لەشەڕی بردنەوەی ئەستەنبوڵ.. ئەردۆغان پەنا بۆ چەكی 84 سندوقەكە دەبات

جیهان

02/04/2019‌ 2445 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی هەڵبژاردن ڕایگەیاند ، لەئەنجامی جیاكردنەوەی زۆربەی دەنگەكانی شاری ئەستەنبوڵ لەهەڵبژاردنی شارەوانەكانی توركیا، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆی پاڵێوراوی پارتی گەلی كۆماری لەپێشەوەی پاڵیوراوەكانی دیكەوەیە.

لەئێستاداپارتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان (دادوگەشەپێدان ئاكەپە) بە فەرمی دان بەو دۆڕانەدا نانێت، ئومێدیشی لەسەر ئەو 84 سندوقە هەڵچنیووە، كە هێشتا دەنگەكانیان ئەژمار نەكراون بەو هۆیەی سەرپێچی هەڵبژاردنیان لەسەرە، لەوانەشە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بگۆڕن لەو شارەی، كە گرنگترین پێگەی پارتی داد و گەشەپێدان بوو.

بن عەلی یەڵدرمی پاڵێوراوی پارتی داد و گەشەپێدانیش پێشەنگی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆی پاڵێوراوی نەیاری لە هەڵبژاردنەكانی ڕۆژی یەكشەممە بەجیاوازی 25 هەزار دەنگ لە ئەستەنبول قبوڵ بوو، بەڵام وتی: هێشتا زووە ئەنجامی كۆتایی كێبڕكێی هەڵبژاردن ڕابگەیەندرێت لە گەورەترین شاری توركیادا.

یەڵدرم وتیشی: ئەگەری دووبارە هەڵاوێركردنی  نزیكەی 319  هەزار  دەنگ ماوە كە بەتاڵكراونەوە، "هەر كەسێك بردیەوە دەزانین چۆن پیرۆزبایی لێ بكەین، بەڵام پڕۆسەكە بەردەوامە".

هەروەهاسەرۆكی لیژنەی باڵایی هەڵبژاردنەكای توركیا وتی: ئەنجامەكان تاوەكو ئێستا وا نیشان دەدەن كە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆی پاڵێوراوی پارتی گەلی كۆماری 4 ملیۆن و 159 هەزار و 650 دەنگی بەدەستهێناوە، بن عەلی یەڵدرمیش 4 ملیۆن و 131 هەزار و 761 دەنگی بەدەستهێناوە، ووتیشی قۆناغی سكاڵاكردن هێشتا بەردەوامە.

ئاژانسی هەواڵی  ئەنادۆڵ بە نافەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ڕاگەیاند، كە بردنەوەی ئیمام ئۆغڵۆ نیشان دەدەن بە نزیكەی 49.8% ی دەنگەگان، هێشتا 1% دەنگەكانیش لە هەڵاوێركردندان.

ساڵانێكە توركیا هەڵبژاردنی وا گەرموگوڕی بەخۆیەوە نەبینیووە، ئۆپۆزسیۆن توانی گورزی جەرگبڕ لە شارە گەورەكانی توركیا لە پارتی فەرمانڕەوا بوەشێنێت، ئەنقەرەش یەكێكە لەو شارانە.

ئەوەی ئەستەنبوڵ بدۆڕێنێت توركیاش دەدۆڕێنێت
محەمەد عەبدولقادر شارەزا لە كاروباری توركیا دەڵێت: "بەربژێركردنی بەهێزترین پیاوی پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنەكان لە شاری ئەستەمبوڵ ، بۆ دەستەبەركردنی بردنەوەی دەنگەكانی ئەو شارە بوو، ئەمەش بە ڕوونی قسەكانی ئەردۆغان بەرجەستە دەكات كە زۆرجار دووبارەی كردوونە بەوەی هەر كەس ئەستەمبوڵ بدۆڕێنێت توركیاش دەدۆڕێنێت".

عەبدولقادر لەلێدوانێكی بۆ سكای نیوز ئاماژە بەوەش دەدات، فرتوفێلە سیاسی و یاساییەكان دوا پەناگەی پارتەكەی ئەردۆغانە بۆ بەرگرتن لە لێشاوی مشتوماڵكەری ئۆپۆزسیۆن لە شاری ئەستەمبوڵ، ئەوان بە هیوای ئەوەن ئەو شارە بەرنەوە كە جێگەی گرنگیپێدانیان بوو)).

ترس لە ململانێی سیاسی 
بە گوێرەی ڕۆژنامەی ئەحوال توركیا، ڕەتكردنەوەی دانپێدانانی پارتی داد و گەشەپێدان بە دۆڕانی لە ئەستەمبول لەوانەیە ململانێیەكی سیاسی بورژێنێت كە كۆتایەكەی پێشبینیكراو نییە.

ڕۆژنامەكە باسی ئەوەشی كردووە ترس لەوە هەیە حكومەت ساختەكاری بكات یان داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان بكات بۆ ڕاكردن لە ئەنجامە شۆكهێنەرەكانی بۆ پارتی دەسەڵات.

هەر بە گوێرەی قسەكانی عەبدولقادر: ((ئەگەر لیژنەكە لە كۆتایدا بردنەوەی پارتی داد و گەشەپێدانیش ڕابگەیەنێت، ئەوا بردنەوەیەك دەبێت بە تامی دۆڕاندن، چونكە جیاوازییەكە زۆر كەم دەبێت)).

عەبدولقادر دەشڵێت: خستنەگەڕی هەموو تواناكانی دەوڵەت لە پێناو پاڵێوراوەكەی پارتی داد و گەشەپێدان، لەوانەیە پشێویەكی سیاسی گەورە بخوڵقێنێت، لەوانەشە ببێتە هۆی دەنگ بەرزكردنەوەی هەندێك كەسایەتی ناو پارتی داد و گەشەپێدان كە لە دەرئەنجامی ناڕەزاییان لە سیاسەتەكانی ئەردۆغان لە پارتەكەیان‌ هاتوونە دەرەوە.

شڕۆڤەكارەكە ئەوەش دەڵێت، لەوانەشە دۆخەكە لەدەست دەرچێت و ناڕەزایی جەماوەری گەورەی  ئۆپۆزسیۆنی لێ بكەوێتەوه، ئەگەر دەنگدەران هەست بەوە بكەن كە حكومەت یاری بە ئەنجامەكانەوە كردووە

سەرچاوە: SKY NEWS
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر