شارپرێس:
وەك ئاشكرایە بەفرگر تەنیا هەر بۆ ساردكردن و هەڵگرتنی خواردن نییە ، بەڵكو ئەگەر بێت و بەشێوەیەكی بەردەوام گرنگی بە پاكراگرتنی نەدرێت ، ئەوە دەبێت بە شوێنێك بۆ كۆبوونەوەی میكرۆب و زیانگەیاندن تەندرووستی ئەندامانی خێزان .
هەندێك جار خانمان بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ بەفرگرەكەیان دەكەن، كە وادەكات ژینگەیەكی گونجاو درووست بكات بۆ گەشە و گواستنەوەی میكرۆب و ڤایرۆسەكان بۆ ناو بەفرگرە و خواردنەكان ، لێرەدا هەندێ ئامۆژگاریی خێرا و ئاسان دەخەینە بەڕچاو بۆ دووركەوتنەوە لەو زیانانەی ئەگەری هەیە بەر تەندرووستیمان بكەون :
هەوڵ بدە بدە با بەهیچ جۆرێك ناو بەفرگرەكە بەتەواوەتی پڕنەبێت كە ڕێگە بە هەواگۆڕكێ نەدات ، چونكە لەوكاتەدا هەوای سارد ناگاتە هەموو شوێنەكانی ناو بەفرگرەكە و ڕێگە خۆش دەكات بۆ گەشەی بەكتریا بەخێراییەكی زیاتر .
بەشێكی زۆری خانمان پێیان وایە كە باشترین شوێن بۆ هەڵگرتنی هێلكە دەرگای بەفرگرەكەیە ، لەكاتێكدا ئەوە راست نییە ، چونكە دەرگای بەفرگر دواشوێنە كە هەوای ساردی پێدەگات ، ئەوە جگە لەوەی بەهۆی كردنەوەی بەردەوامیی دەرگا وادەكات پلەی گەرمی دەرگاكە بەردەوام لە گۆرانكاریدا بێت ، بۆیە واباشترە هێلكە لە شوێنێكی تری ناو بەفرگرەكە هەڵبگیرێت .
هەرگیز ڕێگە مەدە گۆشت لەناو بەفرگرەكەدا دوای بەستنی دووبارە بتوێتەوە ، چونكە لەوكاتە بەكتریا زۆر بەخێرایی گەشە دەكات و بۆ بەشەكانی تری ناو بەفرگرەكەش دەگوازرێتەوە .
ئەو خواردنانەی لەناو بەفرگردان بە سەرئاواڵەیی بەجێیان مەهێلە ، بەڵكو هەوڵ بدە لەناو قوتووی سەرداپۆشراو هەڵیان بگرە ، بەتایبەت گۆشتی خاو ، چونكە ئەو دڵۆپە ئاوەی لە گۆشتەكە دەكەوێتە خوارەوە بەر شتەكانی تری ناو بەفرگرەكە دەكەوێت و بەكتریاكە بۆ ئەوان دەگوازێتەوە .
زۆر گرنگە هەر بە چەند رۆژێك جاوێك بەناو بەفرگرەكەدا بخشێنیت و هەرچی خواردنی خراپبوو و بێكەڵك هەیە فڕێ بدرێت و ناو هەموو بەفرگرەكە پاكبكرێتەوە .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی