پەرلەمانتارێکى یەکێتى: یەکێتى سورە لەسەر وەرگرتنى جێگرى سەرۆکى هەرێم

کوردستان

11/04/2019‌ 1393 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارێکى یەکێتى لەپەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت کە یەکێتى سورە وەرگرتنى لەسەر جێگرى دووەمى سەرۆکى هەرێم.

لوقمان حەمەد ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتى لەپەرلەمانى کوردستان بە شارپرێسى راگەیاند، داواکارییەکانى یەکێتى بۆ زیادکردنى جێگرى سەرۆکى هەرێم لەپڕۆژەى هەموارى یاسای سەرۆکایەتى هەرێم جێگیر کرا،بەڵام کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ پەسندکردنى یاساکە دواخرا بۆ ئەوەى دەرفەت بدرێت بەلایەنەکان بۆ رێکەوتن، چونکە ئەم پرسە رەهەندى نیشتیمانى هەیە.

ئاماژەى بەوەشکرد، یەکێتى هیچ لارییەکى لەوە نییە کە جێگرى یەکەم بۆ گۆڕان بێت، بەڵام بەوتەى خۆى دەبێت جێگرى دووەم بۆ حزبەکەى بێت بەو پێیەى یەکێتى خاوەنى هێزى پێشمەرگەو ناوخۆییە کە وەک ئەو دەیڵێت لەم قۆناغەدا گرنگە جێگرى سەرۆکى هەرێم لاى یەکێتى بێت.

سەبارەت بە ئەگەرى رەتکردنەوەى پۆستى جێگرى یەکەمى سەرۆکى هەرێم ئایا یەکێتى هەر لە گەڵ ئەوەیە سەرۆکى هەرێم دوو جێگرى هەبێت، لوقمان حەمەد دەڵێت" ئێمە جەخت لەسەر پێگەو مەوقیعیەتى یەکێتى دەکەینەوە لەسەرۆکایەتى هەرێمدا، بۆیە لەو حاڵەتەشدا پێشنیارى جێگرى یەکەم و دووەم دەخرێتە دەنگدانەوە".

پەرلەمانتارەکەى یەکێتى پێى باشە سەرۆکایەتى هەرێم دوو جێگرى هەبێت بەوپێیەى ئەو دامەزراوەیە گرنگ و نیشتیمانییەو بەتەنیا پەیوەست نییە بە هیچ حزب و رێکخراوێکەوە.

بەپێى وتەى پەرلەمانتارەکەى یەکێتى داواکاری سەرەکى حزبەکەى پێگەى یەکێتییە لەسەرۆکایەتى هەرێم، بۆیە ئەوان پێیان باشە جێگرى سەرۆکى هەرێم بۆ کارووبارى پێشمەرگەو ناوخۆ بۆ یەکێتى بێت و دەشڵێت، ئەگەر گۆڕان جێگرى یەکەمى نەویست و خۆى کشایەوە ئەوە گرفتى ئێمە نییە،ئێمە قسە لەسەر بەرەکەوتەى یەکێتى دەکەین لە دامەزراوەى سەرکایەتى هەرێمدا.

 

بڕیار بوو رۆژى سێ شەممە پەرلەمانى کوردستان بۆ پەسندکردنى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم کۆبێتەوە، بەڵام بەهۆى ناڕازیبوونى گۆڕان لەسەر دانانى جێگرى دووەم بۆ سەرۆکى هەرێم کۆبوونەوەکە دواخرا.

 

 بڕیارە بەم نزیکانە شاندێکى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ چارەسەرکردنى ئەو پرسە سەردانى سلێمانى بکات و لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕاندا کۆبیتەوە.

 

بەپێى رێکەوتنى گۆڕان و پارتى پۆستى جێگرى سەرۆکى هەرێم بەر گۆڕان کەوتووە، بەڵام بەهۆى پێداگیرى یەکێتى پۆستى جێگرى دووەم بۆ سەرۆکى هەرێم زیادکرا، ئەوەش نیگەرانى کۆڕانى لێکەوتەوە.
س.هـ