سەعدی پیرە: یەكێتی لەگەڵ پارتی لەسەر شەراكەتی راستەقینە ڕێككەوتووە

کوردستان

15/04/2019‌ 800 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی رایگەیاند، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر شەراكەتی راستەقینە ڕێككەوتوون بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

سەعدی ئەحمەد پیرە راشیگەیاند، بەو پێیەش یەكێتی نیشتمانی كوردستان رۆڵ پێگەیەكی كاریگەری لەسەرجەم جومگەكانی حكومڕانی دەبێت لەهەرێمی كوردستاندا ، بەئاراستەی خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و هەنگاونان بۆ ئاوەدانی و ئارامی سەقامگیری سیاسی و ئابوری كە ببێتە مایەی پێشكەوتنی زیاتری ناوچەكە.

سەبارەت بەرەوشی سیاسی عێراق و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداش سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، لەیەكتر گەیشتنی باش هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ زیاتر توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بەتایبەتی كۆتاییهێنان بە كێشە دارایی و ئابوری .

قسەكانی سەعدی پیرە لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ مونیاراتزی مۆتسی سەردەستەی تیمی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عێراق ( یونامی ) لە هەرێمی كوردستان.

پیرە هیوای خواستووە نەتەوەیەكگرتووەكان هاوكار و هەماهەنگ بێت لە پرۆسەی سیاسی و ئابوری  هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئاژانسە نێودەوڵەتییە جیاجیاكان بەتایبەتیش راوێژی یاسایی و سیاسی وبەردەوامیدان بەو كۆمەك و هاوكارییە مرۆییانەی پێشكەشی دەكەن .

دواتر ز مونیاراتزی مۆتسی سەردەستەی تیمی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عیراق ( یونامی ) لە هەرێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو هەنگاوانەی كە بۆ لەیەكتر گەیشتن و رێكەوتنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان نراوە ، ووتیشی

 

نەتەوەیەكگرتووەكان دەستخۆشی لە هەموو هەنگاوێك دەكات ببێتە مایەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سیاسی و ئابوری بۆیە لە نزیكەوە و بەبایەخەوە دەڕوانێتە ڕەوشی سیاسی ناوچەكە بەگشتی ئامادەیی هەموو هەماهەنگیەكی نەتەوەیەكگرتووەكانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی نیشاندا .

هـ ـ ح