30 ساڵی تاریك.. هەر بەڕاستی عومەر حەسەن بەشیر كۆتایی هاتووە؟

جیهان

14/04/2019‌ 1528 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڕنكارییە مەحاڵەكە لەسودان ڕوویدا، سەر‌باری ئەوەش قورسە،  لەسەر دەموچاو و بەڵێنەكان بڕیار بدەیت، كە لەوانەیە گومانكردن زێدەڕەووی تێدا بێت، بەڵام لە پەیپێبردن‌و هۆشداری داكەوتەوە (واقع) سەرچاوەی گرتووە، كە بەچاوی خۆمان دەیبینین. 

ڕۆژی دواتری هەڵگەڕانەوە سەربازییەكەی 30 یۆنیۆی (حوزەیران) ی ساڵی 1989 لەبیرناكەم، كاتێك سەركارێكی (عەمید) سوپای بێ ناونیشان بە ناوی عومەر بەشیرەوە دەسەڵاتی گرتەدەست. 

ئەو كات بەیانییەكەی لەگەڵ هاوڕێیەكی كارم بە ناوی مامۆستا عەبدووولەتیف مناوی، چووینە لای حوسنی موبارەكی سەرۆكی میسر كە پێشتر ئامادەكاری بۆ ئەو دانیشتنە كرابوو. 

ئوسامە بازی ڕاوێژكاری سەرۆك و سەفوەت شەریفی وەزیری ڕاگەیاندنیش ئامادەی دانیشتنەكە بوون.

بێ سێ و دوو، هەڵگەڕانەوە سەربازییەكەی سودان و ئەوانەی لەپشتییەوە بوون دەستپێكی گفتوگۆكەمان بوو. بە ڕاشكاوی لە سەرۆك موبارەكم پرسی ئاخۆ میسر دەستی لەو گۆڕانكارییەدا هەیە، بەوەش پشتئەستوور بووم كە ئاژانسی هەواڵی شەرقلئەوستی میسری یەكەم ئاژانس بوو دوێنی هەواڵەكەی بڵاوكردبۆوە.

سەرباری ئەوەی سەرۆك موبارەك ووڵامەكەی كردە گاڵتەوگەپ، بەڵام تەواو لەوە دڵنیابوو كە هەڵگەڕانەوەكەی سودان لەسەر ئەوان حساب دەكرێت، ئەو هەواڵە بۆ ئەو دڵخۆشكەر بوو، لەوەش نەترسا پێشوازی لێ بكات! لە ڕاستیشدا بۆ چەند ڕۆژێك حكومەتی میسری پێی وابوو ئەنجامدەرانی ‌هەڵگەڕانەوە سەربازییەكە سەربەخۆیانن.  

لە ڕاستیدا حكومەتەكەی سادق مەهدی، كە هەڵگەڕانەوەكەی بەسەردا كرا و هەڵبژێردراوی گەلیش بوو، پەی بە ئاكامی بڕیارە سیاسییەكانی خۆی نەدەبرد، كۆمەڵێك هەڵەشی كردن لەوانەش نزیكبوونەوە لە ئێران كە سێ گرنگترین هاوپەیمانەكانی لێ توڕەكردن: میسر و سعودیە و ئەمریكا، ئەمە جگە لەوەی بڕیاریشدا لەگەڵ باشوور بكەوێتەوە دانوستانەوە ، پێش ئەوەی دەستەبەری ڕەزامەندی جەمسەرە سیاسییەكانی ناوخۆی سودان بكات.

لە كۆتایشدا دەركەوت‌ قاهیرە دوا شوێن بوو ڕاستی رووداوەكەی سودان بزانێت، هەڵگەڕانەوەكەش لەپێش خۆی مەترسیدارتر بوو. دەركەوت ئەوانەی گوماناوی ئەوەیان هەبوو كە بەشیر تەنها عەسكەرێكی توڕەیە،‌ نەوەك لقێكی‌ ئیخوان موسلمینی كە دوژمنی میسر و موبارەكن، ناویشی ((بەرەی نەتەوەیی ئیسلامی)) بوو كە كۆچكردوو حەسەن توڕابی سەركردایەتی دەكرد.

