زۆربەی مەعجونەكانی ددان شۆردن مەترسی شێرپەنجەیان لێدەكرێت

تەندروستی

03/04/2019‌ 1726 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەك لە فەڕەنسا ئەوەی دەرخستووە، دوو لەسەرسێی مەعجونەكانی ددان شۆردن ماددەیەكیان بەناوی تیتانیۆم تێدایە، كە مەترسی شێرپەنجەی لێدەكرێت.

ئاژانسی "یۆرۆنیوز" لەزاری زانایانی بواری بەرهەمە جوانكاری‌و تەندروستییەكان لە وڵاتی فەڕەنسادا بڵاویكردەوە، مادەی زیادكراوی تیتانیۆم، كە لە دروستكردنی مەعجونەكانی دەم و ددان و بۆ ڕەنگ پێدانی سوودی لێ دەبینرێت، كاریگەری لە تووشبوونی كەسەكان بەشێرپەنجە دەبێت.

ناوەندی (هەنگاونان بۆ ژینگە)، كە لێكۆڵینەوەكەی ئەنجامداوە، لەو بارەیەوە دەڵێت: ئێمە تاقیكردنەوەمان لەسەر 409 جۆر و ماركەی جیاوازی مەعجوونی دەم و ددان، كە (59یان تایبەت بە منداڵان بوون) لەناو فرۆشگاو دەرمانخانەكاندا ئەنجامدا، كە لەئەنجامدا بەوە گەیشتین - لەهەرسێ مەعجونێكدا دوان لەوان ماددەیەكی زیادكراو بەناوی دوانە ئۆكسیدی تیتانیۆمی تێدا بەكارهاتووە.

ناوەندەكە دەشڵێت بڕیار بووە وڵاتی فەڕەنسا ماددەیەكی زیادكراو لەبەرهەمی مەعجوونی دەم و دداندا قەدەغە بكات.

ماگالی ڕینگۆت، یەكێك لەبەرپرسانی ناوەندەكەیە دەڵێت، لەبەرئەوە ئەو ماددەیە ڕۆژانە ئێمە سەروكارمان لەگەڵیدا هەیەو بەهۆی دموددانمانەوە بەكاری دێنین، لەمەترسییەكانی ئەودا هەردەم بەدوور نابین.

ناوەندەكە هەروەها دەڵێت، لەسەر 272 بەستەی ئەم بەرهەمانە بەهۆی كۆمپانیاكانەوە بەكارهێنانی ماددەی تیتانیۆم نەنووسرابوو، لەكاتێكدا پاش پشكنینەكان دەركەوت ئەم ماددەیە لە دروستكردنی ئەم بەرهەمانەدا بەكارهاتووە.

بەپێی یاساكانی یەكێتی ئەوروپاش، كە لەساڵی 2013دا بۆ بەرهەمە جوانكاری‌و تەندروستییەكان دەركراوە، دەبێت ماددەی تیتانیۆمی بەكارهێنراو لە هەر بەرهەمێك كە بەڕێژەی زیاتر لە 100 میلیغەرام لەودا بەكارهاتبێت، پێویستە لەسەر بەستەی بەرهەمەكە بنووسرێن.

وەرگێڕان: یاسین نادر