ئێستا گەیشت.. بانکی TBI بەفەرمی چوە نێو پڕۆسەی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانەوە

کوردستان

08/05/2024‌ 7630 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بانکی عێراقیی بۆ بازرگانی بە فەرمی ڕایگەیاند، بانکەکەیان چوەتە نێو پڕۆسەی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە، حكومه‌تى هه‌رێمیش ئاشكرایده‌كات، ئه‌و بانكه‌ عێراقیه‌ به‌فه‌رمى به‌شداریی له‌پڕۆژه‌ى هه‌ژمارى من ده‌كات بۆ به‌دیجیتاڵكردنى موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێم.


بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ئاشكرایكردوه‌، به‌شداریده‌كات له‌ته‌وتین كردنى موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ى دادگاى باڵاى فیدراڵى‌و محه‌مه‌د شیاع سودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق.

دواى ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌، حكومه‌تى هه‌رێمیش هاته‌ده‌نگ‌و له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا پێشوازى له‌بڕیاره‌كه‌ى بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ده‌كات‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ئه‌و بانكه‌ عێراقیه‌، بەشداری لە(هەژماری من) دەکات.

حكومه‌تى هه‌رێم نوسیویه‌تى، "بەخۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداریی لەپڕۆژەی هەژماری من بۆ بەدیجیتاڵکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەکات، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى نوێنەرانی حکومەتی هەرێم‌و تیمی (هەژماری من) لەم هەفتەیەدا، چەندین کۆبونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ئەنجامداو لەکۆبونەوەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم‌و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان‌و پرۆسەی دروستکردنی کارت‌و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ATM لەسەرتاسەری هەرێمدا کرا".

حكومه‌تى هه‌رێم جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەکی فراوانتری بەرهەم‌و خزمەتگوزاریی بانکی بەهاوڵاتییان دەبەخشێت، ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ موچەخۆرانی کەرتی گشتی لەهەرێم‌و کەرتی دارایی عێراق، ئێمە خۆشحاڵین بەم هاوبەشییەو ئەو سودانەی کە لەم ڕێگەیەوە بەخەڵکی هەرێم دەگات".