چاوەڕێ دەکرێت لەماوەیەکی نزیکدا موقتەدا سەدر هەڵوێستیکی سیاسیی نوێ رابگەیەنێت

عیراق

20/03/2019‌ 1148 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس.. ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی:

 لەکاتێکدا بارودۆخی سیاسیی وڵات بە قۆناغێکی دژواردا تێپەڕ دەبێت بەئامانجی تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی عادل عەبدول مەهدی ،لموقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر ماوەی ٥٠ رۆژە لەسەر گۆەپانی سیاسیی و میدیایی بزرە ، نووسینگەکەشی بەدرێژایی ئەو ماوەیە لەباسکردنی هۆکاری نادیاری سەدر بیدەنگی هەڵبژاردووە ، ئەوە لەکاتێکدا پێشتر موقتەدا سەدر بەشیوەیەکی نیمچە رۆژانە قسەی لەسەر هەڵبژاردنی وەزیری تەکۆنۆکرات دەرکرد بۆ تەواوکردنی کابینەی حکوومەت .


کەسێکی نزیکی موقتەدا سەدر کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکریت ئەو ماوەیەی کە سەدر تێیدا بزرە بە دوورەپەرێزی سیاسی" ناوبردووە ، ئەو دوورەپەرێزییەشی بۆ دوو هۆکار گەراندۆتەوە ، یەکەمیان پەیوەندی بە رەوشی تەندرووستیی موقتەدا سەدرەوە هەیە  ، دووەمیان  تەواوکردنی کابینەی حکوومەت و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت .


 ئەو کەسە نزیکەی موقتەدا سەدر  گوتوویەتی کە ئەو دووروپەریزییە سیاسییە لەچەند رۆژی داهاتوودا بە " هەڵوێستی سیاسی " کۆتایی پێدێت ،  هەڵویستە سیاسییەکەی سەدریش  بەگوێرەی ئاستی جیبەجیکردنی  بەرنامەی حکوومەت و تەواوکردنی کابینە وەزارییەکە جیاواز دەبێت.


عەبدول مەهدی بەرنامەی حکوومەتی بۆ سێ بەش دابەش کردبوو ، خێرا و مامناوەند و دوورمەودا ، بەرنامەی خێرای حکوومەت لەنێوان سێ مانگ بۆ شەش مانگ دەخایەنێت ، کە بەشێکی زۆری ئەو بەڵێنانەی لەکاری لەپێشینەی پێکهێنانی حکوومەتدا بوون  تائێستا جێبەجێنەکراون.


ئەو سەرچاوە نزیکەی سەدر  قسەی بۆ پێگەی " ئەڵترا عێراق" کردووە گوتوویەتی کە سەدر نزیکەی مانگیک دەبێت لە یەکیک لە نەخۆشخانەکانی بەیرووت نەشتەرگەریی لابردنی پەنکریاسی بۆ کراوە ، تائیستاش هەر لە بەیرووت ماوەتەوە ، بەڵام باری تەندرووستی جێگیرە و زۆر باشە ، هۆکاری نەبینینی حەسەن روحانی سەرۆکی ئیرانیشی بۆ ئەوە گەرادەوە کە ئەوکاتەی روحانی سەردانی نەجەفی کردووە موقتەدا سەدر هەر لە بەیرووت بووە.


ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە تائیستا سەرد هەر لە قۆناغی دوورەپەریزی سیاسیدایە و چاوەڕێی کارەکانی حکوومەت دەکات دەیەوێت بزانێت حکوومەت لەجێبەجیکردنی بەڵێنەکانی دەگاتە کوێ ، بۆ ئەوەش مۆڵەتێکی دیاریکراوی داناوە ، ئەگەر هات و عەبدول مەهدی نەیتوانی بەڵێنەکانی بەجێبگەیەنێت  ئەوکات سەدر کۆتایی بە دوورەپەرێزییە سیاسییەکەی دەهێنێت و هەڵوێستی خۆی لەسەر حکوومەتی عەبدول مەهدی رادەگەیەنێت ، کە رەنگە لەڕێگای خۆپیشاندانی جەماوەرییەوە گوشار لەسەر حکوومەت درووست بکات تا چاکسازیی بکات و حزب و کوتلە سیاسییەکانیش ناچار بکات کە عەبدول مەهدی دەستکراوە بکەن بۆ  ئەو وەزیرانەی لەلایەن حزبە سیاسییەکان سەپێنراون یان عەبدول مەهدی خۆی هەڵیبژاردوون بیانگۆڕێت تاوەکو  بتوانێت چاکسازییەکان بەجێبگەیەنێت .


لەم کاتەشدا جەعفەر محەمەد باقر ئەلسەدر سەردانی بەغدای کرد و چاوی بەهەندێ لە لایەنە سیاسییەکان کەوت،  وەک حەیدەر ئەلعیبادی سەرۆک وەزیری پێشوو ، محەمەد ئەلحەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ، حەمار ئەلحەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە ، کە چاودێران پێیان وایە پەیامی موقتەدا سەدری گەیاندۆتە ئەو لایەنانە ، بەتایبەت لە دیداری لەگەڵ ئەلحەلبووسی مەبەستی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت و کۆتاییهێنان بووە بە بەڕێوەبردنی حکوومەتە بە وەکالەت ، ئەوەش بەپێی ئەوەی لە بەیاننامەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەماندا هاتووە .


موقتەدا سەدری سەرۆکی رەوتی سەدر لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ مۆڵەتێکی یەک ساڵی دا بە عادل عەبدول مەهدی تاوەکو بیسەلمێنیت لە سەرکەوتوو بووە لە جیبەجیکردنی بەڵێنەکانی بەرانبەر بە گەلی عێراق ، ئەگینا با چاوەڕێی راپەرینی خەڵک بێت.


سەدر لە تویتێکیدا گوتی " لەسەر ئەوە ڕێککەوتووین کە ماوەی ساڵێک مۆڵەت بدرێت بە عەبدول مەهدی تاوەکو بیسەلمینێت سەرکەوتوو بووە بەرانبەر بە خوا و بەرانبەر بە گەلی عێراق ، کە لەسەر بنەمایەکی درووست و بەئاراستەیەکی راست و لێبراو  بەرەو بنیادنانەوەی عێراق هەنگاو بنێت " ، هەروەک موقتەدا لە تویتەکەیدا دەڵێت " یان بەشێوەیەکی تەواوەتی سەردەکەوێت لە چاکسازییەکانیدا ، یاخود گەل بەتەواوەتی لەدژی رادەپەڕێت " .