بەنیازبووە بچێتە سلێمانی.. دەستگیركردنی بەرپرسێكی داعش لەكەركوك راگەیەنرا

کوردستان

11/04/2019‌ 1114 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان دەستگیركردنی وتەبێژی چەكدارانی داعشی لەكەركوك راگەیاند، كە بەنیاز بووە بچێتە شاری سلێمانی.

عوسمان عەبدولكەریم بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئاسایشی گەرمیان لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاند، ئەو كەسەیان لە سنووری قەزای كەلار دەستگیركردووە، كە چەكدارێكی داعشی بەرەگەز عەرەبە.

عوسمان عەبدولكەریم راشیگەیاند، ئەو چەكدارەی رێكخراوی داعش لەسەرەتای دامەزراندنی رێكخراوەكە پەیوەندی پێوەكردوون‌و بەرپرسی گواستنەوەی چەكدارانی داعشیش بووە لەسنووری كەركوك‌و حەویجەو پەڵكانە.

هەروەها رایگەیاندووە، چەكدارەكەی داعش ناسنامەی ساختی پێبووەو بەنیاز بووە، بچێتە شاری سلێمانی، بۆ ئەوەی لەو شارە خۆی حەشار بدات‌و دەربازی ببێت لەدەست هێزە ئەمنییەكان.

هـ ـ ح