ئەوروپا.. لەنمایشكردنی مرۆڤ وەك ئاژەڵ بۆ دادپەروەری كۆمەڵایەتی

جیهان

07/04/2019‌ 2257 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە سەدەكانی ١٩ و ٢٠ لە ئەوروپا دیاردەیەكی ناشارستانی، كە ئەویش بریتی بوو لە "باخچەی ئاژەڵانی مرۆڤ".

باخچەكان بریتی بوون لەنمایشكردنی ئەو مرۆڤانەی لەرەگەزی رەشپێست و میللەتە نائەورووپییەكانی تر بوون و لەكیشوەرەكانی ترەوە هێنرابوون بۆ ئەوروپا، هۆكاری ئەوەش ئەوە بوو پێش ئەوەی تەلەفزیۆن‌و ئینتەرنێت دەربكەوێت لەناو ئەوروپییەكاندا خواستێكی زۆر هەبوو، كە شارەزای كولتوور و داب و نەریتی  میللەتەكانی تری جیهان ببن. 

ئەمە وای لە ویلیام ماكغی زانای ئەنسرۆپۆلۆجیا كرد كە برەو بە بیرۆكەی هێنانی مرۆڤی نائەورووپی لە كۆمەڵگاكانی ترەوە بدات تاوەكو لە قەفەسدا وەكو كۆیلە نمایش بكرێن و بخرێنە پێش چاوی خەڵك.

ماكغی خۆی لە درووستكردنی یەكەم "باخچەی ئاژەڵانی مرۆڤ" سەركەوتوو نەبوو ، بەڵام توانی بۆدوای خۆی بیرۆكەكە تۆخ بكاتەوە و  باخچەكان درووستبكرێن ، ئەویش دوای ئەوەی هێزە ئیمپریالییەكان و دۆزەرەوەكان چەندین كەسیان لە رەشپێست و دانیشتووانە رەسەنەكان و هۆزە سەرەتاییەكان لە ناوچە جیاوازەكانی جیهانەوە دەهێنا و ەیانخستنە ناو ئەو باخچانەی بۆ نمایشكردنی ئەو مرۆڤە سەرەتایی و نائەوروپییانە درووست كرابوون ، لەوێدا بۆ خەڵكی نمایش دەكران ، بەجۆرێك لە چەندین گەورە شاری ئەوروپا و ئەمەریكای باكوور  جێگای تایبەت بۆ ئەو جۆرە پێشانگایانە تەرخانكرابوون ، كەبەقسەی رۆژنامەی گاردیان  ئەوكات پێیان گوتوون " پێشانگا مرۆڤییەكان".

ژمارەی ئەوانەی رۆژانە سەردانی ئەو باخچانەیان دەكرد دەگەیشتە نزیكەی ٤٠ هەزار كەس ، ڕێگەش دەدرا چاودێری  ڕێورەسم و دابونەریت و سەمای میللی ئەو میللەتانە بكەن كە بەزۆر لەقەفەس كرابوون و بە پلەیەكی نزمتر لەخۆیان سەیریان دەكردن ، تەنانەت هەروەكو ئاژەڵ نمایش دەكران و دزێوترین سیفەتیان دەدانە پاڵ كەلەهەموو بەهایەكی مرۆیی دایاندەڕنین ، تەنانەت لەسەر ئاستی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ببونە جێگای گرنگیپیدانی پیاوانی خاوەنكار بۆ ئەوەی لەوڕێگەیەوە قازانجێكی زیاتریان وەگیر بكەوێت .

لەئەنجامی  شەڕی نێوان وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسپانیا لەساڵی ١٨٩٨ ئەمەریكا توانی دەست بەسەر وڵاتی فلیپیندا بگرێت  ، ئەمەش وایكرد كە ئەمەریكییەكان دوودڵ نەبن لەوەی زۆرترین ژمارەی خەڵكی فلیپین بگوازنەوە بۆ ئەو باخچە ئاژەڵییە مرۆڤییانەی لە گەورە شارەكانی ئەمەریكا درووستكرابوون ، ئەوە لەگەڵ ئەوەی  ژمارەیەك لە خەڵكی ئەفریقیش لەو باخچانەدا هەبوون .

لە ساڵی حەفتاكانی سەدەی نۆزدە زۆر بەخێرایی ئەو باخچە ئاژەڵییە مرۆڤیانە لە فەرەنسا بڵاو بوونەوە ، هۆكاری ئەوەش ئەو گەمارۆیە بوو  لەنێوان ساڵەكانی ١٨٧٠ بۆ ١٨٧١ سوپاكانی رووسیای قەیسەری خستبوویانە سەر پاریسی پایتەختی فەرەنسا كەبەوهۆیەوە برسییەتی و قاتوقڕی بڵاوببۆوە ، ئەوەش وایكرد خەڵك هەموو ئەو ئاژەڵانەش بخۆن كە لە باخچەكانی ئاژەڵاندا هەبوون ، هەر بۆیە دوای ئەو برسییەتییە بەرپرسانی شارەوانی پاریس بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ئاژەڵانە پەنایان بردە بەر هێنانی سەدان مرۆڤ بۆ نزیك بورجی ئیڤڵ .

لە ساڵی ١٨٨٩ پاریسی پایتەختی فەرەنسا میوانداری پێشانگایەكی نێودەوڵەتی كرد كە تێیدا ٤٠٠ پیاوی ئەفریقی نمایش كرابوون ، لەو پێشانگانگایانەدا نزیكەی ١٨ ملیۆن كەس سەردانیان كرد .

لەبەلجیكا ، لە هاوینی ساڵی ١٨٩٧ لیۆپڵدی دووەم پاشای بەلجیكا فەرمانی كرد بەدرووستكردنی یەكەم باخچەی ئاژەڵانی مرۆڤ لە برۆكسلی پایتەخت، دواتر ٢٦٠ كۆنگۆییان بۆ باخچەكە گواستەوە ، لەو ماوەیەشدا لانیكەم ١،٣ ملیۆن كەس سەردانی ئەو باخچەیان كردووە بۆ بینینی ئەو كۆنگۆییانەی داگیركەرانی بەلجیكی لە كۆنگۆوە هێنابوویانن بۆ ئەوێ .

لە نەرویج و لەساڵی ١٩١٤ یەكەم باخجەی ئاژەڵانی مرۆڤ لە ئۆسڵۆی پایتەخت درووستكرا ، كە لانیكەم ٨٠ ئەفریقی تێدا بوو كە لە سەنیگالەوە هێنابوویانن ، باخچەكە پێشوازییەكی جەماوەری زۆر گەرمی لیكراو ، لەەو ماوەیەدا زیاتر لە نیوەی گەلی نەرویجی بۆ شارەزابوون لە داب و نەریتی گەلی سەنیگال سەردانی ئەو باخچەیەیان كر.

ئەو جۆرە باخچانەش لەگەڵ سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی چەمكی مافەكانی مرۆڤ و ئەو ڕێكەوتننامە و جاڕنامانەی داوای پاراستنی مافەكانی مرۆڤیان دەكردەوە ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی رەگەز و ئاین و زمان و ڕەچەڵەك و هەر جۆرە جیاكارییەكی تر  ، ئەوانیش كۆتاییان هات .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی