شارپرێس:
كۆریای باكوور ڕووبەرووی گەمارۆیەكی ئابووریی زۆر توند بووەتەوە ، ئەوەش وادەكات هەندێك كەس پرسیاری ئەوە بكەن، كە لە ڕەوشێكی لەو جۆرەدا سەرچاوەی داهاتی ئەو وڵاتە چییە؟ بەڵام بەدڵنیایی كۆریای باكوور سەرچاوەی داهاتی جیاوازی هەیە.
راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن، كە حكومەتی كیم جۆنگ ئۆن دەیەوێت هەندێك گۆرانكاری لە ئابووریی وڵاتەكەیدا ئەنجام بدات ، رۆژنامە ناوخۆییەكانی كۆریاش لەجیاتی دەستەواژەی "چاكسازی" دەستەواژەی "باشكردنی سیستەمی ئیدارەدانی ئابووری" بەكار دەهێنن .
ئەندریە لانكۆڤ شارەزای رووسی لە كاروباری كۆریای باكوور لە رۆژنامەی " ئەزڤیستیا" ی رووسی بابەتێكی نووسیوە و تێیدا دەڵێت " یەكەم قۆناغی چاكسازییەكان لە كۆریا ساڵی ٢٠١٣ دەستی پێكرد ، بەجۆرێك سیستەمی كشتوكاڵی لە كۆریای باكوور لەسەر بنەمای " گرێبەستی خێزانییەكان" بنیاد نرا ، بەجۆرێك دەوڵەت پارچەیەك زەوی بۆماوەیەكی درێژ بۆ خێزانێك تەرخان دەكات ، لەبەرانبەردا دەوڵەت لەسەدا ١٠ بۆ لەسەدا ٣٥ ی بەرهەمەكەی وەردەگرێت ، جوتیارەكانیش ئەوەی دەمێنیتەوە دەتوانێت بەئازادی لە بازاڕ مامەلەی پێوە بكات.
لانكۆڤە دەڵێت: ئەو چاكسازییە یەكەم بەرهەمی لەساڵی ٢٠١٦ دەركەوت كاتێك سەرەرای ئەو هەموو كۆتوبەندە دەرەكییەی خراوەتە سەری ، بەرهەمی ناوخۆیی كۆریا بۆ یەكەمجار لەساڵی ١٩٩٩ وە ٣،٩% گەشەی كرد
لەم ماوەیەی دوایی چەند راپۆرتێكی سەرنجراكێش لە كۆریای باكوورەوە بڵاوكرایەوە كە باسی گرانبوونی شمەكە بەكاربەرییەكان دەكرد ، ئەوە لەكاتێكدا نرخی دانەوێڵە لە كۆریای باكوور دا بەئاستێكی پێوانەیی دابەزیوە ، ئەوەش وادەكات هیچ مەترسییەكی برسییەتی لەو وڵاتە نەمینێت وەك ئەوەی لە ناوراستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو روویدا.
بەپێی داتاكانی " بانك كۆریا" ئابووری كۆریای باكوور ئەساڵ ٣،٥ داكشاوە ، ئەوەش خەریكە ئەو گەشەكردنە پێوانەییەی ٣،٩% ساڵی رابردوو بەدەستی هێنابوو لەدەستی بدات، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گەمارۆ ئابوورییە قورسانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی وەك وەڵامێك بۆ تاقیكردنەوە موشەكییەكانی پیۆنگ یانگ خستییە سەری ، ئەوە سەرباری پاشەكشەی بازرگانییكردن لەگەڵ چین كە ٩٠% بازرگانیی دەرەكیی كۆریای باكوور پێكدەهێنێت .
هەندێك لە شارەزایانی كۆریای باشوور دەڵێن ئابووریی كۆریای باكوور سەرەرای ئەو هەموو گەمارۆ ئابوورییانەی خراوەتە سەری بەڵام هێشتا لەسەر پێیەكانی خۆی وەستاوە ، بەڵام هەندێكی تر تێروانینێكی پێچەوانەیان هەیە و دەڵێن بەهۆی نەبوونی داتای پێویست لەسەر ئابووریی كۆریای باكوور ئەو تیروانینە تەواو نییە .
سەرەرای ئەوەی سەرۆكی كۆریای باكوور هەرگیز بەئاشكراو راستەخۆ سكاڵای لە خراپی ئابووری وڵاتەكەی نەبووە ، بەڵام لەراستیدا لەژێر باری ئەو هەموو گەمارۆ ئابوورییە قورسەدا ناتوانرێت بگوترێت ئابووریی كۆریای باكوور ئابوورییەكی باشە .
راستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە كە درووستكردنی هەر هێوایەك بە چاكبوونی ئابووری كۆریای باكوور بەپلەی یەكەم پەیوەستە بە لابردن یان سووككردنی سزا ئابوورییەكان ، كە لەدوای دیداری نیوان ترامپ و كیم جۆنگ ئۆن ئەوە بەدی نەهات ، بەپێچەوانەوە رۆژنامەكان باسیان لە توندكردنی گەمارۆكان دەكرد ، چەندین جاریش سەرۆكی كۆریای باكوور گوتوویەتی كە كاری سەرەكیی و لەپێشینەی باشكردنی ئابووری وڵات و ژیانی رۆژانەی گەلەكەیەتی .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
