شارپرێس: مزگەوتی "نوور " یەكێك بوو لەو دوو مزگەوتەی، كە رۆژی ١٥ی ئازاری ٢٠١٩ كەوتە بەر هێرشێكی چەكداری، كە بەهۆیەوە نزیكەی ٥٠ كەس گیانیان لەدەستدا . مزگەوتی نوور دەكەوێتە شاری كرایس چەرچ واتە "كڵێسای مەسیح " لەئەوسەری رۆژهەڵاتی نیوزلەندا ، ناونانیشی بەناوی "نوور" بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە یەكەم مزگەوتە لەجیهاندا بەیانیان رۆژی لێهەڵدێت ، هەموو رۆژێك پێش هەموو مزگەوتەكانی دنیا بانگی تێدا دەدرێت و نوێژی تێدا دەكرێت . مزگەوتەكە بە كۆنترین و گەورەترین مزگەوتەكانی نیوزلەندا دادەنرێت ، وەك پەناگەیەكیش وایە بۆ خەڵك و كۆمەڵگەی پەنابەری مسوڵمان ، لەبەرئەوەی ساڵانە دەتوانێت پێشوازیی لەزۆرترین ژمارەی پەنابەر بكات . سەرچاوەیەك باسی لەوە كردووە، كە یەكێك لە بانگخوازە سعوودییەكان لەبارەی گەشتو گەرانەكانی لە جیهاندا پرسیاری لەمحەمەد بن ناسر ئەلعەبوودی ئەمینداری گشتی پێشووی رابیتەی جیهانیی ئیسلامیی كردووە ، ئەویش وتوویەتی: ئەو مزگەوتە پێش ٣٠ ساڵ ، لەسەر داوای مەلیك فەهدی پاشای سعوودییە من درووستم كردووە ، هەموو بەڵگە فەرمییەكانیشم لەسەر ئەوە لەبەردەستە. دواتر عەبوودی بە رۆژنامەی " سبق"ی وتووە، ئەوكاتە كە ئەو بانگخوازە ئەوەی بەمن وت: من یاریدەدەری ئەمینداری رابیتەی زانایانی مسوڵمان بووم ، ئەوكاتیش كۆمەڵەیەكی نیوزلەندیی هەبوو ، كۆمەڵەیەكی ناوخۆیی و ناسراو بوو لەو وڵاتە ، خەریكی كۆكردنەوەی كۆمەك و یارمەتی بوو بۆ درووستكردنی مزگەوتێك لەوێ ، ئێمەش لە سعوودیە و لەڕێگای رابیتەكەی خۆمانەوە یارمەتیماندان . عەبوودی لەكۆتاییدا وتوویەتی من ئاگاداری وردەكاری درووستكردنەكەی بوومو دوای تەواو بوونیشی لەكاتێكدا بەرەو زەریای هێمن لەسەفەردا بووم بەوێدا رەت بووم ، ئەوانیش پێیان گوتم چونكە تۆ هەوڵتداوە بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و یارمەتیی بۆ درووستكردنی ئەم مزگەوتە، ئەوە دەبێت لەلایەن تۆوە بكرێتەوە ، یەكەم كردنەوەش لەنێوان ساڵەكانی ١٩٨١ بۆ ١٩٨٥ بوو من كردمەوە . پێگەی كۆمەڵەی ئیسلامی لە نیوزلەندا دەڵێت: یەكەم دەستەی ئەو مسوڵمانانەی هاتوونەتە نیوزلەندا لەساڵی ١٨٧٤ لە چینەوە هاتوون و بۆكاركردن لە كانە زێرەكان ، بەڵام لەساڵی١٩٥٠ دا ئەو وڵاتە ١٥٠ مسوڵمانی لێبووە ، یەكەم ڕێكخراوی ئیسلامیش هەر ئەوكاتە درووستكراوە ، دوای ماوەیەك ژمارەیەك پەنابەر لە بوڵگاریا و یوگوسلاڤیا و ئەلبانیاوە هاتن ، دوای ئەم ماوەیە لەساڵی حەفتاكاندا مسووڵمان بوونی خەڵك دەستیپێكرد ، بەگوێرەی سەرژمیرییەكانی ساڵی ٢٠٠٦ لەكۆی ٣٨٨ هەزار دانیشتوانی ئەو وڵاتە نزیكەی ٣٧ هەزار كەسیان مسوڵمان بووە . وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی