دووبارە بژاردنەوەی دەنگەكان سۆپرایزی گەورەی بۆ حیزبەی ئەردۆغان پێیە

جیهان

16/04/2019‌ 4396 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسەكانی هەڵبژاردن رۆژی دووشەممە فەرمانیان كرد بەدووبارە بژاردنەوەی دەنگەكان بۆ دووەمجار لە گەڕەكێكی رۆژهەڵاتی ئەستەمبوڵ لەدوای ئەو تانانەی حیزبی پارتی دادوگەشەپێدان بەسەرۆكایەتی ئەردۆغان لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لەئەنجامی هەڵبژاردنەكانی شارەوانیەكانیان دابوو، تێیدا حیزبی دەسەڵاتدار لەو شارە گەورەیەدا شكستی هێنابوو.

كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان بۆ سەرۆكایەتی شاری ئەستەمبول بن عەلی یلدرم وتی: جیاوازی نێوان من و كاندید ئیمام ئۆغلۆ بۆ 12 هەزار دەنگ كەمی كردوە دوای بژاردنی 10%ی دەنگەكان، دوای ئەوەی ژمارەكە 19 هەزار دەنگ بوو، ئەمەش بە گوێرەی – نیو تورك پۆست-.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رۆژی دووشەممە ناوبراو هێمای بۆ ئەوە كرد ، لە دوای ژماردنەوەی سەرجەم دەنگەكان ئێمە متمانەمان هەیە لە بەرژەوەندی ئێمە تەواو دەبێت، ئەوەشی وت: تا ئێستا وردبینی بەردەوامەو ئەنجامەكان بە شێوەیەكی كۆتایی راناگەیەنین. هەروەها بە شێوەیەكی روون یاری بە دەنگەكان كراوە، و لە بەرژەوەندی ركابەرەكەم ئەژمار كراوە.

تانەو سكاڵا بەردەوامەكان لەلایەن پارتی دادوگەشەپێدان لە ئەنجامە سەرەتاییەكان هەستی بێ هیوایی لای لایەنگرانی پارتی گەلی كۆماری بەرهەڵستكار زیاد كردوە و گەیشتۆتە سەر پلیكانەكانی هاندانی تۆپی پێ، كە لەسەرەتای ئەم هەفتەیە لە دوو یاری نێوان دوو تیپی گەورەی شارەكەدا روویداوە.

هەندێك لە هاندەران هاواریان دەكرد، رێگەی پێبدەن، ئێستا رێگە بە ئیمام ئۆغلۆ بدەن و سەرپشكی بكەن، لە ئاماژەیەكدا بۆ بۆ كاندیدی پارتی گەلی كۆماری بەرهەڵستكار لە هەلبژاردنەكانی شارەوانی ئەستەمبول،  تیایدا ناوبراو ئامادەی ئەو دوویاریە بوە، بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز.

ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی 31 ی ئاداری ئەمساڵ دەری خستوە، ئیمام ئۆغلۆ بە جیاوازیەكی كەم 0.2% لە پێش ركابەرەكەیەوەیە (بن عەلی یلدرم).

پارتی دادو گەشەپێدان، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان رابەرایەتی دەكات لە شاری ئەنقەرە شكستی هێنا كە بۆ ماوەی بیست و پێنج ساڵ هەژموونی بەسەر ئەو شارەوە هەبوو، بەڵام شكستهێنانی پارتی دەسەڵاتدار لە ئەستەمبول گورزێكی قورسترە بۆ سەرۆك كە لە پێشەوەی دیمەنی سیاسی توركیادایە بەسەركەوتنەكانی بۆ ماوەی پازدە ساڵ.

بەرپرسانی هەڵبژاردنەكان لە ناوچەی –مال تبە- ی ئەستەمبول رۆژی دووشەممە فەرمانیان كرد بە دووبارە بژاردنەوەی دەنگەكان بۆ جاریكی تر لە پاش تانەكانی پارتی دادو گەشەپێدان و هاوپەیمانە نەتەوەییەكانی لە پارتی جولانەوەی نەتەوەیی، ئەمەش بە گوێرەی ئاژانسی (ئێن تی ڤی)، ئێستاش بە كردار بۆ ماوەی هەفتەیەكە دەنگەكان لەو ناوچەیە دەژمێردرێتەوە.

پارتی دەسەڵاتدار لە ژمارەیەك ناوچەی ئەستەمبوڵ تانەی لە هەڵبژاردنەكان داوەو داوای ئەوە دەكات بە شێوەیەكی گشتی دەنگەكانی ناوچەی چیكمیجی هەڵوەشێنرێتەوە.

ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەو بارەیەوە وتی : چاوەڕوانی كۆتایی هاتنی سەرجەم پرۆسەكانی بژاردنەوە دەكات لەسەرجەم شارەكەدا پێش ئەوەی بڕیاری هەڵوەشانەوەی دەنگەكان بدات لە ناوچەی چیكمیجی.

دوای ئەوە، ئەنجوومەنەكە بڕیار دەدات داواكەی ئەرۆغان كە تا ئێستا حزبەكەی بە فەرمی پێشكەشی نەكردوە، كۆتایی پێ بهێنێ؛ داوای هەلوەشانەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەستەمبوڵی كردوە بە تەواوەتی بەهۆی ئەو پێشلێكاریانەی كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان كردوە، ئەمەش بە گوزارشتی پارتی دادوگەشەپێدان.

سەرچاروە: Sputnik news
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا