شێخ جەعفەر پابەندی بڕیاری جێگری سەرۆكی هەرێم نابێت

کوردستان

09/04/2019‌ 2571 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت: ئەگەر ڕوویدا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان (لەپشكی گۆڕان) ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەكدارەكان بەهیچ جۆرێك وەك هێزی حەفتا گوێی لێناگرم.

قسەكانی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەهەمانكاتدا بەرپرسی هێزەكانی حەفتای پێشمەرگە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە باس لە هۆكاری دواكەوتنی واژووەكردنی ڕێكەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتی دەكات، هەروەها ئاماژە دەكاتبە بۆچونی خۆیان سەبارەت بە نیگەرانیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم.

دەقی وتووێژەكە:
هۆكاری دواكەوتنی واژۆكردنی ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی، ڕەنگە پارتی كێشەی هەبێت لەگەڵ گۆڕان؟
لەسەرەتای وتووێژەكەدا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سەبارەت بە هۆكاری دواخستنی واژۆكردنی ڕێككەوتن لەنێوان پارتی و یەكێتی لە دوێنێدا، وتی" ئەو لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتنەی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا كراوە وەك خۆیەتی و جێگیرە هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام بەڕاستی منیش وەك خۆی نازانم بەڵام ئەوەندەی بزانم برادەرانی پارتی ئێستا سەردانی حیزبەكانی تر دەكەن وە ڕەنگە هەندێك كێشە-شیان هەبێت لەگەڵ گۆڕاندا بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دواخرا بەڵام ڕێككەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتی لەجێگەی خۆیەتی و لەم ڕۆژانەشدا كۆتایی پێدێت."

"ڕەنگە ئێمە لەزۆرشت وازمان هێنابێت لەبەر بەرژەوەندی خەڵك "
شێخ جەعفەر دەڵێت: دیارە بەرژەوەندی خەڵك لەسەر و هەموو شتێكەوەیە، ئەو دۆخەی لەماوەی ڕابردوو ڕویدا خەڵك زۆر لە دڵەڕاوكێ و نا ئارامیدا بوو چونكە پەیوەندی پارتی و یەكێتی كاتێك بەرەو تێكچوون دەڕوات وەك پەیوەندی نێوان لایەنەكانی تر نیە چونكە دەبێتە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر "ئەمنیەت " و هەموو دۆخەكان ڕەنگە ئێمە لەزۆرشت وازمان هێنابێت لەبەر بەرژەوەندی خەڵك لەسەرۆكایەتی هەرێم بڕیارە بدرێتە یەكێتی جا ئەگەر یەكێك بوو یا بووە دوو جێگر ئەوە جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكان."

"ئەگەر جێگری سەرۆكی هەرێم( لەپشكی گۆڕان ) ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەكدارەكان بەهیچ جۆرێك گوێی لێ ناگرم"
سەبارەت بەوەی بۆچی یەكێتی پێداگری دەكات لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی هێزەكانی حەفتای پێشمەرگە وتی" ئێستا لەگۆڕەپانەكەدا پارتی و یەكێتی خاوەنی هێزن(هێزی ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیس) لەبەر ئەوە ئەو پۆستانەی پەیوەندی بەهێزی چەكدارەوەیە یا دەبێت یا لەژێر دەسەڵاتی پارتی بێت یاخود لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا بێت، هەم بۆ ڕێكخستنەوەی هێزەكان و یەكخستنەوە و دروستكردنی سوپایەكی پێشمەرگەی یەكگرتوو، ئاسایشی یەكگرتوو، وە پۆلیسی یەكگرتوومان هەبێت بۆ ئەم هەرێمە تا ئەم هێزانەمان بە یەكگرتووی هەبێت ."

