شەڕی سیخوڕی لەنێوان چین‌و ئەمریكا پەرە دەستێنێت

جیهان

17/03/2019‌ 815 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
وەزارەتی دادی ئەمەریكی لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، یەكێك لە سیخوڕەكانی پێشووی دەزگای هەواڵگری سەربازی وڵاتەكەی دانی بەوەداناوە، كە بۆ بەرژەوەندی چین كاری كردووە.

رۆكویڵ هانسن تەمەن (٥٨ ساڵ) لە ٤ی حوزەیران لەكاتی رۆیشتنی بۆ فرۆكەخانەی سیاتڵ دەستگیركرا ، كە بەرنامەی هەبوو بەكۆمەڵێك بەڵگەنامەی نهێنی سەربازییەوە  بەرەو چین بڕوات.
 
بەگوێرەی ئاژانسی "فرانس پرێس" هانسن دانی بەوەداناوە، كە لەساڵی ٢٠١٤ وە پەیوەندیی بە هەواڵگری چینییەوە كردووە ، بەگوێرەی ئەوەی وەزارەتی داد روونیكردووەتەوە، هانسن لە دانپێدانانەكەیدا رایگەیاندووە، بەرانبەر سەدان هەزار دۆلار زانیاری هەواڵگری نهێنی تایبەت بەپیشەسازیی سەربازی داوەتە چین .
 
هەروەها لەساڵی ٢٠١٦ هانسن هەوڵیداوە هاوپیشەیەكی خۆی، كە زانیاریی زۆر گرنگ و بەبەهای لەسەر ئامادەكاریی سەربازیی ئەمەریكا پێبووە، وەك خۆی بۆ دەزگای هەواڵگری چینی كار بكات .
 
سەرەتا سیخورەكە وای خۆپیشانداوە، كە رازی بووە ئیش بۆ چینییەكان بكات ، بەڵام بۆ ئەم كارە هەواڵگری ئەمەریكای ئاگاداركردووەتەوە ، تا توانیویەتی لەڕێگای پێدانی هەندێك زانیاری، كە داوایلیكرابوو هانسن بخاتە تەڵەوە و دەستگیر بكرێت.

وەزارەتی دادی ئەمەریكی راشیگەیاندووە، هانسن زانیویەتی ئەو زانیارییانەی ئەو دەیبەخشێت بە چینییەكان دەكرێت دژ بەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەكارنهێنرێت .

هانسن خۆی دانی بەوەداناوە، كە تاوانبارە بە گواستنەوەی زانیاریی نهێنیی بۆ چین ، ئەمەش وادەكات ئەو سیخوڕە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بەند بكرێت.

ئەوەش یەكەم بەرپرسی ئەمەریكایی نییە، كە بەتۆمەتی فرۆشتنی زانیاری نهێنیی دەستگئر كراوە، بەڵكو  لەكانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا شۆن شینگ سیخوڕی پێشووی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمەریكییان دەستگیر كرد بەتۆمەتی سیخوڕییكردن لەبەرژەوەندی چین . 

لەساڵی ٢٠١٧ كیڤن مالوری بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە هەمان تۆمەت دەستگیر كرا ، هەر هەمان ساڵ كاندیس ماری كلیبۆرن دەستگیر كرا ، دوای ئەوەی دەركەوت كە پەیوەندی نهێنیی هەبووە لەگەڵ سیخوڕە چینییەكان .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
سەرچاوە: پێگەی ئەلیكترۆنی  sputnik