كۆمەڵە ئیخوانییەكە بەشیری سەركاریان (عەمید) هەڵبژارد، چونكە بەشیر لە كادیرەكانی بزووتنەوەكە بوو، بۆماوەیەكیش لە پشت پەردەوە جڵەوی حوكمڕانی بەدەستەوە بوو، دواتر توڕابی خۆی ئەو ووردەكارییانەی باسكردن، باسی ئەوەشی كرد كە شەوی هەڵگەڕانەوەكە داوای لە بەشیر كردووە بیخاتە بەندیخانەوە، تاوەكو خۆڵ بكاتە چاوی خەڵكەوە و پلانگێڕییەكەی‌ ئاشكرا نەبێت. 

بەشیر 30 ساڵی تاریك و ئەنگوستەچاو فەرمانڕەوایی سودانی كرد، هەموو ئەو تاوانانەی كردن كە بە خەیاڵی هیچ مرۆڤێكدا نایەن، سەرباری زۆری ئەو فەرمانڕەوا خراپانەی لەو ناوچەیەی ئێمەدا فەرمانڕەواییان كردووە، كەچی بەشیر تاكە فەرمانڕەوایانە كە داواكراوی دادگای تاوانكاری نێودەوڵەتییە.

لەپێناو مانەوە لە حوكمڕانیدا، بەشیر هەموو شتیكی فرۆشت، نەوت و باشوور، سەرەزلەكانی تیرۆری پەنادان وەك: بنلادن، كارلۆس،حزبوڵای لوبنانی سەر بە ئێران.

لە سایەی حوكمی بەشیردا سودان هەژارتر و پەرتەوازەتر و پڕ جەنگتر بوو، ئاخۆ ئەمڕۆ بە ڕۆیشتنی دۆخی ووڵات باشتر دەبێت لەوەی پێشتر؟ چارمان نییە و هەر دەبێت گەشبین و چاوەڕوانبین. 

كاتێك لەسەرەتای ووتارەكەمدا باسی ئەوەم كرد چۆناوچۆن توڕابی و بەشیر جیهانیان خەڵەتاند، مافی سودانییەكانە گومانبەرن و بترسن لە دووبارەبوونەوەی گەمەكە.

خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان كە شێلگیرانە بۆ چەند هەفتەیەك بەردەوام بوون لەسەر داواكارییەكانیان و بەشیریان لادا، ئەركە سەرەكییە گرنگەكەشیان خسته ‌ئەستۆی عەسكەرەكان كە فەرمانڕەواییەكی مەدەنی دامەزرێنن.

ئێستا پیویستە لەسەر عەسكەرەكان بیسەلمێنن كە لە ئاستی بەڵێنەكانیاندان بە گواستنەوە و ڕادەستكردنی دەسەڵات بۆ بندەستی حوكمڕانییەكی مەدەنی لە ئایندەدا. ئەوان كۆمەڵە بڕیارێكی ئەرێنییان دەركرد بە هەڵوەشاندنەوەی بوونی دەموچاوە حزبییەكانی حكومەت و  دوورخستنەوەیان لە دەسەڵات، ئەو دەسەڵاتەی  پێشتر حزبی فەرمانڕەوا هێلانەی خۆی تیادا دروستكردبوو ، چونكە هێشتا ئەو كۆمەڵە ئیسلامییە لەناو جەرگە و قوڵایی حكومەتەكەی ((خەرتوم)) دان. 

سەرچاوە: شەرقلئەوسەت 
نووسین: عەبدولڕەحمان ڕاشد
 وەرگێران: لوقمان حاجی قادر