تەنیا 2 كەسی لەو جۆرە هەیە.. ژنێك هەست بەهیچ ئێش‌و ئازارێك ناكات

جیهان

01/04/2019‌ 1698 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
جۆ كامیرۆن ژنێكی تەمەن ٧١ ساڵییە لە سكۆتلەندا ، یەكێكە لەو دوو كەسەی لەجیهاندا هەن و بازدانێكی بۆماوەیی دەگمەنیان هەیە بەجۆرێك وایان لێدەكات لەهەموو ئازار و دوودڵی و ماندووبوونێك پاریزراو بن .

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە كامیرۆن لەتەمەنی ٦٥ ساڵیدا زانیویەتی، كە ئەو تایبەتمەندییەی هەیە ئەویش دوای ئەوەی نەشتەرگەرییەكی ترسناكی بۆ دەستی كرا ، پزیشكەكان بۆیان دەركەوت ئەو كەسە هیچ پێویستییەكی بە دەرمانی سڕكەر و بەنجكردن نییە . 

ئەمە وایكرد پزیشكی بەنج كامیرۆن رەوانەی بكات بۆلای چەند پسپۆرێكی بۆماوەیی لەهەردوو زانكۆی لەندەن و ئۆكسفۆرد ، دوای تاقیكردنەوەكان دەركەوت كامیرۆن بازدانێكی بۆماوەیی هەیە ، كە بەبۆچوونی زاناكان رۆڵێكی سەرەكییان هەیە لەئاماژەكانی ئازار و مەزاج و بیرەوەرییەكان .

چیرۆكی كامیرۆن كاتێك دەستیپیكرد، كە نەشتەرگەرییەكی ترسناكی  بۆ پەنجە شێواوەكانی كرد، كە بەهۆی فشۆڵی ئێسكەكانییەوە درووست بووبوو ، ئەو  نەشتەرگەرییە لای گەلێك لەشارەزایان بە نەشتەرگەرییەكی بەئازار  وەسف دەكرێت   .

بەڵام ئەو ژنە تەمەن شەست ساڵییە لەدوای نەشتەرگەرییەكە و چاكبوونەوەی  هەستی بەهیچ جۆرە ئازارێك نەكردووە ، ئەوەش وایكردووە پزیشكەكان سەریان لەو دیاردەیە سووڕبمێنێت .

لەكاتی چاوپێكەوتنی و تاقیكردنەوەكانی لەلایەن پزیشكەكانەوە ، ئەوە ئاشكرا بووە كە لەكاتی منداڵبوونەكانیشیدا هیچ هەستی بەئازار نەكردووە و بەپیچەوانەوە گوتوویەتی بەلایەوە زۆر خۆش بووە .

ئەو ژنە وتوویەتی: پێشتریش جەند جارێك لەكاتی دەستدانی لە ئاگردان و شتە زۆر گەرمەكان دەستی سووتاوە ، بەڵام ئەو هیچ هەستی پینەكردووە تەنیا دوای ئەوە نەبێت بۆنی كردووەو لەڕێی بۆنەكەوە زانیویەتی دەستی واخەریكە دەسووتێت .

پیش دوو ساڵ لەمەوبەر ئۆتۆمبیلەكەی تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و  ئۆتۆمبیلەكەی كەوتووەتە سەر پشت ، بەڵام ئەو هەستی بەهیچ نەكردووە، بەڵكو چووە یارمەتی ئەو شۆفێرە بدات، كە خۆی پیاكێشاوە ، بێئەوەی خۆی هەست بە هیچ برینێك و ئازاریك بكات .

نەك تەنیا هەر ئازار و ژان ، بەڵكو كامیرۆن لەڕێی تاقیكردەوەكانەوە دەركەوتووە بۆ خەمۆكی و ڕارایی و ماندوو بوونیش بەجۆرێك خۆراگرە كە بروا ناكرێت ، بەڵكو بەردەوام كەسێكی گەشبین و دڵخۆشە و هەرگیز هەست بە ترس و لەرزیش ناكات .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی