شارپرێس:
توێژەرانی كۆلێژی " ئۆكسیدنتاڵ'ی ئەمەریكی توانیویانە پەرە بە تەكنیكێك بدەن كە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت لەماوەی پینج خولەك و بێ نەشتەرگەریی ، جوانكاریی بۆ لووت بكرێت .
ئەو تەكنیكەی تویژەرە ئەمەریكییەكان دایانهێناوە تێیدا دەرزیی ورد و تەزووی كارەبایی و قالبی سێرەهەندی بۆ دووبارە شێوەگرتنەوەی شانە زیندووەكانی لووت بۆ بەكاردەهێنرێت .
دەكرێت ئەو پرۆسە ئاسانە شۆڕشێك لەبواری نەشتەرگەریی جوانكارییدا بەرپا بكات ، كە پێشتر جوانكاریی لووت كاتێكی زۆری پیویست بوو ، ئەوە سەرباری ئەوەی هەندێ جار شوێنی برینیشی لەسەر دەردەكەوت .
دكتۆر مایك هیڵ دەڵێت "ئێمە پێمانوایە ئەو تەكنیكە نوێیە خەرجییەكی زۆر كەمی دەوێت و لەژێر بەنجی بەشەكی (موچعی) و تەنیا بۆماوەی پێنج خولەك تەواو دەبێت ".
توێژەرەكان سەرنجیاندا ئەو شانانەی لەرووی تەنۆكە بارگاوی بووەكان بە كارەبا چڕترن ، ئەوە توندترن و قایمترن لەو شانانەی چڕیی تەنۆكە بارگاویبووەكەیان بە كارەبا نزمترە .
تیمی دكتۆر هیڵ ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە تێپەڕینی تەزووی كارەبایی بەناو كڕكراگەكەدا وادەكات شانەكان نەرمتر ببن ، هیڵ دەڵێت تەنیا بەوەندەی شانەكان نەرم بوون ئیتر شێوەگرتنی ئەو شێوەیەی دەتەوێت زۆر ئاسانە .
ئەو تاقیكردنەوەیە لەسەر كەروێشكێك تاقیكراوەتەوە كە راستبوونەوەیەكی تیژ لە گوێیەكیدا هەبووە ، بەبەكارهێنانی ئەو تەكنیكە توانرا بێئەوەی هیچ زیانێكی بەربكەوێت گوێی بنووشتێننەوە .
دوای ئەوەی تەزووە كارەباییەكە رادەگیرێت ، كڕكراگەكە شێوە نویكەی خۆی وەردەگرێت و قالبەكە لێدەكرێتەوە .
لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی كیمیایی ئەمەریكی لە ئۆرلاندۆی فلۆریدا، توێژەرەكان ئەنجامی تویژینەوەكەیان دەخەنەروو .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی