فراكسیۆنی دەم پارتی: دەبێت یاسای دژەتیرۆریش هەموار بكرێتەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 77 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە  پەرلەمانی توركیا، ڕایگەیاند "لە پڕۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیكدا، ئێمە لە بەردەم ئامادەكردنی زەمینەیەكی یاساییداین. ئەو یاسای چوارچێوەییە سەرەتایەكە و دەكرێت كاریگەرییەكی گەورە لەسەر چارەسەری دروست بكات."

گوڵستان كلچ كۆچیگیت ڕایگەیاند، "دەبێت ئەو یاسایە هەمووان بگرێتەوە و مافی یاسایی ئەو كەسانە بپارێزێت كە دەگەڕێنەوە و تێكەڵی كایەی سیاسی دەبن. پێویستە یاسایەك بە بیروڕای هاوبەش بهێنرێتە پەرلەمان. ئێمە داوا لە پارتە سیاسییەكانیش دەكەین كە خۆیان بە دوور بگرن لە پرسە لاوەكییەكان. پێویستە هەموو لایەك بە باشی سود لەم دەرفەتە مێژووییە وەربگرێت و شان بداتە بەر بەرپرسیارێتی."

هەروەها كۆچیگیت دەڵێت، دەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاساكەش پەرلەمان ئەركی خۆی بگرێتە ئەستۆ. پێویستە دەستەیەكی چاودێری دابمەزرێت كە بتوانێت سەرپەرشتی پڕۆسەكە بكات. دوای ئەم یاسایە، دەبێت ئەو یاسایانەی ڕێگرن لەبەردەم دیموكراسیدا، وەك یاسای دژە تیرۆر، هەموار بكرێنەوە.

  دەشڵێت "چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە یاسایەك بێتە كایەوە كە ڕێگە خۆش بكات بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی ڕێكخستنەكە (ئەندامانی تەڤگەری ئازادی) و بەشداربوونیان لە سیاسەتی دیموكراتیكدا، هەروەها ئەوانەی لە ئەوروپان بتوانن بگەڕێنەوە و ئەوانەشی لە زیندانەكاندان ئازاد بكرێن. بەڵام لەسەر ڕەشنوسی یاساكە تا ئێستا هیچ شتێكی كۆنكرێتی و ڕوون لە ئارادا نییە.".