شارپرێس:
چین قەرەباڵغترین وڵاتی جیهانە ، بەجۆرێك بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٧ ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە ١،٣٨٦ ملیۆن كەس .
ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووان گرفتی ئەوەی بۆ ئەو وڵاتە درووست كردووە كە ڕووبەری پێویست نەبێت بۆ ئەوەی ئەو هەموو ژمارە زۆرەی دانیشتووان لەخۆبگرێت ، ئەمەش پاڵی بە حزبی دەسەڵاتداری چینەوە ناوە كە بیر لەگەلێك ڕێگا و ڕیباز بكاتەوە تا چارەسەری ئەو گرفتەیە بكات، كە یەكیكیان بریتییە لە ڕێگری لەوەی هەر خێزانە و لەیەك منداڵ زیاتری ببێت .
بەڵام ئێستا گرفتێكی تر سەریهەڵداوە ، ئەویش بریتییە لە نەبوونی گۆڕستانی پێویست بۆ ناشتنی مردووەكان .
ئەو كەمی زەوییەی بۆ ناشتنی مردووان تەرخان كراوە وایكردووە كە نرخی شوێنی ناشتنی مردوو گەلێك بەرز ببێتەوە .
ئەم گرفتە ، پاڵی بە حكوومەتی چینەوە ناوە كە هاوڵاتییان ناچار بكات لەجیاتی ئەوەی خۆڵەمێشی جەستەی مردووەكانیان لەجیاتی ئەوەی بیانخەنە ناو گۆزەی گڵینەوە كە هەزاران ساڵە چینییەكان بەكاری دەهێنن ، داوا دەكات بیانخەنە ناو شووشەی تایبەت كە لەدواتردا شی دەبنەوە .
بەگوێرەی رۆژنامەی "گاردیان'ی بەریتانی ئەو "ناشتنی ئایكۆلۆجی'یە نوێیە ، وادەكات لەو ڕووبەرەی پێشتر تەنیا ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ گۆڕی مردووی تیدا جێدەكرایەوە ، ئیستا جێگای ٢٠٠٠ لەو گۆڕە نوێیانە ببێتەوە .
بەگوێرەی قسەی سۆن یینگ، كە لەیەكێك لە گۆرساتەنە تایبەتەكان خزمەتگوزاری ناشتنی ژینگەیی پیشكەش دەكات گوتوویەتی سەرەرای ئەوەی چەند ساڵێكە بەرپرسانی چین برەو بەو جۆرە لە ناشتن دەدەن ، بەڵام وا تازە خەڵك دەگەنە ئەو بروایەی كە ئەوە قبووڵ بكەن .
یینگ بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیایی گوتووە كە وردە وردە خەڵك ناشتنی دۆستی ژینگە قبووڵ دەكەن ، بەدڵنیایی لەداهاتوودا خەڵكێكی زۆرتر روو دەكەنە ئەو شیوازە نوییەی ناشتن كە زەوییەكی زۆر دەگێڕێتەوە .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی