بەرپرسێکی رێکخراوی بەدر هۆشداریی دەداتە وەزارەتی ناوخۆ لە گوێگرتن لە بەرپرسانی کوردی کەرکوک

عیراق

13/04/2019‌ 1356 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێکی رێکخراوی بەدر رایگه‌یاند، كورد له‌ 91 پۆستی پۆلیسی کەرکوکی بەدەستەوه‌یه‌، بڕیاریشە بۆ زیادکردنی پۆستەکانیان شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی کەرکوک بکات. 

محەممەد مەهدی بەیاتی، بەرپرسی میحوەری باکووری رێکخراوی بەدر رایگه‌یاندووه‌،  "لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی کەرکوک دەکات، چونکە پارتە کوردییەکان لای بەشێک لە بەرپرسانی وەزارەتەکە سکاڵایان کردووە، بەوەی لە پۆستەکانی پارێزگاکە مافیان خوراوەو، ستەمیان لێکراوە".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی رێکخراوی بەدر كه‌ له‌لایه‌ن هادی عامری-یه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت راشیگه‌یاندووه‌، "ئەو شاندەی وەزارەتی ناوخۆ دێن، بۆ ئەوەی پۆستی دیکە بدەنە کورد و، بۆیان بکەنە 100، یاخود 150 پۆست، تاوەکو رازیان بکەن".

به‌یاتی ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، "ئایا ئەمە ستەم و چەوسانەوەی تورکمان و عەرەب نییە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە".

له‌وباره‌یه‌وه‌ هۆشداری ده‌داته‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق و رونیده‌كاته‌وه‌، "پروپاگەندەی پارتە کوردییەکان بەوەی پەراوێزخراون، جێگەی پێکەنینە، چونکە ئێستا ئەفسەرانی کورد 91 پۆستیان لە پۆلیسی کەرکووک بەدەستەوەیە، بەڵام عەرەب 21 پۆست و تورکمانیش 18 پۆستیان هەیە".
ه.م