نەوەی نوێ: دۆخی هەرێم گەیشتووەتە ئاستێك خەڵك وەك سودان و جەزائیر بڕژێنە سەر شەقام

کوردستان

11/04/2019‌ 800 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، دۆخی كوردستان ماوەی ٢٨ ساڵە دوو بنەماڵە حوكمڕانی دەكەن، كە گەیشتووەتە ئاستێك خەڵك وەك سودان و جەزائیر بڕژێنە سەر شەقام.

ئەو هەڵوێستەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەمیانی ڕاگەیەندراوێكی بووە لەسەر ڕووداوەكانی سودان، كە میدیای فەرمی جوڵانەوەكە بڵاویكردووەتەوەو راشیگەیاندووە "ئەو جوڵەیەی سوپای سودان بۆ لادانی عومەر حەسەن بەشیر، پاش چەند مانگێك لەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوانی گەلانی سودان دێت لەدژی رژێمی ناوبراو و دارودەستەكەی، كە ماوەی ٣٠ ساڵە بەشێوەیەكی ستەمكارانە وەك حاكمی ئەو وڵاتە خۆی سەپاندووە و بەردەوام لەهەوڵی كۆنترۆڵكردنی جومگە سەرەكییەكانی حوكم و وڵات بووە، لەنێویشیاندا سوپا و هێزە ئەمنییەكان".

هەروەها رایگەیاندووە، ئەوەی لەسودان روویدا، سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە هەرچەندە ستەمكارێك ساڵانێكی دوورو درێژ لەڕێگەی رەفتارە ستەمكاری و قۆرخكاریەكانیەوە حوكم بكات و هەرچەند سوپا و هێزە ئەمنییەكان كۆنترۆڵ بكات و لەبەرژەوەندی خۆی و لەپێناو مانەوەی لەحوكمدا بەكاریان بهێنێت، بەڵام لەكاتی ناڕەزایی و تووڕەیی و جوڵەی شەقامدا، دواجار ئەو هێزانە یان دەچنە پاڵ ناڕەزایی گەلەكەیان هاوشێوەی ئێستای سودان، یاخود بێلایەنانە دەمێننەوە و بەرگری لە ستەمكارێك ناكەن، هاوشێوەی جەزائیر".

جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێیوایە، نموونەكانی جەزائیر و سودان، بۆ بارودۆخی كوردستانیش راستە، چونكە كوردستانیش هاوشێوەی هەریەكە لەو دوو وڵاتە، ماوەی ٢٨ ساڵە دوو بنەماڵە جومگەكانی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و، لەڕووی خزمەت نەكردنی هاووڵاتیان و پابەند نەبوون بەبنەما سەرەتاییەكانی دیموكراسیەت و شێوازی حوكمڕانیەوە، چوونیەكن و ئامادەگی دۆخێكی لەو جۆرەی تێدایە".

جەختی لەوەش كردووەتەوە، بارودۆخی كوردستانیش گەیشتووەتە ئاستێك، كە چیتر ناڕەزاییەكانی خەڵك بە بێدەنگی نەمێنێتەوە و لەڕێگەی رژانە سەر شەقامەكانەوە چارەنووسی ئەم دەسەڵاتە بەهەمان چارەنووسی دەسەڵاتدارانی جەزائیر و سودان ببات"

هـ ـ ح