هاتوچۆکردن لەمەرزی کێلێ ڕاگیرا

کوردستان

08/05/2024‌ 474 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هەردی حەسەن:

بەهۆی ڕێگریكردن لەهاتوچۆکردنی بارهەڵگرەکان بۆ سنوری هەولێرو دهۆک، لەئێستادا ژمارەیەکی بەرچاو لەشوفێرانی بارهەڵگر لەمەرزی کێلێ کارکردنیان ڕاگرتوە.


عەباس عەزیز بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی ڕاپەڕین بەشارپرێسی ڕاگەیاند، "لەئێستا جموجۆڵی بازرگانی لەمەرزی کێلێ ڕاگیراوە، ئەوەش بەهۆی نیگەرانی زۆری شوفێرانی بارهەڵگر کە لەئێستادا ڕێگریان لێدەکرێت بارەکانیان بگەیەنە پارێزگای هەولێرو دهۆک، ماوەیەکە ڕێگەنادرێت بارهەڵگرەکان لەو ڕێگایانەوە هاتوچۆ بکەن".

وتیشی:"گرفتەکە لای ئێمە نییە، ئێمە بەرپرسانی باڵای حکومیمان لەم کێشەیە ئاگادارکردوه‌تەوە، لەئێستادا لەدیوی ئێرانەوە چاوەڕێن بارهەڵگرەکانی هەرێم بچن بارەکانیان بهێنن‌و داخڵی هەرێمی بکەن، بەڵام شوفێران زۆر نیگەرانن‌و مانیانگرتوەو کارناکەن".

ماوەیەکە لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەبیانوی تێکچونی ڕێگه‌کان‌و زۆی ڕوداوەکانی هاتوچۆ لەلایەن خەڵکەوە ڕێگریی لەهاتوچۆی بارهەڵگرەکانی نێوان پارێزگاکانی هەرێم دەکرێت کە ئەمەش زیانی زۆری بەبازرگانان گەیاندوه‌و لەو نێوەندەشدا حکومەتی هەرێم هیچ چارەسەرێکی بۆ ئەو گرفتە ڕانەگەیاندوە.