"كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی رێگرن"
راوێژكارێكی بارزانی یەكێتی بەدواخستنی پێكهێنانی حكومەت تۆمەتباردەكات

کوردستان

18/03/2019‌ 2631 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كیفاح مەحمود راوێژكاری سیاسی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات رایگەیاند، دوای ئەوەی هەردوو حیزبی گەورەی هەرێم (پارتی‌و یەكێتی) لەسەر  لێكتێگەیشتنێك ریككەوتن بەجۆرێك هەموو لایەك پێی رازیبن ، ئێستا ڕێكەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی هەرێم لەهەموو كات زیاتر نزیكترە، باسی لەوەش كردووە كە هەردوو پۆستی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم تاراددەیەك یەكلایی بوونەتەوە.

مەحمود ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردەنەكان لەهەرێم بانگهێشتی لایەنە كوردییەكانی كردووە تا دەست بە گفتوگۆ بكەن ، كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و هەندێك لایەنی بچووكی دیكە بەدەم ئەو داواكارییەوە هاتن. 

سەبارەت بە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان یەكێتی و پارتی ، راوێژكارەكەی بارزانی رایگەیاندووە، هەندی ناكۆكی بچووك  لەسەر  دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان هەیە ، ئەوە جگە لەوەی یەكێتی دەیەوێت ڕێكەوتنی لەگەڵ پارتی بەیەك پاكیچ باسی پۆستەكانی هەرێم و بەغدا بكرێت ، كە پارتی پێیوایە ئەوە دوو بابەتی جیاوازن .

هەروەها رایگەیاندووە، كە نەخشەی سەرۆكایەتییەكان لە هەرێم بەو جۆرەیە، كە پارتی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت كاندید كردووە ، هەروەك پارتی وەك خاوەن گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی نێچیرڤان بارزانیشی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم كاندید كردووە ، ئەوەش وەڵامدانەوەیەكی باشی هەبوو لەلای هەردوو هێزی گەورەی یەكێتی‌و گۆڕان‌و لایەنەكانی تریش.

كیفاح مەحمود ئەوەشی راگەیاندووە، لەم دواییە بەهۆی كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی، كێشەیەكی گەورە لەناو ئەو حیزبە درووست بووە، ئەو كێشەش خۆی لەفرە بڕیاریی لەناو یەكییەتیدا دەبینێتەوە ، بۆیە ئێستا تۆپەكە لەگۆڕەپانی ئەواندایە ، چونكە دوای ئەوەی مەسعود بارزانی رەزامەندی پیشاندا لەسەر ئەوەی پۆستی پاریزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت ، بەڵام ئەوان خۆیان لەسەر دیاریكردنی كەسێك بۆ ئەو پۆستە ڕێكناكەون ، هەروەك لەسەر دیاریكردنی كەسێكیش بۆ پۆستی وەزیری داد رێكناكەون ، بەهۆی سووربوونیشیان لەسەر ئەوەی، كە هەر دەبێت پۆستی وەزیری دادی عێراقی  بۆ ئەوان بێت ، ئەوەش وادەكات كە بوترێت تۆپەكە ئێستا لە گۆرەپانی ئەواندایە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی