رۆژنامەنووسێكی ئیسرائیلی هێرشی دەكاتە سەر
بانگخوازێكی ئیماراتی گومانی لە "سەحیحی بوخاری" هەیە

جیهان

15/03/2019‌ 2445 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بانگخوازی ئیماراتی بەناوی "وەسیم یوسف"، مشتومڕێكی زۆری دروستكردووە بەهۆی سەرلەنوێ لێدوانەكانی دەربارەی زانای بواری (فەرموودە)، "محەمەد بن ئیسماعیل (بوخاری)و تێیدا باسی ئەوەی كردووە ئەو فەرموودامەی لەو كتێبەدا هەیە جێگای گومانلێكردنە.

وەسیم یوسف لەنووسینەكانیدا لە سەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت: هەندێك لە فەرموودەكانی بوخاری لەگەڵ دەقەكانی قورئانی پیرۆزدا رێكنایەتەوە و نابێت بەو كتێبە بوترێت (گومانی تێدا نییە)، چونكە ئەگەر گومانی تێدا نەبێت، كتێبەكە دەچێتە ئاستی قورئانەوە.

ناوبراو لەو بارەیەوە ڤیدیۆیەكی زانای فەرموودە (ناصر الدین ئەلبانی) بڵاوكردووەتەوە، كە تێیدا باسی هەندێك لەفەرموودەكانی سەحیحی بوخاری دەكات، لەڤیدیۆیەكەدا دەڵێت: ئەوەی كتێبی خودا نەبێت لەنووسینی مرۆڤە، لە ئاماژەیەكدا بەوەی دەكرێت گومان لە راستی هەندێك لەو فەرموودانە بكرێت، كە دراونەتە پاڵ پەیامبەری ئیسلام (د.خ).

لەو بارەیەوە ئەكادیمیای "موزە غباش"ی ئیماراتی پێش چەند رۆژێك هێرشی كردووەتە سەر كەسایەتی بوخاری، ئەمەش مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام قسەكانی یوسف لەلایەن كەسایەتییە كۆمەڵایەتی‌و ئایینی و عەرەبییە دیارەكانەوە هێرشی توندتری كرایە سەرو تا رادەی كافر بوون بردیان.

زاحی خەلفان جێگری سەرۆكی پۆلیسی دوبەی نوسیویەتی: سەرجەم ئومەت لەسەر سەحیحی بوخاری رێكن.. بۆیە واز لەوانە بێنن، كە دەیانەوێت رۆڵی ئیمام بوخاری لەبەرچاو نەگرن.. ئەوە گوزارشتە لە ئاستی تێگەیشتنی... بە گاڵتە جاڕیەوە باس لە وەسیم یوسف دەكات و بەلێكدەرەوەیەكی باشی خەونەكانی وەسف دەكات.

ئەم هێرش كردنە تەنیا لەلایەن موسڵمانەكانەوە نەبوو، بەڵكو رۆژنامەنوسی ئیسرائیلی (ئیدی كۆهین) ئەم مشت و مڕەی قۆستەوەو هێرشی كردە سەر وەسیم یوسف و لە تویتێكدا نوسیویەتی: تەنیا دوو ئیمامە بەڕێزەكە نەبێت بوخاری و موسلیم ئەی (یوسف).. تۆ خەنجەرت لە سونەتی پەیامبەر داوە لەرێگەی خەنجەردانت لە پشتی دووەم كتێب لە ئیسلامدا لە دوای قورئان، ئەویش سەحیحی بوخارییە، كە سونەتی پەیامبەری پاراستووە.. (بوخاری هێڵی سوورە).

هەندێك كەس لێدوانەكانی رۆژنامەنوسی ئیسرائیلی بە راوكردن لەئاوی لێڵدا ناودەبەن، و جنێوە بە موسڵمانان، هەندیكی تریش بەهاوسۆزی دادەنێن لەنێو خەڵكانی كتێبە ئاسمانیەكاندا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا