كودەتا لەوڵاتانی عەرەبی-دا..
لە شەست ساڵی رابردوودا 123 كودەتای سپی‌و سەربازیی روویانداوە

جیهان

28/03/2019‌ 1257 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەو بیست وڵاتەی لەسەر نەخشەی نیشتمانی عەرەب تۆمار كراون، كەم وڵاتیان هەیە دەسەڵاتدارەكانیان بە كودەتای سپی یان سەربازی نەگۆڕابن.

تازەترینیان كوتادە لە وڵاتانی عەرەبیدا ئەوەی جەزایربوو بەسەر عەبدولعەزیز بوتەفلیقەدا لە رۆژی ٢٦ی ئازاری ٢٠١٩ كە پێش لەو كودەتایە ناڕازییەكی جەماوەریی سەری هەڵدابوو دژی دیسان خۆ كاندیدكردنەوەی بۆتەفلیقە بۆ خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی.

ژمارەی كودەتاكان بەجۆرێك زۆرن خەریكە ئەم مۆدێلەی گرتنە دەستی دەسەڵات ببێتە خەسڵەتێكی دەوڵەتە عەرەبییەكان.

كودەتا چییە؟
لابردنی كتوپڕی ئەو دەسەڵاتەیە كە لەئارادایە بۆ دەسەلاتێكی نوێ، زۆربەی جار ئەو كەس و لایەنانەی كودەتا دەكەن، بۆ خۆیان سەر بە دامودەزگاكانی دەوڵەتن. كودەتا دوو جۆری هەیە یەكیان سەربازیی و ئەوی تریان مەدەنی كە بە كودەتای سپی ناو دەبرێ. یان جاری وا هەیە لە یەك كۆدەتادا هەردوو جۆرەكە پەیڕەو دەكرێ. بەڵام زۆربەی هەرە زۆری كودەتاكان سەربازیی بوون.

دەكرێت كودەتا سەركەوتووبێ لەگەیشتن بە دەسەڵات یان شكست بهێنێ و و وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆ ببات یان یاخود دەسەڵاتەكە دووبارە دەگەڕێتەوە ، جاری وا هەیە دەسەڵاتی تازە بەسەر ئەو دەسەڵاتە كودەتا دەكاتەوە كە پێشتر كودەتای كردووە.

لەم راپۆرتەدا بە ژمارە ئەو كودەتایانە دەخرێنەڕوو كە لە شەست ساڵی رابردوودا لە وڵاتانی عەرەبیدا روویانداوە لەوكاتەوەی سەربەخۆییان وەرگرتووە تائیستا.

بە گشتیی ١٢٣ كودەتای سپی و سەربازیی روویانداوە، لەو ژمارەیە ٤٠ كودەتایان سەركەوتووبوون و  ٨٣ دانەشیان شكستیان هێناوە.

سوریا بە روودانی ٣٤ كودەتای سەربازیی لە پلەی یەكەمدایە، لەو ژمارەیەش نۆ كودەتایان سەركەوتوو بوون و ٢٥یشیان سكستیان پێهێنراوە.

دوای سوریا (جزر ئەلقەمەر ) دێت كە ٢٤ جار كودەتای سپی و سەربازیی تێدا ئەنجامدراوە. لەو ژمارەیە چواریان سەركەوتووبوون و ٢٠یان شكستیان پێهێنراوە. دوای ئەم دوو وڵاتە سودان بە ١٦ كودەتا لە ریزبەندی سێیەمدایە، لەو ژمارەیە سێ كودەتایان سەركەوتوو بوون و ١٣یان شكستیان پێهێنراوە.

لە كودەتاكانی سوداندا كە شكستیان پێهێنراوە نزیكەی ٥٠ ئەفسەری باڵا كوژراون، لەوەتەی سودان سەربەخۆیی وەرگرتووە، بۆ ماوەی ٤٥ ساڵ و لە سێ ماوەی جیاوازدا دەسەڵات  بەدەستی سوپاوە بووە،  بەمپێیە تەنیا  ١١ ساڵ دەسەڵات بەدەست حكوومەتێكی مەدەنیی دیموكراتییەوە بووە.

كودەتاكانی ناو خێزانی دەسەڵاتدار
كودەتای سوڵتان قابووس بن سەعید بەسەر باوكیدا لەساڵی ١٩٧٠ لە میرنشینی عوممان، دیارترین نموونەی كودەتابێ لەناو خێزانی دەسەڵاتداردا، دوای ئەو كودەتای ئەمیری قەتەر  محەمەد بن خەلیفە دێت بەسەر باوكیدا.

ئەو وڵاتانەی كودەتای تێدا نەكراوە
لە وڵاتانی عەرەبیدا تەنیا بەحرەین، سعودیە، كوێت، ئیمارات، جیبۆتی، ئوردن كودەتا تێیاندا نەكراوە و لەو كاتەوە تائێستا بنەماڵەیەكی دیاریكراو پاشا و حوكمڕانی ئەو وڵاتانەن.

لەناو وڵاتانی كودەتاكراودا، وڵاتی مەغریب تاكە وڵاتە كە شەش كودەتای تێدا ڕووداوە، كەچی هیچیان سەركەوتوو نەبوون 

ریزبەندی دەوڵەتەكان بەپێی ژمارەی كودەتاكان
1ـ سوریا : تێكڕا ٣٤ كودەتا ، ٩ سەركەوتوو ، ٢٥ شكست پێهێنراو
2ـ جزر ئەلقەمەر : ٢٤ كودەتا  ٤ سەركەوتوو  ٢٠ شكست پێهێنراو
3ـ سودان: ١٦ كودەتا  ٣ سەركەوتوو  ١٣ شكست پێهێنراو
4ـ موریتانیا: ٧ كودەتا  ٦ سەركەوتوو ، ١ شكست پێهێنراو
5ـ لیبیا: ٧ كودەتا  ١ سەركەوتوو  ٦ شكست پێهێنراو
6ـ یەمەن: ٧ كودەتا  ٥ سەركەوتوو  ٢ شكست پێهێنراو 
7ـ عێراق: ٦ كودەتا  ٣ سەركەوتوو  ٣ شكست پێهێنراو
8ـ مەغریب: شەش كودەتای شكست پێهێنراو
9ـ لوبنان: ٣ كودەتا  دوو سەكەوتوو  یەك شكست پێهێنراو
10ـ جەزائیر: ٣ كودەتا  دوو سەكەوتوو  یەك شكست پێهێنراو
11ـ قەتەر: دوو كودەتای سپیی سەركەوتوو 
12ـ میسر: دوو كودەتای سەركەوتوو
13ـ تونس: دوو كودەتا ، یەك سەركەوتوو یەك شكست پێهێنراو 
15ـ عوممان: كودەتای سوڵتان قابووس بەسەر باوكیادا