شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵا ئاڵی
پێگەی Worldometer پسپۆر لەبواری سەرژمێری دانیشتووانی جیهان، ئاشکرای کردووە، ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٠،٥%ی ژمارەی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنێت.
پێگەکە کە تایبەتە بە سەرژمێریی و زانیاریی دانیشتووان و دیمۆگرافیاو ئابووریی جیهان، باسی لەوەکردووە عێراق لەرووی ژمارەی دانیشتووانەوە لەکۆی ١٩٥ دەوڵەتی جیهان (بە فەلەستین و ڤاتیکانەوە) پلەی ٣٦ی هەیە، هەروەک لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبییش پلەی سێیەمی هەیە، بەجۆرێک ژمارەی دانیشتووانی لە ساڵی ٢٠١٩ گەیشتووهتە٤٠ ملیۆن و ٤١٢ هەزار و ٢٩٩ کەس.
هەرچی پەیوەندی بە ژمارەی دانیشتووانی جیهانەوە هەیە پێگەکە دەڵێت، ژمارەی دانیشتووانی جیهان گەیشتووهتە ٧ ملیار و ٦٨٣ ملیۆن و ٧١٧ هەزار کەس، چینیش بە ملیارێک و ٤٢٠ ملیۆن و ٦٢ هەزار کەس گەورەترین دەوڵەتە لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە، دوای ئەو هیندستان دێت کە ژمارەی دانیشتووانی ملیاریک و ٣٦٨ ملیۆن و ٧٣٧ هەزار کەسە.
پێگەکە رایگهیاندووه، میسر زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی هەیە لەناو وڵاتانی عەرەبیدا کە دەگاتە ١٠١ ملیۆن و ١٦٨ هەزار کەس، دوای ئەو سودان ٤٢ ملیۆن و ٥١٤ هەزار کەس، دوای ئەو عێراق دێت.
پێگەی «Worldometers” لەلایەن تیمێکی نێودەوڵەتیی لە شارەزا و توێژەر سەرپەرشتیی دەکرێت، ئامانجیش لێی پێشکەشکردنی سەرژمێریی جیهانییە، خاوەندارێتییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای "Dadax"، لەلایەن کۆمەڵەی کتێبخانە ئەمەریکیەکان وەک یەکێک لە باشترین پێگە لێڤەگەڕە خۆڕاییەکان هەژمار کراوە.