پەیامی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ یادی بۆردومانی هەڵەبجە بەچەكی كیمیایی

عیراق

16/03/2019‌ 591 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری عێراق بەبۆنەی یادی كارەساتی هەڵەبجە سەرەخۆشی لەگەلی كوردستان و گەلی عێراق دەكات‌و دەڵێت: هەڵەبجە وەك رەمزی فیداكاریی‌و شایەتی دڕندەیی دیكاتاتۆرییەت دەمێنێتەوە.

لەپەیامەكەدا هاتووە: ئەمرۆ ئێمە یادی كارەساتی هەڵەبجە دەكەینەوە ، كە تێیدا بیرەوەرییەكانمان هەڵگری یادەوەرییەكی نزیكی ئازاربەخش‌و برینێكی ساڕێژ نەبوون، كە دڕندایەتی دیكتاتۆرییەت ئاوای بەجێهێشت، ئەو رژیمەی لەتاوانێكی كۆمەڵكوژیدا بڕیاریدا بە گازی كیمیایی و ژەهراوی پەلاماری خەڵكی بێتاوانی  پێبدات ، تاوانێك لەبەر گەورەییەكەی ویژدانی جیهانی هەژاند و هەموو مرۆڤایەتیشی سەرسام كرد، ئەو تاوانە تاوانێكی رەشی تر بوو لەتۆماری تاوانەكانی بەعسی سەددامی دەرحەق بە رۆڵەكانی گەلی كورد، كە وەك سەرجەم خەڵكی تری عێراق رووبەڕووی تاوانەكانی كوشتن و وێرانكردن و لەناوبردنی بەكۆمەڵ بوونەوە .

هەر لەپەیامەكەی سەرۆك وەزیران هاتووە، هەڵەبجە وەك رەمزی فیداكاریی‌و شایەتی دڕندەیی دیكاتاتۆرییەت دەمێنێتەوە ، بەڵام ئەوەی دڵخۆشمان دەكات ئەوەیە، كە دوای كارەساتی هەڵەبجە خەڵكی عێراق زیاتر بەیەكگرتوویی هاتەدەرو ئیرادەشی بۆ ڕێگری لە ستەمكاری و خۆسەپاندن زیاتر بوو ، لە تۆڵەكردنەوە لە جەللادەكان شێلگیرتر بوو .

هەروەها دەڵێت: سەربەرزیی و شكۆمەندی و نەمری بۆ شەهیدانی هەڵەبجە ، ئارامیی و دڵنەوایش بۆ كەسوكاریان ، وە لەو یادەوەری ئەو مەرگەساتەدا پرسە و سەرەخۆشیش بۆ سەرجەم رۆڵەكانی گەلی كوردمان كە قوربانیە زۆرەكانی خۆی پێشكەش بە عێراق كرد و بەوەش خوێنی قوربانییەكانی تێكەڵ بە قوربانیانی گەلی عێراق بوو ، ئەویش لەپێناو ئازادی و دیموكراسیی و بەیەكەوەژیان لە عێراقێكی یەكگرتووی سەربەخۆدا .

لەپەیامەكە ئەوەش هاتووە: داواش لە پەروەردگاری مەزن دەكەین لە سەرجەم شەهیدانی عێراق بەبەهەشتی بەرین شاد بكات ، هەرئەویش وەڵامدەرەوەی دواكاریی بەندەكانییەتی".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی