یەكێتی رێككەوتنی پێشوەختەی بۆ رادەستكردنی گیراوە عەرەبەكان هەبووە

عیراق

12/04/2019‌ 1448 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای سلێمانی 25 عەرەبی دەستگیركراویان ڕادەستی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لەكەركوك كرد، ئەوەش بەپێی رێككەوتنێكی پێشوەختی نێوان یەكێتی و ئەو ئەنجومەنە.

ئەو دەستگیركراوانەی، كە ڕادەستی ئەنجوومەنی سیاسی عەرەبی كراون، دواتر براونەتە ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك، بڕیاروایە پاشان ڕادەستی پۆلیس بكرێن بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەگەڵ كردن.

لەو بارەوە دەنگی ئەمریكا لەزاری، محەمەد عوسمان پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی لەكەركوك بڵاویكردەوە، نزیكەی سێ مانگ لەمەوبەر وەكو شاندێكی یەكێتی سەردانی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی یان كردووە، بڕیاری باشكردنی پەیوەندیەكانیان و هێوركردنەوەی دۆخەكەیان داوە."

ناوبراو، كە خۆی یەكێك بووە لەئەندامانی شاندەكە، ڕوونیكردەوە ئەنجوومەنی عەرەبی داوایانكردووە كردنەوەی كلیلی هێوركردنەوەی دۆخەكە با لە زیندانیەكانەوە دەست پێبكات، وتی: "ئێمە پێمانوتن ئەوانەی گیراون، هەموویان تاوانبارن."

جەختیشیكردەوە داواكاری ئەنجومەنی عەرەبی ئەوەبووە كە تۆمەتبارەكان ڕادەستی یاسا و هێزە ئەمنیەكانی عێراق بكرێت، بەبیانووی ئەوەی هەرێم و عێراق هەر یەك وڵاتن و یاسا هەر یاسایە، وتی"دواتر بڕیاردرا زیندانیەكان ڕادەستی دادگای عێراقی بكرێت، نەك ئازاد بكرێن."

دوای ڕادەستكردنی 25 دەستگیكراوەكە پێ یان، ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لەكەركوك لە بەیاننامەیەكدا، ستایشی هەڵوێستی هێزە ئەمنیەكانیان كردووە و بە نیشاندانی "نیازپاكی"بۆ هێوركردنەوەی پەیوەندیەكانیان ناویان بردووە.

ئیسماعیل حەدیدی ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لەكەركوك، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند"ئەوانەی لەلایەن دژەتیرۆرەوە ڕادەستی هێزە عێراقیەكان لەكەركوك كراون هەموویان عەرەبن."

وتیشی"دەمێكە لەزیندان ، بۆیە گەر بێ تاوان بن ئازاد دەكرێن."

پێدەچێت ڕادەستكردنی ئەو 25 دەستگیركراوە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی سلێمانیەوە، كەبڕیارە رادەستكردنی ژمارەیەك دەستگیركراوی تری بەدوادابێت، سەرەتایەك بێت بۆ هەوڵەكانی یەكێتی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوكدا.

هـ ـ ح