شارپرێس:
ڕۆژنامەیهكى ئیسرائیلی
لەڕاپۆرتێکی نوێدا داوا لەتەلئەبیب دەکات، قۆناغی پشتگیریی ڕامیارییو مەعنەوی بۆ
دۆزی کورد تێپەڕێنێتو بەشێوەیەکی کرداریی دەستبکات بەپڕچەککردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی
نەتەوەیی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بەئامانجی دروستکردنی
گوشاری توند لەسەر ناوخۆی ئێرانو پچڕانی هێڵەکانی گەیاندنی چەک بۆ گروپە چەکدارەکانی
ناوچەکە.
ڕۆژنامەی (جێروزالەم پۆست)ی
ئیسرائیلی ڕاپۆرتێكى بڵاوكردوهتهوهو نوسیویهتى، "پێویستە تەلئەبیب قۆناغی
پشتگیریی ڕامیارییو مهعنهوى بۆ گەلی کورد تێپەڕێنێتو دەستبکات بەپێشکەشکردنی
هاوکاریی ڕاستەوخۆی سەربازییو چەکداریی بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد بەمەبەستی
دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان".
نوسەری بابەتەکە بەپشتبەستن
بەلێدوانێکی حوسێن یەزدانپەنا سهرۆكى پارتی ئازادیی کوردستان (پاك) ئاماژەی بەوەکردوە،
ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلو کوردستان بەقوڵی بەیەکەوە بەستراونەتەوە.
بابەتەکە جەختدەکاتەوە،
کوردو جولەکە خاوەن مێژویەکی هاوشێوەن لەڕوبەڕوبونەوەی نکۆڵیکردنو شەڕی مانەوە لەسەر
خاکی خۆیانو لەئێستاشدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانو تورکیا ساڵانێکە چەکو پارە دەدەنە
گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە، ئیسرائیلیش دەبێت هاوپەیمانە ڕاستەقینەکەی خۆی کە کوردە،
چەکدار بکات.
لەبەشێکی دیکەی ئهو ڕاپۆرتهدا
ڕۆژنامه ئیسرائیلیهكه نوسیویهتى، "چەکدارکردنی کوردەکان دەبێتە هۆی
دروستکردنی گوشاری توندی ناوخۆیی لەسەر تارانو لاوازکردنی هەژمونی ئێران لەناوچەکەدا،
هاوکات ڕێگریدەکات لەگەیاندنی چەک بۆ گروپەکانی وەک حزبوڵڵا".
نوسەری ڕاپۆرتهكه ڕەخنەی
توندی لەسیاسەتەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا گرتوە کە هەمیشە داکۆکی لەیەکپارچەیی
خاکی ئەو دەوڵەتانە دەکەن کە خاکی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوەو گەلی کوردیان تێدا
سەرکوتکراوە.
