ڕێگای تاران دیمەشق قەیرانێكی نوێ لەنێوان هەولێرو بەغدا دروست دەكات

کوردستان

23/03/2019‌ 4278 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتێكی رۆژنامەوانی باس لەوە دەكات، كە عوسمان غانمی سوپاسالاری عێراق یەكەم هەنگاوی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆبوونەوەی سێقۆڵی سوپاسالاری هەرسێ وڵاتی عێراق و ئێران و سوریای دەستپیكردووە .

بەگوێرەی پێگەی "ئەلقودس ئەلعەرەبی" راپۆرتێك، كە پشتی بەهەندێك سەرچاوەی عێراقی بەستووە باس لەوە دەكات رۆژی ٢١ ی ئازار عوسمان غانمی سوپاسالاری عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی موسڵ‌و نوێنەری حكومەت و هەندێك كەسایەتی سیاسی لەشنگال كۆبوونەتەوە ، ئەوەش بەئامانجی كێشانی هێڵی سەرەتایی ئەو ڕێگایەی تاران بەدیمەشقەوە دەبەستێتەوە.

پلانەكە بەشێوەیەكە، كە ئەو رێگەیە دەشتی نەینەوا دەبڕێت و بەهەندێك ناوچەش تێدەپەڕێنێت، كە ئێستا لەژێر دەستی كوردایە، بۆیە ئەوەش سەرەتای كێشەیەكی نوێ‌ لەنێوان هەولێرو بەغدا دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش كردووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لەڕێگاكانی كۆتاییهێنان بە بوونی دوو دەسەڵاتی لەناوچەكانی دەشتی نەینەوا كراوە ، كە تێێدا عوسمان غانمی جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی دۆسیەی ئەمنیی شنگال وەردەگرینەوە و كۆتایی بە بوونی فرەچەكداری لەناوچەكە دەهێنین ، ئەوەش وەك هەنگاوی یەكەم بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی هەموو ئەو ناوچانەی تر كەلەگەڵ كورد ناكۆكیمان لەگەڵیان هەیە.

راپۆرتەكە ئاشكراشیكردووە، ئەو ڕێوشوێنانەی سوپاسالاری عێراق گرتوونییەتە بەر ، رەنگە قەیرانێكی گەورە لەنێوان هەولێر و بەغدا درووست بكات ، بەجۆرێك هەموو لەیەكتێگەیشتنانەی پێشتر لەنێوان هەردوولادا هەبوون لەبار ببات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی