شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی چینی ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە جگەرەكێشانی دایكان و باوكان مەترسی تووشبوونی منداڵەكانیان بەكەموكوڕییە زگماكییەكانی منداڵانی پەیوەست بەدڵەوە زیاددەكات ، بەتایبەتیش ئەگەر جگەرەكێشەكە دایكەكە بێت .
بەپێی لێكۆڵینەوەكە، لەسەر ئاستی جیهان كەموكوڕییە زگماكییەكانی دڵ ، هەر لە ١٠٠٠ منداڵ كاریگەریی لەسەر ٨ منداڵ دەبێت ، كە ئێستا بۆ باشكردنیان نەشتەرگەرییان بۆ دەكرێت، بەڵام كاریگەرییە لاوەكییەكانی تا لەژیاندا مابێت لەسەریان هەر دەمێنێت .
هەر بەپێی لێكۆڵینەوەكە ، توێژەرەكان شیكردنەوەیان بۆ ئەنجامی ١٢٥ لێكۆڵینەوە كردووە، كە تێییاندا ١٣٧هەزار و ٥٧٤ منداڵ، كە كەموكوڕیی زگماكییان لە دڵیاندا هەبووە لێكۆڵینەوەیان لەسەركراوە ، دەركەوتووە ئەو منداڵانەی دایكو باوكیان جگەرەكێشن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ زیاترە ، بەتایبەتیش ئەو منداڵانەی دایكییان جگەرە دەكێشێت .
تویژینەوەكە ئاشكراشیكردووە، ئەوەی پەیوەندیی بە جۆرەكانی كەموكوورییە زگماكییەكانی دڵەوە هەیە ، ئەنجامەكان ئەوەیان پیشانداوە كە جگەرەكێشانی نەرێنیی (سلبی) واتا ئەو دووكەڵەی دایك هەڵیدەمژیت بەهۆی جگەرەكێشانی باوكەوە هۆكارە بۆ تووشبوون بە زۆربەی كەموكووڕییە زگماكییەكانی دڵی منداڵ ، بەڵام جگەرەكێشانی راستەوخۆی دایكان پەیوەستە بە ٢٧% گرفتەكانی ناڕێكی لێدانی دڵ ، وە ٤٣% مەترسیی داخرانی بۆڕی هەوای سكۆڵەی راست.
وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی