەئاراستەكردنی حەوت كۆمەڵە تۆمەت، كە حكومەت ئاراستەی غوربزی كردوون لەنێوان ساڵانی 2004 و 2011 ، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژنامەكە ئەو بەیاننامانەی بڵاوكردنەوە كە پارتی كرێكارانی كوردستان دەریكردوون، ئەو پارتەی لە ساڵی 1984 وە دژ بە توركیا دەجەنگێت لە پێناو بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردەكان لە توركیا،  لە لایەن ئەنقەرە و واشنتۆن و یەكیەتی ئەوروپاشەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە. 

دادگاكە لەبەیاننامەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: "دادگا گەیشتە ئەو بڕیارەی  دەسەڵاتدارانی توركیا ئەو ڕێوشوێنە تاوانكارییانەیان‌ بەشێوەیەكی بەرنامە بۆداڕیژراو – بە چاوپۆشین لە ناوەرۆكی بەیاننامە بڵاوكراوەكان – ئاراستەی رۆژنامەی ناوبراو كردوون.. بەیاننامە بڵاوكراوەكانیش پەیامی گرنگ نین وەك پیرۆزبایی ڕۆژانی لەدایك بوون كە بە ئەنجامدانی كاری توندوتیژی یان بەرەنگاربوونەوەی سەربازی یان ڕاپەرین لە قەڵەم نادرێن، هیچ جۆرە ووتاریكی ڕقلێبوونەوەشیان لەخۆ نەگرتووە".

لەو كەیسەدا غوربوز بەندنەكرا لە دەرئەنجامی ئەو ڕێوشوێنە تاوانكارییانەی بۆماوەی 5 بۆ 7 ساڵ لەدژی گیرانەبەر و لە ئاكامیشدا بێتاوان دەرچوو، دادگا بڕیاریدا ئەو ڕێوشوینانە هێشتا كۆت و بەند دروست دەكەن بۆسەر ئازادی ڕادەربڕین.

لە بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەكەدا هاتووە: "كە لەو ماوه دیاریكراوەدا فشاریان خستۆتە سەر غوربوز و‌ ترسی ئەوەشی هەبووە تۆمەتبار بكرێت، بەمەش جۆرێك لە چاودێری خودی كەوتۆتەسەر بەو پێیەی كارمەندێكی پیشەیی میدیاكانە، ئەم ڕێوشوێنانەی گیراونەبەر لە لایەن دەسەڵاتدارانی  توركیاوە لەگەڵ ئازادی ڕا‌دەربڕین و گواستنەوەی زانیاری و هزر ناگونجێن".

رۆژنامەی ئۆزغور غوندیم لەوساوەی دامەزراوە لە ساڵی 1992 كەوتۆتە بەر هێرشی حكومەتی توركیا، دوا ساڵێك لە دامەزراندنی رۆژنامەكەش چەند هێرشبەرێك تەقەیان لە كەمال كیلیتشی پەیامنێری ڕۆژنامەكە لە شاری ئۆڕفا ‌كرد و كوشتیان، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر لە لایەن پۆلیسەوە لێپرسینەوەی لێكرابوو، لە ساڵی 2000 دادگای ئەوروپی مافەكانی مرۆڤ فرمانێكی دەركردوە كە توركیا بەرپرسە بووە لە شكستهێنانی پاراستنی ژیانی ڕۆژنامەنوسی ناوبراو.

لە ساڵی 1994 سێ بۆمب لە دامەزراوه چاپەمەنی و نووسینگەكانی سەر بەو ڕۆژنامەیە لە هەردوو شاری ئەستەمبول و ئەنقەرە تەقینەوه، دواتریش بۆ چەندەها ساڵ حكومەت تۆمەتی داونە پاڵ ئەو ڕۆژنامەیە‌، چەندەها جاریش بەسەر بارەگانی ڕۆژنامەكەیان داداوە و كارمەندەكانیان دەستگیركردوون.

ئینجا هەوڵی هەڵگەڕانەوە سەربازییەكەی توركیا لە ساڵی 2016 هاتەئاراوه. دوا مانگێگ لەو هەڵگەڕانەوە سەربازییە شكستخواردووە، كردەی بەرفراوانی پاكتاوكردنی نەیارە گومانلێكراوەكانی حكومەت دەستیان پێكرد، ئەو كات دادگای توركیا فرمانی داخستنی كاتی بۆ ڕۆژنامەكە دەركرد، نزیكەی 20 پەیامنێر و نووسەر و كارمەندیشیان لێ دەستگیركردن،  ئەسلی ئەردۆغانی ژنە نووسەر و زانا كایای سەرنووسەر لەنێو دەستگیركراوەكاندا بوون.

داخستنی ڕۆژنامەكە كۆتایی بە گرفتەكانی ئەو ڕۆژنامەیە نەهێنا، چونكە لە مانگی مایۆی ڕابردوو، ڕیحان تشابانی ژنە سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەكە دەستگیركرا و تا ئێستاش لە بەندیخانەدایە، ئەو 169 تۆمەتی دراونە پاڵ، بێڕێزیكردن بە سەرۆكی دەوڵەت و ئەندامیەتی بۆ ڕێكخراوێكی تیرۆرستی، دوو لەو تۆمەتانەن كە ئاراستەی سەرنووسەری ناوبراو كراون.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر