هێرشی سەر رۆژئاوا.. سیاسەتمەدارێكی كورد هۆشداری دەداتە توركیا

کوردستان

25/03/2019‌ 2482 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئەمەریكاو هێزەكانی سوریای دیموكرات سەركەوتنیان بەسەر داعشدا راگەیاند لە سوریا، ئەمەش لە پاش هێرشێكی فراوان، كە شەش مانگی خایاند بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمەریكا.

بە گوێرەی قسەی شارەزایان ئەم راگەیاندنی سەركەوتنە پێویستی بەوەیە هەنگاوی چالاك و كاریگەر لەسەر زەمین بنرێت بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو كارەساتە و دەرگا لەبەردەم چاوچنۆكێەكانی نێودەوڵەتی و هەریمایەتی دابخرێت.

سیاسەتمەداری كورد لەرۆژئاوای كوردستان "عبد الحمید دەروێش" لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا لەگەل ماڵپەڕی سپۆتنیك رایگەیاند، هەموو ئەوانەی بەشدار بوون لە جەنگی دژی داعشی تیرۆریست مافی ئەوەیان هەیە دڵهۆش بن بەو سەركەوتنە و "هیوامان وایە چەند رێككەوتنێك لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و حكومەتی سوریا بكرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناوازەیە".

دەروێش دووپاتیكردەوە، توركیا هەڵەیەكی كوشندە دەكات بەوەی خۆی لەكاروباری سوریا هەڵدەقورتێنێ هەوڵی قۆستنەوەی هەل بدات بەبێ ئەوەی هیچ مافێكی راستەقینەی هەبێت و پێویستە لەسەر سەرجەم هێزە بیانیەكان سوریا بەجێبهێڵن و كۆتایی بەم دۆخە كارەساتبارە بهێنن، كە ئەوان هۆكارەكەی بوون، لەسەر ئەمەریكا پێویستە بكشێتەوەو لەهەمان كاتدا لەسەر سوریەكانیش پێویستە یەك بگرن بۆ ئەوەی بەسەر پاشماوەكانی بەرەی نوسرەو داعشدا سەربكەون.

دەربارەی گەڕانەوەی سوریا بۆ نێو وڵاتانی عەرەبی، دەروێش وتی: هیوا دەخوازم سوریا بگەڕێتەوە بۆ نێو وڵاتانی عەرەبی و هەرێمایەتی و لەو كێشەیە رزگاری بێت كە هەشت ساڵە بەرۆكی گرتوە و سەقامگیری و ئاشتی لە وڵاتەكەدا بەرپا بێت، و لەسەر حكومەتیش پێویستە چاكسازی ناوخۆیی بكات سەرەرای دووبارە بنیادنانەوەی وڵات و بەچاوێكی جدیەوە لەو چاكسازیانە بڕوانێت.

رۆژی هەینی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەسەڵاتی بەسەر هیچ پارچە زەویەكی سوریاوە نەماوە. 

بە گوێرەی لێدوانی وتەبێژی كۆشكی سپی سارە ساندرز، وەزیری بەرگری ئەمەریكا بە وەكالەت پاتریك شاناهان بەسەرۆكی ئەمەریكای راگەیاندوە بەتەواوەتی بەسەر رێكخراوی داعشدا سەركەوتوون لە سوریا. لەهەمان كاتدا ترامپ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، رێكخراوی داعش سەرجەم ئەو شوێنانەی لە دەستداوە كە لە عێراق و سوریا لە ژێر دەسەڵاتیدابوو.

سەرچاوە: Sputnik news
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا