بەرهەم ساڵح: هەوڵ بۆ خزمەتكردنی كەسوكاری ئەنفالەكان دەدەین

عیراق

14/04/2019‌ 736 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک کۆمارى عێراق رایگەیاند لەدواى ٣١ ساڵ گۆڕێکى ترى بە کۆمەڵى خەڵکى بێتاوان و لێقەوماوى کوردستان دەدۆزنەوە.

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق لەمیانى سەردانێکیدا بۆ سەماوە و لە ساڵیادى شاڵاوى ئەنفالدا رایگەیاند" لەدواى ٣١ ساڵ گۆڕێکى ترى بە کۆمەڵى خەڵکى بێتاوان و لێقەوماوى کوردستان دەدۆزینەوە،تاوانەکانى رژێمى پێشوو دەرحەق بە خەڵکى کوردستان تاوانى لەیادنەچوون و تاوانى دژ بە مرۆڤایەتین کە بۆ ریشەکێشکردنى ناسنامەى نەتەوایەتى خەڵکى کوردستان بوون".

سەرۆک کۆمار ئاماژەى بەوەشکرد، سەدام حسێن بە سزاى خۆى گەیشت و پەندێکى گەورەیە کە زوڵم بۆ کەس ناچێتە سەر، جەختیشیکردەوە دواى کۆتایی هاتنى سەدام دۆخێکى نوێ لە عێراق هاتووەتە پێشەوە کە جارێکى تر نەهامەتى ئەنفال و دیکتاتۆریەتى تێدا دووبارە نەبێتەوە.

بەرهەم ساڵح وتشى"پێمانوابوو بەتەواوەتى بنبڕکراوە،بەڵام لەسەر هەڵدانى داعش و کۆمەڵکوژییەکانى داعش دەرحەق بە پێکهاتەکانى عێراق و کوردستان و ئیزیدیەکان کە ئەو بیرکردنەوەیە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بۆیە پێویستە خەڵکى عێراق و کوردستان و خەڵکە خەمخۆرەکەى ئەم وڵاتە هاوکارو هەماهەنگ بین نەهێڵین جارێکى تر دیکتاتۆریەت لەم وڵاتەدا سەر هەڵبداتەوە".

سەرۆک کۆمار رونیشیکردەوە، کە ئەنفال بیرنێکە هەرگیز ساڕێژ نابێت، بەڵام پێویستە هەوڵبدرێت خزمەتى کەسوکاریان بکرێت و ئەرکى سەرشانى خۆیان بەرامبەریان جێبەجێ بکەن، جەختیشیکردەوە ئەو لە سەرۆکایەتى کۆمار چیان پێ بکرێت بۆ خزمەتکردنى کەسوکارى ئەنفالەکان دەیکەن.
س.هـ