ئەو پەیامەی سەرجەم سەرکردەکان لەنەورۆزدا کردویانە بە کلتور و دەیڵێنەوە

کوردستان

20/03/2019‌ 1441 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس.. هۆرڤان رەفعت
سەرکردەی سەرجەم لایەنەکان بەبۆنەی نەورۆزەوە ساڵانە یەک پەیامی هاوبەشیان هەیە و وەکو کلتوریک دوبارەی دەکەنەوە

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی ئازاری ٢٠١٩ لە زۆرینەی شارەکانی کوردستان ئاهەنگی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی بەڕێوەچو.

سەرکردەی سەرجەم پارت و لایەن سیاسییەکانیش وەکو نەریتی ساڵانەی دیکەیان پەیامی پیرۆزبایی نەورۆزیان بڵاوکردەوە.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە پەیامی سەرجەم سەرکردەی پارت و لایەنە جیاوازەکان یەک پەیامە و یەک داوکارییان هەیە، هەروەها هەمان ئەو پەیامانەیە کە ساڵانی ڕابردو بڵاویانکردووەتەوە، ئەوەی کە جیاوازە تەنها بەرواری سەر پیرۆزبایی نامەکانە، بەڵام ناوەڕۆک و پەیامەکەی هاوبەش و دوبارەیە.

 

پەیامی چوار سەرکردەی سیاسی بەنمونە.. 

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەپەیامێکدا ڕایگەیاندوە "به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌ پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم له‌ یه‌ک به‌یه‌کتان ئه‌‌که‌م و خوازیارم له‌ که‌شێکی خۆشی به‌هاری و له‌ سایه‌ی ئارامیدا نه‌ورۆز و سه‌یران و خۆشیه‌کانتان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن".
د. بەرهەم ساڵح لە پەیامەکەیدا وتویەتی "هیوادارم ئه‌م یاده‌ وامان لێبکات ئاشته‌وایی و به‌رژه‌وه‌ندی و چاکه‌ی گشتی بخه‌ینه‌ شوێنی ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی، لێبوردن و ماف و داخوازی خه‌ڵک بکه‌ینه‌ بنه‌مای کارو گوفتارمان".

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردسان لەپەیامێکدا ڕایگەیاندوە "بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنی بەهار و نوێبوونەوەی سرووشت گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی كوردستان دەكەم".

مەسعود بارزانی لە دریژەی پەیامەکەیدا وتویەتی "جەخت لەسەر پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان دەكەینەوە و ئومێدی قووڵتربوونی ئەو فەرهەنگە بەهادارەی گەلی كوردستان دەخوازین هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێكێك بۆ ئاسوودەیی هەموو خەڵكی كوردستان و ئومێد دەكەم ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەكان بە كامەرانی".

هاوکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان لەپەیامێکدا ڕایگەیاندوە "جەخت دەکەینەوە لەسەر کولتووری پێکەوەژیان، لێبووردەیی، تەبایی، خۆشەویستی و هەوڵی خاوکردنەوەی دەمارگرژییە کردووەتەوە و دەڵێت " نەورۆز لە بنەڕەتەوە خاوەن و هەڵگری ئەو کولتوورەیە".

هەروەها قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت رایگەیاندوە "پێویستە كوردان رێگە نەدەن جیاوازی سیاسیی و بۆچون درز و کەلێن بخاتە نێوانیانەوە، دەشڵێت، هەموو کورد ئەندامی خێزانێکی گەورەترن کە ئەویش کوردستانە".

سەرجەم سەرکردەکانی دیکە پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش بە هەمان شێوە پەیامی پیرۆزبایی نەورۆزیان ناردوە و وشەکانی "یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوە ژیان و لێبوردەیی" هاوبەشە لە پەیامەکانی سەرجەم سەرکردەکاندا،

بەرای چاودێرانی "ئەمە بووەتە جێگای سەرنج کە سەرکردەکان هەموو ساڵێک هەمان پەیام بڵاو دەکەنەوە بەڵام لە کردارەکانیاندا پێچەوانەی تەبایی و ئەو ریککەوتنەیە کە خۆیان باسی دەکەن".

هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش باس لەوە دەکرێت "ئەو پەیامانەی سەرکردەکان جگە لە جیبەجێ کردنی نەریتێک لە ساڵانی ڕابردودا نەیتوانیوە بەشێوەیەکی دروست رۆحیەتی تەبایی و پێکەوە کارکردن و پێکەوە ژیان بچەسپێنێت، بەڵکو تەنها وەکو کلتورێکە بڵاو دەکرێتەوە".

هـ ـ ب