ململانێ‌ بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان چڕبووەتەوە
چەند بەرپرسێكی گۆڕان چاویان لەوەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمە

کوردستان

17/03/2019‌ 6764 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان چاویان لەوەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانەو لەو چوارچێوەیەش ململانێكان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان چڕبووەتەوە.

بەپێی رێككەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ پارتی دیموكرات پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و چوار وەزارەت‌و چەند دەستەو بەرێوەبەری گشتی‌و نوێنەرایەتی دەرەوە، لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەر بزووتنەوەكە دەكەوێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، چەند بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان چاویان لەوەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمە، كە دیارترینیان مستەفای سەید قادرو محەمەد تۆفیق رەحیمن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەشێكی زۆر لەئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ ئەوەن مستەفای سەید قادر پۆستەكە وەربگرێت، بەڵام محەمەد تۆفیق رەحیم لەچەند كۆبوونەوەیەكی ناوخۆیی جەختیكردووەتەوە، كە خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم.

ئەمە لەكاتێكدایە، رۆژی شەممە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆبووەوەو چەند راسپاردەیەكی دایە جڤاتی گشتی بزووتنەوەكە، بۆ ئەوەی میكانیزمێك بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان دابنێت‌و بڕیاریشە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ یەك شەممە كۆببێتەوە.

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە راسپاردەكانی جڤاتی گشتی گۆڕان بەشێوەیەك بووە، لیژنەیەك لەلایەن جڤاتی نیشتمانی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان دروست بكات‌و لیژنەكەش هەڵسەنگاندن بۆ سیڤی ئەو كەسانە بكات دەیانەوێت پۆستەكان وەربگرن، دواتر بەدەنگدانی جڤاتی نیشتمانی كاندیدەكان یەكلابكرێنەوە.

جگە لەپۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، گۆڕان پۆستی وەزارەتەكانی دارایی‌و ئاوەدانكردنەوەو كارو كاروباری شەهیدان‌و بازرگانی‌و بریكارەكانی وەزارەتەكانی پێشمەرگەو پەروەردەو سامانە سروشتییەكان‌و دەستەی دەستپاكی‌و جێگری سەرۆكی دەستەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی‌و دوو نوێنەرایەتی وەردەگرێت.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە ئێستا لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كاندیدەكان، ململانێكان بۆ كاندیدبوون زۆرتر بوون‌و دیاریش نییە، كە جڤاتی نیشتمانی چ میكانیزمێك دیاریدەكات بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان.

هـ ـ ح