کۆچبەرێکی کورد لەلایەن هاوڕێیەکییەوە لە تورکیا کوژرا

کوردستان

24/03/2019‌ 1790 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەزگای لوتکە بۆکاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، کۆچبەرێکی کوردی تەمەن ١٩ ساڵ  لەلایەن هاوڕێیەکییەوە لە شاری ئەدرنەی تورکیا بە چەقۆ کوژرا.

دەزگای لوتکە بۆکاروباری ئاوارە و پەنابەران بڵاویکردەوە، درەنگانی شەوی رابردوو ٢٣/٢٤ی ئازاری ٢٠١٩، گەنجێکی خەڵکی شاری سلێمانی بە ناوی (هۆشمەند خەبات محەمەد محمود) لەدایکبووی ١٠/١٠/٢٠٠٠ لەلایەن هاورێیەکیەوە لە هۆتێلێکی شاری ئەدرنەی تورکیا بە چەقۆ کوژرا.

دەزگای لوتکە بۆکاروباری ئاوارە و پەنابەران  لە زاری خەبات محەمەد، باوکی کۆچبەرە کوژراوەکەوە راگەیاندوە، "ماوەی هەفتەیەکە کوڕەکەی بەمەبەستی کۆچکردن رووی لە تورکیا کردووە، بەڵام شەوی رابردوو لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لە ناو  ئەو هۆتێلەی لێی ماوەنەتەوە لە شاری ئەدرنەی تورکیا دەبێتە شەڕو دەمەقاڵێیان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئەنجامی ئەو شەڕو دەمەقالێیەدا، هاوڕێکەی چەند چەقۆیەکی لە کوڕەکەی داوەو، بەوهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە".

هاوکات پۆلیسی تورکیا بە لوتکەی راگەیاندووە، "پەراوی لێکۆڵینەوەیان بۆ روداوەکە کردووەتەوەو دەستیان کردووەبە لێکۆڵینەوە، لەسەر رووداوەکەش دوو کەس دەستگیرکراون".

پۆلیسی تورکیا رونیکردووەتەوە، "لە ئیستادا تەرمی کۆچبەرە کوردەکە لە پزیشکی دادییە لە نەخۆشخانەی زانکۆ لە شاری ئەدرنە".