شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی پزیشكی ئەوەی دەرخستووە، كە لەبیرچوونەوەی بەردەوام بەڵگە نییە لەسەر نەزانی و دەبەنگی، یان بوونی گرفتێكی هۆشەكی لای كەسەكە، وەك ئەوەی لای زۆربەی خەڵك بۆی دەچن، بەڵكو بەپێچەوانەوە ئاماژەیەكە بۆ زیرەكی و توانایەكی لەڕاددەبەدەری عەقڵیی ئەو كەسە بۆ ڕێكخستنی كارەكانی.
ئەو لێكۆڵینەوەیە، كە زانایانی زانكۆی " تۆرینتۆ" ی كەنەدی پێیهەستاون و رۆژنامەی "ئیندیپێندێنت"ی بەریتانیایی بڵاوی كردووەتەوە دەڵێت "لەبیرچوونەوە بەڵگەیە لەسەر توانایەكی گەورەتری مێشك و ئاماژەیەكیشە لەسەر زیرەكیی كەسەكە ، نەوەك وەك ئەوەی فلیم و بەرنامە تەلەفزیۆنییەكان برەوی پێدەدەن كە بەڵگە بێت لەسەر دەبەنگی و نەزانیی" .
ئەنجامی لیكۆڵینەوەكە دەشڵێت "زۆر زیادەرەوی كراوە لە بابەتی بیرەوەریی زۆر بەهێز ، لەكاتێكدا لەبیرچوونەوە گەلێك سوودی بۆ مرۆڤ هەیە" .
هەروەها پرۆفیسۆر بلیك ریچارد ، یەكێك لە ئامادەكارانی لێكۆڵینەوەكە دەڵێت: "زۆر گرنگە مێشك بابەتە كەمبایەخەكانی لەبیر بچێتەوە و زیاتر بیرجەمی ( تركیز) ی بخاتە سەر ئەو بابەتانەی یارمەتیمان دەدات لەوەی بڕیارە گرنگەكانی ژیانمان بدەین ".
ڕیچارد ئەوەش دەڵێت "ئەگەر ئێمە پاریزگاری لەو وردەكاریانە بكەین كە سوودیان بۆ ژیانی رۆژانەمان نییە ، رەنگە ببێتە ئاستەنگە لەبەردەم ئەوەی بڕیاری درووست بدەین " .
ریچارد ئامۆژگاریمان دەكات بەوەی مێشكمان بۆ پارێزگاریكردن لە بابەتە گرنگەكان بەكاربهێنین و لێگەڕێین ئەو شتانەی كەمبایەخ و نەرێنین بڕۆن و دەرفەت بۆ شتە باشەكان بكەنەوە.
لێكۆڵینەوەكە جەختی لەوە كردۆتەوە كە لەبیرچوونەوە نیشانەیەكی باشە بەوەی مێشك ئەو شتانە دەپارێزێت كە گرنگ و باشن ، هەر ئەوەش پێویستە .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی