زاناكان توانیان پێوانەی كێشی گەلەستێرەی ڕێگای كاكێشان بزانن

جیهان

14/03/2019‌ 548 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی ، كۆمەڵە زانایایەك رایانگەیاندووە، دواجار گەیشتوونەتە ئەوەی بزانن پێوانەی كێشی گەلەئەستێرەی ڕێگای كاكێشان بەهەموو ئەستێرە و هەسارە و كونە رەشەكە و ئەو غازەی لەناویدایە چەندە .
 
رۆژنامەكە بڵاویكردەوە، كە زاناكان لەڕێگای هەندێك حساباتی زۆر وردتر لە جارەكانی پێشووتر توانیویانە كێشی گەلەئەستێرەی ڕێگای كاكێشان بزانن، كە نزیكەی یەك تڕیلیۆن و پێنجسەد ملیار ئەستێرە و خۆری تێدایە.
 
زاناكان لەحسابەكایاندا هەموو ئەستێرە و خۆر و تۆزی گەردوونی و غاز و كونەڕەشەكە هەرە مەزنەكەی ناوەڕاستی گەلەستێرەكەشیان هەژمار كردووە، زاناكان دەڵێن ئەو كونە ڕەشە نزیكەی چوار ملیۆن جار لەخۆرەكەی خۆمان گەورە ترە .
 
ئەو مەزەندەیەی كەم ئەمجارەی دوایی زاناكان پێی گەیشتوون ژمارەیەكە، كە دەكرێت بەو شێوەیە تێیبگەین ، كە كێشەكە دەگاتە ٣٠٠٠ تریلیۆن تریلیۆن تریلیۆن تۆن.

ئەو ئەنجامەی بڵاوكراوەی خولاوخولی "ئەسترۆفیزیكاڵ جۆڕناڵ" بڵاویكردووەتەوە ئەوە دەردەكەوێت، كە گەلەستیرەكەی ئێمە كیشی دەگاتە ١،٥ تریلیۆن خۆر .

تریلیۆنیش ژمارەیەكە ئەگەر كەسێك بیەوێت لە یەكەوە بژمیرێت تا دەگاتە تریلیۆن ئەوە ئەوە سی هەزار ساڵی پێدەچێت . 

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكە گەلەستێرەی رێگای كاكێشان لەریزبەندی گەلەستێرەكان گەلەستێرەیەكی مامناوەندە ، كە هەندێ گەلەستێرە بچووكن كە لە ملیارێك خۆریان زیاتر تێدا نییە ، بەڵام هەندێكیان گەلەستێرەی قەبارە گەورەن و نزیكەی سی تریلیۆن خۆری تێدایە .

ئەو پێوانەیە گرنگە بۆ دیاریكردنی قەبارەی گەلەستێرەكەمان بە بەراورد بە گەلەستێرەكانی تر ، ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ دایریكردنی ماوەی نێوان ڕێگای كاكێشان و گەلەستێرەكانی تر بەپێی ساڵی رووناكیی .

زانینی راددەی گەورەیی گەلەستێرەكەمان بەوردی یارمەتیدەرە بۆ  بەئاسانی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە گەردوونییەی پێویستی بە دیاریكردنی ئەندازەی گەلەستێرەی ڕێگای كاكێشان هەیە ، وە لەڕێگای ناسینی باشتری گەردوونی نزیك ، دەتوانین بەشێوەیەكی باشتر لەو گەلەستێرانە تێبگەین كە چەند ساڵێكی رووناكی تر دوور ترن .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی