شارپرێس:
نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری دورخراوه‌ی كه‌ركوك رایگه‌یاند، ئه‌و رۆژه هه‌ردێت كه "به‌سه‌ربه‌رزییه‌وه" ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ كه‌ركوك.
نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری دورخراوه‌ی كه‌ركوك ئه‌مڕۆ له‌میانی به‌شداریكردنی له مه‌راسیمی جه‌ژنی نه‌ورۆز له میحوه‌ری پردێ رایگه‌یاد، "له نه‌ورۆزدا پێویسته ئاڵای كوردستان هه‌ڵبكرێت رۆژێك هه‌ر دێت كه به‌سه‌ربه‌رزییه‌وه بگه‌ڕێینه‌وه كه‌ركوك".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له ساڵانی پێشوودا به بۆنه‌ی ئاهه‌نگی نه‌ورۆز سه‌رله‌به‌ری شاری كه‌ركووكمان به ئاڵای كوردستان ده‌ته‌نی، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یبینین، كه ته‌نیا بۆ ماوه‌ی كاتژمێرێك مۆڵه‌تمان پێ ده‌درێت و ده‌بێت به‌ڵینیشیان پێ بده‌ین، كه ته‌نیا ئاڵای كوردستان به‌ده‌ستمانه‌وه ده‌بێت و هه‌ڵناكه‌ین، له كاتی ته‌واوبوونی ئاهه‌نگیش ئه‌و ئاڵایه ده‌بێت له‌گه‌ڵ خۆمان ببه‌ینه‌وه".
نه‌جمه‌دین كه‌ریم راشیگه‌یاند، "ئێمه له‌م رۆژه‌دا به‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌یانگوت ئاڵای كوردستان ته‌نیا په‌ڕۆیێكه ده‌ڵێین، ئاڵای كوردستان ئه‌و ئاڵایه‌یه كه پێشمه‌رگه هه‌ڵیده‌كرد و له شه‌ڕی دژ به داعش له ژێر سایه‌ی ئه‌و ئاڵایه به‌رگری له كوردستان ده‌كرد، بۆیه پێویسته ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و قسانه‌یان ده‌كرد و به‌شداربوون له راده‌ستكردنی كه‌ركووك، داوای لێبوردنی له دایك، هاوسه‌ر و منداڵی شه‌هید بكه‌ن".