بەڵام بۆ نابێت لای بزوتنەوەی گۆڕان بێت كە ئەوان هێزی سێیەمن لەكوردستان؟
لەوەڵامدا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت" لەبەر ئەوەی ئەوان هێزی چەكدارییان نیە، هێزی چەكدار لەلای پارتی و یەكێتیە لەبەر ئەوە دەبێت ئەوان بڕیار بدەن لەسەر هەنگاوەكانی یەكخستنەوە و یەكگرتن لەبەر ئەوە هەتا ئێوارە لایەنێكی تر بێت بڕیار لەسەر هێزی پێشمەرگە و هێزی حەفتا بدات من خۆم یەكێك لەوانەی گوێی لێ ناگرم، خۆ ئەگەر ڕوویدا جێگری سەرۆكی هەرێم( لەپشكی گۆڕان ) ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەكدارەكان بەهیچ جۆرێك گوێی لێ ناگرم چونكە ئەو نە پەیوەندی پێوە هەیە نە دەتوانێت بڕیار بدات، من دەتوانم بڕیار بدەم لەسەر یەكخستنەوەی هێزەكان و هەنگاوەكانی یەكخستنەوە ئەو چۆن دەتوانێت؟

بەڵام وەك یەكێتی ئێوە باسی بە دامەزراوەیی دەكەن؟ كاتێك كەسێك لە پۆستێكدایە لەهەر حیزبێك بێت و سەر و پۆستەكەی تۆ ببێت نابێت لەڕووی یاساییەوە تۆ فرمانەكانی جێ بەجێ بكەیت؟

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بە ڕۆژنامەنوسەكەی دەنگی ئەمریكا (ژیار)ی وت" دادە گیان حەقە لەو بابەتە تێبگەن ئەمڕۆ واقیعێك هەیە هێزەكان لای پارتی و یەكێتین دەبێت ئەوان بڕیار بدەن چۆن كەسێكی تر لەلایەنێكی تر لەدەرەوەی ئەو دوو حیزبە بێت بڕیار لەسەر پارتی و یەكێتی بدات بۆ یەكگرتنەوەی هێزەكانیان، ئەمە واقیعە خۆ ئەوە بە زۆرە ملێ نابێت."

"ئێمە حەقی گۆڕان-مان نیە"
سەبارەت بە نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بە پێدانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێم بە یەكێتی؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ڕایگەیاند" ئێمە حەقی ئەوانمان نیە ئێمە لەگەڵ پارتی ڕێككەوتن دەكەین لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لەوبارەیەوە نە قسە نە ڕێككەوتن دەكەین، گۆڕانیش لەگەل ئێمە ڕێكەوتنی نەكردووە، جا نەگۆران بێت ڕاوێژ بە ئێمە بكات بۆ پێكهێنانی حكومەت نە ئێمەش دەچین بۆ لای ئەوان هەردولامان بەجیا لەگەڵ لایەنی پێكهێنەری حكومەت كە (پارتی-یە)ڕێكدەكەوین."

"ئەوە بوختانە و درۆش دەكات"
شێخ جەعفەر ڕەتیكردەوە یەكێتی چاوی لەسەر پۆستەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بێت و وتی" ئێمە هیچ كات لەكۆبونەوەكانماندا لەگەڵ پارتی قەت نەچوین داوای پۆستێكی بزوتنەوەی گۆڕان بكەین ئەوەی دەڵێت وایە یا ئەوە پۆستی گۆڕانە و ئێمە چاومان لێیەتی ئەوە بوختانە و ە"درۆ-ش" دەكات، بۆشاییەك هەیە لەهەرێمی كوردستان كە نەبونی سەرۆكی هەرێمە بۆیە پێویستە سەرۆكێك بۆ ئەم هەرێمە دیاری بكرێت."

" پارتی بەڵێنی جێگری سەرۆكی هەرێمی پێداوین و لەهەمواری یاسا-شدا جێگری دەكەن "
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان جەختی كردەوە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكان دراوە بەیەكێتی و وتی" پارتی بەڵێنی پێداوین یەكێك لەپۆستەكان جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكانە تەواو ڕێككەوتنی لەسەر كراوە لەگەڵ پارتی وە دەبێت لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیش جێگیر بكرێت."

سەبارەت بەوەی پارتی دەیەوێت یەكێتی ڕازی بكات بە یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكان لەبری جێگری سەرۆكی هەرێم؟ شێخ جەعفەر ڕەتی كردەوە و ڕایگەیاند" ڕێككەوتنی لەسەر كراوە تەواو بوو ئەوە ئەگەر سەر لەنوێ دانوستان دەستی پێكردەوە دیارە شتی نوێ دێتەپێش."

"ئەگەر هەر پاشگەزبونەوەیەكی تێدا بێت سەرلەنوێ دەبێت دەست بكەینەوە بە دانوستان و وتووێژ ئەویش خوا دەیزانێت چەندی تر دەخایەنێت"
دوێنێ دوو شەمە لە وتووێژێكی ژیار محەمەد لەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكا كوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند" داواكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە لایەن یەكیتیەوە بۆ چارەسەر كردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتەوە هەیە بۆ ڕازی كردنی هەموو باڵەكانە وە دۆزینەوەی پۆستە بۆ هەموو ئەو كەسانەی لەناو ئەو باڵانەدا داوای پۆست دەكەن." )

لەوەڵامدا شێخ جەعفەر دەڵێت" وەڵامی من هەر ئەوەیە ئێمە لەگەڵ پارتی گەیشتوینەتە ڕێككەوتن لەم چەند ڕۆژەدا واژۆ دەكرێت ئەوەی لەسەری گەیشتوینەتە لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتن ئەگەر هەر پاشگەزبونەوەیەكی تێدا بێت سەرلەنوێ دەبێت دەست بكەینەوە بە دانوستان و وتووێژ ئەویش خوا دەیزانێت چەندی تر دەخایەنێت، هەرچەندە من پێم وانیە پارتی پاشگەزبێتەوە وە ئێمەش هەروا بۆیە دەگەینە ڕێككەوتن و پارتی بە دڵنیایی ڕازی بووە بە پێدانی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكان بە یەكێتی."

"حەز دەكرێت با پەنجا جێگریش هەبێت"
كوێستان محەمەد لە وتوێژەكەدا ئەوەشی وتبوو" " لەساڵی 2005 وە یەك جێگری سەرۆكی هەرێم بووە، جێگرەكە بۆ هەردوو كاروبارەكە" كارگێری وە سەربازی بووە." بێگومان جێگرەكەی گۆڕان دەتوانێت هەردوو ئەركەكە بەڕێوەببات"

بەڵام شێخ جە'فەر شێخ مستەفا دەڵێت" هەر جێگرێك كاری خۆی دەبێت كارەكانیان دیاری دەكرێت، ئەگەر كاری هەریەكەیان دیاریكرا لێكتێگەیشتن هەبوو هیچ پێكدادانێك دروست نابێت و لێكتێگەیشتن دروست دەبێت بێگومان "حەز دەكرێت با پەنجا جێگریش هەبێت ."

هەروەها وتیشی " هەركەس دابنرێت خۆی حیمایەی هەیە، ئۆفیسیش مەگەر بە "هەوەس" خۆی بیەوێ گەورەی بكات بێگومان هەرشتێك بتەوێ دروستی بكەی ئیمكانیەتی مادی دەوێ خۆ بەڕێوەبردنی وڵات بە بەلاش ناكرێت."

"پۆستەكانی یەكێتی"
دەربارەی ئەو پۆستانەی یەكێتی وەریدەگرێت، شێخ جەعفەر وتی" جگە لەشەش وەزارەت، پۆستەكانی جێگری سەرۆكی هەرێم، جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان هەروەها چەند دەستەیەكیش وەردەگرین، بەڵام هێشتا كاندیدەكانمان دیاری نەكردووە و باسی ئەوەمان نەكردووە كێ لە چ پۆستێك دادەنرێت."

" وەك یەكێتی ئیمانی تەواومان بەوە هەیە هەموو لایەنەكان بەشداربن لەحكومەت و دژی پاوانخوازین"
شێخ جەعفەر ئەوەشی وت" وەك یەكێتی ئیمانی تەواومان بەوە هەیە هەموو لایەنەكان بەشداربن لەحكومەت و دژی پاوانخوازین حەزدەكەین گۆڕان و هەموو لایەنەكانی تر ئەوانەی پێگەیان هەیە بەشدار بن لەحكومەت و پێكەوە خزمەتی میللەت بكەین."