"ئایا سۆفیاو موشەكە روسییەكان".. كرۆكی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەردۆغانن

جیهان

25/03/2019‌ 1600 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی: ئەمەریكا هەرچییەك بڵێت وڵاتەكەی لە كڕینی مووشەكی ئێس ٤٠٠ ی رووسی پاشەكشە ناكات.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، ئەردۆغان، كە ئێستا حیزبەكەی (پارتی دادوگەشەپێدانی توركیا) لە هەڵمەتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكاندایە لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی تەلەفزیۆنی "تی جی ئاڕ تی خەبەر" وتیشی: "ئەمەریكییەكان هەر هەڕەشەیەك بكەن ئێمە لە كڕینی سیستەمی موشەكی ئێس ٤٠٠ ی روسی پەشیمان نابینەوە" .

هاوكات بەرپرسێكی ئەمەیكی بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاندووە، بەم نزیكانە واشنتۆن ئامادەكارییەكان بۆ رادەستكردنی فرۆكەی ئێف-٣٥ بۆ توركیا رادەگرێت ، ئەوەش گەورەترین ئاماژەیە لەلایەن واشنتۆنەوە بەوەی، كە توركیا ناتوانێت لەیەككاتدا خاوەنی فرۆكەی هەرە پێشكەوتووی جۆری ئێف-٣٥ و سیستەمی دژە موشەكی ئێس ٤٠٠ی روسیش بێت .

ئەمەریكاییەكان دەڵێن، ئەو سیستەمە روسییە هەرەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر فرۆكەكانیان لەو ناوچەیە ، بۆیە توركیا ناتوانێت لەیەككاتدا خاوەنی سیستەمی ئاسمانی روسی و ئەمەریكی بێت .

هەرچی پەیوەندی بە هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی "ناتۆ"یە، ئەوان دەڵێن  ترسمان لەبڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە سیستەمە ئاسمانییە لەتوركیا بەهۆی ئەوەیە، ئێمە لەگەڵ توركیا راهێنان و هاوكاری سەربازیی هاوبەشمان بەیەكەوە هەیە ، ئەگەری هەیە زانیاری تەكنیكی و سەربازی هەستیاری ناتۆ لەبەرژەوەندی روسیا دزەی پێبكرێت .

هەر پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردنەكانی توركیاوە ، ئەردۆغان دەرگای لەسەر بابەتێكی تر كردەوە ، ئەویش گۆڕینی ناوی  مۆزەخانەی " ئایا سۆفیا " بۆ " مزگەوتی ئایا سۆفیا"  لەدوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی توركیا، كە وابڕیارە لە ٣١ی ئازار بەڕێوە بچێت .

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی، كە ڕێتێدەچێت جوونە ناو مۆزەخانەی ئایا سۆفیا بەخۆرایی بێت ، ئەردۆغان وتی: "هیچ شتێك ئەستەم نییە...بەڵام ئەوە لەژێر ناوی مۆزەخانە نابێت ، بەڵكو لەژێر ناوی مزگەوتی ئایا سۆفیا دەبێت".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی