پەیامەكەی عەلی سیستانی بۆ ئێران بەدڵی ئەمریكایە

عیراق

14/03/2019‌ 4438 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق لەكۆبوونەوەی حەسەن رۆحانی سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران پەیامێكی بەتاران داوە، كە ئەو پەیامە بەدڵی ئەمریكایە.

سیستانی لەكۆبوونەوەكەی رایگەیاندووە، پێویستە سیاسەتی ناوچەكە لەگۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ھاوڕێك بێت لەگەڵ ھاوسەنگی و میانرەویدا تاوەك خەڵكی لە ناڕەحەتی و زەرەر و زیانی زیاتر بەدوور بن".

حەسەن رۆحانی و شاندی یاوەری لە سێیەمین رۆژی گەشتەكەیاندا بۆ عێراق، لەشاری نەجەف چاویان بە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق كەوت، بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیەی، كە لەلایەن نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراقەوە دەرچووە، رۆحانی باسی ئەنجامی گفتوگۆكانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی عێراق و ئامانجی سەردانەكەی لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندیی دۆستانە و دراوسێیەتی باشی نێوان ھەردوو وڵات كردووە.

لەبەرانبەردا سیستانی پێشوازی لەھەر ھەنگاوێك كە ببێتە مایەی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دراوسێكانیدا كردو رایگەیاندووە "دەبێت ئەو پەیوەندییانەش لەسەر بنەمای رێزگرتن لەسەروەری ھەردوو وڵات و دەستتێوەرنەدان لە كاروباری نێوخۆییان بێت".

ھەروەھا سیستانی ئاماژەی بە «شەڕی چارەنووسساز»ی خەڵكی عێراق بۆ وەدەرنانی داعش، كردووەو راشیگەیاندووە "خەڵكی بوێر و قارەمانی عێراق دڵسۆزیی و لەخۆبووردووییەكی زۆریان بۆ سەركەوتن بەسەر ئەم رێكخراوە تێرۆریستییە و دوورخستنەوەی ھەرەشەكانی لە ناوچەكە، پێشكەشكرد». و ناوبراو رۆڵی « دۆستانی عێراق»یشی لە بەرجەستەكردنی ئەو سەركەوتنە بەرز نرخاند".

ھەر لەو بەیاننامەیەدا ھاتووە، كە مەرجەعی باڵای شیعەكان، ئاماژەی بە «گرنگترین تەحەددییاتەكانی روو بە عێراق لەم قۆناغەدا» كرد و ئەو تەحددییاتانەشی بە « رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، چاككردنی خزمەتگوزاری گشتیی و كۆنتڕۆڵكردن و دەستبەسەرداگرتنی چەك لەلایەن حكومەت و دامودەزگا ئاسایشییەكانی»ەییەوە لەقەڵم دا. سیستانی ھیواشی خواست، كە دەوڵەتی عێراق پێشكەوتنی دڵخوازی لەو بەستێنانەدا ھەبێت.

ئەو بەیاننامەیە جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی، كە «پێویستە سیاسەتی وڵاتانی ئەم ناوچە ھەستیارە كۆك بێت لەگەڵ ھاوسەنگیی و میانڕەوییدا بۆئەوەی خەڵكی ناوچەكە زیاتر دوور لە زەرەر و زیان و ناڕەحەتیی ژیان بەسەر بەرن، كە ئەمە ئەو پەیامەیە ئەمریكا ماوەیەكی زۆرە لەئێران داوای دەكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی