دەتوانێت یارییەكە لەمەسرور بارزانی تێكبدات
نێچیرڤان بارزانی بەكۆمەڵێك دەسەڵاتی بەهێزەوە رووبەڕووی ركابەرەكەی دەبێتەوە

کوردستان

30/03/2019‌ 4300 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەزامەندبوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ دەستبەرداربوونی لەپۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە زیاتر لە 20 ساڵە ئەو پۆستەی لەژێر دەستدایە، رەنگە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، كە پۆستێكی تر وەردەگرێت دەسەڵاتەكانی لەپۆستەكەی پێشووی زیاتر نەبێت، كەمتر نابێت.

نێچیرڤان بارزانی، كە ساڵانێكە پۆستی سەرۆكی حكومەت وەك پاڵپشتییەكی بەهێز بەكاردەهێنێت، بۆ زیادكردنی هەژموونی خۆی چ لەهەرێمی كوردستان، چ لەناو پارتی دیموكرات، كە خۆی لەو حیزبە پۆستی جێگری سەرۆكی هەیە.

نێچیرڤان بارزانی بەهۆی بوونی ركابەرێكی بەهێز لەناو پارتی، كە ئەویش مەسرور بارزانی-یە، بە بەردەوامی هەوڵی زیادكردنی هەژموونی خۆی لەهەرێم‌و ناو پارتییش داوە، بەڵام بەكاندیدكردنی ئەوەی دووەم بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت، زۆرێك پێیانوابوو، خۆری ئەوەی یەكەم لەركابەرییەكە بەرەو ئاوابوون دەچێت.

پارتی لەدوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە ساڵی رابردوو بەرێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم‌و مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكی حكومەت كاندید كرد، ئەوەش وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە.

بەهۆی ئەوەی باس لەوە دەكرا، كە پارتی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوە كاندید كردووە بۆ سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتەكانی كەمبكاتەوە، تا رێگە بۆ مەسرور بارزانی خۆش بكات، بتوانێت بەسەر ركابەرەكەی سەركەوێت، ئەوەش بەپشتگیری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی.

بەڵام دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، كە لەپرۆژە هاوبەشەكەی پارتی‌و گۆڕان وەكو خۆی دەمێنێتەوە، كە زیاتر لە (20) دەسەڵاتە، ئەو هەلە لەبەردەستی نێچیرڤان بارزانی دەبێت ، كە بە بەهێزی بمێنێتەوە، تەنانەت ركابەرێكی باشی مەسرور بارزانیش بكات، كە لەداهاتوو پۆستی سەرۆكی حكومەت وەردەگرێت.

یەكێك لەدەسەڵاتەكانی نێچیرڤان بارزانی، كە دەبێتە سەرۆكی هەرێم، "سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی راپەڕاندنە"، كە هاوكات لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە، مەسرور بارزانی-یش دەسەڵاتی جێبەجێكردنی یەكەمە لەهەرێم، كە ئەوە دەسەڵاتی بەهێزی هەردوو ركابەرەكەیەو رەنگە زۆرترین بەركەوتنیان هەبێت لەماوەی چوار ساڵی داهاتوو، بۆ ئەوەی بەو دەسەڵاتە یەكتری پێ لاواز بكەن.

یەكێكی تر لەدەسەڵاتەكانی نێچیرڤان بارزانی، "فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانە"، كە هاوكات مەسرور بارزانی-یش، بەهۆی پۆستی سەرۆك وەزیران، دەسەڵاتی بەسەر چەند هێزێكی هەرێم دەبێت، بەتایبەتی هێزەكانی سەر بەوەزارەتەكانی پێشمەرگەو ناوخۆ، كە ئەوەش دەكرێت خاڵی بەریەكەوتنی هەردوو ئامۆزاكە بێت.

دەسەڵاتە گرنگەكانی تری سەرۆكی هەرێم بەپێی یاساكە بەشێوەیەك دەبێت، كە ئەگەر پەرلەمان نەتوانێ كۆببێتەوە، سەرۆكی هەرێم بە راوێژ لەگەڵ سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت هەندێك بڕیار دەربكات‌و بڕیارەكانیشی حوكمی یاسایان دەبێت‌و لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی كوردستان دەكات، هەماهەنگی دەكات لەنێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەكان‌و دەسەڵاتەكانی هەرێمدا، ئەو یاسایانەی (پەرلەمان) دایاندەنێت، سەرۆكی هەرێم لە ماوەی 10 رۆژدا لە رۆژی دانانیەوە دەریان دەچووێنێت‌و مافی ئەوەشی هەیە تانە لە كۆی یاساكە یان بەشێكی بدات‌و رەوانەی پەرلەمانی بكاتەوە تا چاوی پێدابخشێنێتەوە.

هەروەها لە حاڵەتێكدا پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، یان ماوەی خولی هەڵبژاردنەكەی كۆتایی هاتبێت، سەرۆكی هەرێم لە ماوەی 15 رۆژدا فەرمانێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی، سەرۆكی هەرێم لەماوەی 10 رۆژدا لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەوە، فەرمانی بانگهێشتكردنی بۆ خولی یەكەمی كۆبوونەوەی خولی هەڵبژاردن دەردەچوێنێت‌و سەرۆكی هەرێم لەچەند حاڵەتێكدا بە فەرمانێك پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە‌و سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی لێبوردنی گشتی هەیە، سەرۆكی هەرێم دەتوانێت حوكمی لە سێدارەدان پەسەند بكات، یان سزاكە بۆ بەندكردنی هەتاهەتایی سوك بكات

یەكێكی تر لەدەسەڵاتەكانی ئەوەیە، كە سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی جاڕدانی باری نایاسایی هەیە، ئەوەش ئەو دەسەڵاتەیە، كە رەنگە بتوانێت یارییەكە لەسەرۆكی حكومەت‌و تەنانەت پەرلەمانیش تێكبدات، چونكە لەكاتی راگەیاندنی باری نائاسایی زۆربەی دەسەڵاتەكان بۆ سەرۆكی هەرێم دەبێت.

سەرۆكی هەرێم دەتوانێت لە كاتی پێویستدا بانگهێشتی پەرلەمان بكات بۆ كۆبوونەوەیەكی ناچاریی، سەرۆكی هەرێم هاوكات سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكەش دەكات، دەسەڵاتی هەیە رێگەبدات بە هێزە چەكدارەكانی فیدڕاڵ بێنە ناو هەرێمەوە، بەڵام لێرەدا دەبێ رەزامەندی پەرلەمان وەربگرێت ‌و سەرۆكی هەرێم بۆی هەیە بە رەزامەندی  پەرلەمان هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم بنێرێت‌و دوای ناونانی سەرۆك وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە، سەرۆكی هەرێم داوای لێدەكات لە ماوەی 30 رۆژدا كابینەكەی پێكبهێنێت، كاتێك پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیر لە متماتە دەخات، سەرۆكی هەرێم فەرمانی قبووڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەیان دەردەچوێنێت، دامەزراندنی خاوەن پلە تایبەتەكان لەسەر پێشنیازی وەزیری پەیوەندیدارو رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران،  سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی دامەزراندنی دادوەران‌و سەرۆك‌و ئەندامانی داواكاری گشتی هەیە، دوای پاڵاوتنیان لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانەوە، دەسەڵاتی بەخشینی روتبەی سەربازی بە ئەفسەرانی هێزە چەكدارەكانی هەرێم‌و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو دەركردن‌و خانەنشینیان بەپێی یاسا رەچاوكراوەكان، بەخشینی نیشان‌و مەدالیا، ئەوانەش دەسەڵاتەكانی تری سەرۆكی هەرێمن، كە لەیاسا كۆنەكەدا هەیە.