شارپرێس:
كارلی یۆست سەرۆكی دامەزراوەی ناحكومی ئەمەریكی "CRC" دەڵێت: دەبێت دایكان و باوكان پێش بڵاوكردنەوەی وێنەی منداڵەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باش بیر لەوە بكەنەوە .
یۆست دەشڵێت: هەندێك وێنەی منداڵان هەیە لەناو گەرماو، یان سەرئاو گیراون ، كاتێك منداڵەكە تەمەنی دەگاتە ١٦ یان ١٨ ساڵی ئەو كات ئەو وێنانە بەلای ئەوەوە شتێكی خواستراو و پێكەنیناوی نابن.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لای دامەزراوەكە هەیە ٩٠% منداڵان ئەوانەی تەمەنیان لەدوو ساڵان تێناپەڕێت وێنەكانیان بەهۆی دایك و باوكیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێتەوە، لەكاتێكدا ئەوە شتێك نییە منداڵان خۆیان رەزامەندیان لەسەر دابێت .
بۆیە یۆست ئامۆژگاری دایكانو باوكان دەكات، كە تایبەتمەندی منداڵەكانیان بپارێزنو وێنەكانیان لە ئەلبوومی خێزانیدا هەڵبگرن لەجیاتی ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاویان بكەنەوە .
هەروەك یۆست هۆشداری دەدات لەوەی دایكان و باوكان وێنەی منداڵەكانیان بەڕووتی بڵاوبكەنەوە ، یان وێنەیەك بێت بەجۆرێك لە جۆرەكان واتایەكی سێكسی بگەیەنێت .
لەو چوارچێوەیەدا یۆست ئەوە بەگوێی دایكان و باوكان دەداتەوە بەوەی ئەوە لەبەر چاو بگرن، كە ئەو وێنەی دایدەبەزێنن بەجۆرێك بێت هەموو كەس نەتوانێت بیبینێت، بەڵكو تەنیا ئەو كەسانە بیبینن، كە خۆتان بەلاتانەوە گرنگە .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی