سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن و ستراتیژی 'خۆچەمانەوە بۆ ڕەشەبا' لەلایەن هێزە شیعەکانەوە

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 60 جار خوێندراوه‌ته‌وه


دەستپێک
ململانێ سیاسی و سەربازیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای هەڵگیرسانی قۆناغی دووەمی جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، چووەتە ناو قۆناغێکی بێپێشینەی ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی  سیاسی و ئەمنی و سەربازی. لە ناوەندی ئەم ململانێ ئاڵۆزەدا، دەوڵەتی عێراق وەک ئەکتەرێکی بەستراوە لە نێوان چوارچێوەی دارایی و ئاسایشی ئەمریکا لە لایەک و نفووزی قووڵی ئایدۆلۆژی و ئاسایشی و ئابووریی ئێران لە لایەکی تردا ماوەتەوە. لەم نێوەندەشدا، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێڕاق، علی زەیدی، سەردانی واشنتنی کرد، بۆیە ئەم پەرەباسە (پەیپەر) شیکاری بۆ سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن و هەوڵەکانی بەغدا بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات.
پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، زەیدی کۆمەڵێک هەنگاوی گرتەبەر بۆ رووبەروبونەوەى گەندەڵی، لەگەڵ ئەوەشدا چەند لایەنێک لە گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بەدەم داواکاری زەیدی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت هاتن. زەیدی ئەم هەنگاوانەى وەک دەستکەوتێک بۆ سەقامیگیری و چاکسازی لە عێراق خستە روو، هەموو ئەم هەنگاوانەش لەلایەن واشنتنەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، هەربۆیە ئیدارەکەی ترەمپ پاڵپشتی تەواوی خۆیان پیشاندا لە گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە.
 ئەم بابەتە هەوڵ دەدات بپرسێت کە ئەو عێراقەی چەندین کەسایەتی و هێزی خاوەن نفوس و چەکدار نەیانتوانی ڕێکی بخەنەوە ئێستا چۆن ئەم سەرۆکوزیرانە کەم ئەزمونە بە دنیای سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا دەتوانێت ئەم هەنگاوانە بنێت، بە تایبەتیش دوای ماوەیەکی کەم لە هاتنەسەر تەختی دەسەڵات. ئایە ئەم هەموو بوێری و متمانە بەخۆبوونەی لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ بەتایبەتیش بۆ کەسێک کە هیچ گروپ و پارتێکی سیاسی لە پشتی نییە؟ ئەمە جگە لەوەش کە دەکرێت ئەو پشتگیرییەشی کە لە پەرلەمانەوە بەدەستی هێناوە لەدەست بدات. بۆیە ئەم بابەتە هەوڵ دەدات شیکردنەوە بۆ ئەو هەنگاوە جیاوازانە بکات کە زەیدی گرتونیەتەبەر، بۆ نموونە، ئایە دەکرێت عێراق بەم شیوە ڕەهاییە ڕوو لە ئەمریکا بێت و پشت لە ئێران؟ وە دەرنجامەکانی ئەم هەنگاوە دەکرێت چی بن؟ هەروەها گرنگە ئەوەش بپرسین کە ئایە بۆ کەسێکی وەک زەیدی ئاسان دەبێت کە لەڕووی سیاسی سەربازییەوە سەرکەوتوبێت لەم هەنگاوانەیدا؟ پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە چۆن (دەوڵەتێکی هایبرید)ی وەک عێراق، کە لە ناوەوە لاوازە و دەستکەلای نفووزی هەرێمایەتییە، چۆن دەتوانێت سەروەریی خۆی بپارێزێت و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی سیاسی لە داڕمان دوور بخاتەوە؟
تێزی سەرەکیی ئەم وتارە لەسەر ئەو چەمکە دەسوڕێتەوە کە: ڕەفتاری سیاسی عەلی زەیدی ودەسەڵاتدارانی شیعه لە بەغدا (چوارچێوەی هەماهەنگی- اطار التنسيقي) گوزارشت لە پەیڕەوکردنی مانۆڕێکی تەکتیکی و فرسەتخوازیی سیاسییە (خۆچەماندنەوە بۆ ڕەشەبا-Weathering the Storm) بۆ دەربازکردنی دەسەڵات و پێگەى هێزە شیعەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکادا، تەنانەت ئەگەر ئەمە بنێتەهۆی دروستبوونی گرژیی کاتی لەگەڵ تارانیشدا.
یەکەم: دەوڵەتی عێراق پێش دەست بەکاربونی زەیدی
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سیاسیی عێراق لە قۆناغی یەکەم و دووەم و سێیەمی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، دروستبوونی دوو فۆرمی جیاوازی هەڵوێستە لە ئاستی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەدا:
١- بێلایەنیی دامەزراوەیی دەوڵەتی عێراق:  لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ حکومەتی عێراق بەفەرمی  لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی خۆیەوە بێ لایەنی خۆی لە جەنگ و پشتگیر نەکردن لە لایەنەکانی شەر ڕاگەیاند، لەمبارەیەوە هەوڵێکی چڕی داوە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی (دوورەپەرێزی). ئامانج لەم بێلایەنییە پاراستنی ژێرخانی ئابووری، بەردەوامیی فرۆشتنی نەوت و درێژەدانە بە هەماهەنگییە داراییەکان لەگەڵ بانکی فیدراڵی ئەمریکا. لە گۆشەنیگای تیۆریی ڕیالیزمی نوێوە، دەوڵەتی عێراق لەپێناو پاراستنی سەروەریی سنوردار و ڕێگری لە داڕمانی سیستەمی ئابووری و پاراستنی سەقامیگیری، بەناچاری و بە شێوەیەکی فەرمی خۆی لە بەرەی بەرگریی (موقاوەمە) بەدوورگرت و نەبوو بە بەشێک لە جەنگەکە و ژیرانە مامەڵەی کرد، ئەمە لە کاتێکدا وەها چاوەروان دەکرا، دەوڵەتی عێراق لە جەنگەکە بگلێت.
٢ - گروپە چەکداریەکانی حەشدی شەعبی:  لە بەرامبەردا، گرۆپ و میلیشیا چەکدارەکان کە بەشێکن لە پێکهاتەی هێزی ئاسایشی ناوخۆیی و بەپێی یاسا لە دامەزراوەى سەربازی و ئەمنیدا سەر بە دەوڵەتن، بەڵام لە ڕووی ئایدۆلۆژی و بڕیاری سیاسییەوە وابەستەی دەرەوەی دەوڵەتن (ئێران)، نەیانتوانی بێلایەن بن. ئەم ئەکتەرانە لە ڕێگەی هێرشی درۆنی و موشەکییەوە بەشداربوون لە بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان و ووڵاتانی خەلیج، لەم سۆنگەیەشەوە  بە ئاشکرا لایەنگریان بۆ ئێران لە جەنگەکەدا راگەیاند، هەربۆیە ئەمریکا بە شێوەیەکی سنوردار بە ئامانجی گرتن.
لەبەرئەوەى سنوورەکانی نێوان هێزی فەرمی و هێزی میلیشیایی لە عێراقدا لێڵن، ئەم دوانەییە لە ڕەفتاری سیاسیی عێراقدا، جۆرێکە لە دابەشکردنی ڕۆڵ؛ دەوڵەت بە شێوەیەکی بێ لایەن و دورەپەرێز لە جەنگ بۆ پاراستنی وڵات لە سزاکان کاردەکات،  لە لایەکی تریشەوە میلیشیاکان وەک ئامرازی هێزی ڕەق بۆ هێشتنەوەی کارتەکانی گوشاری ئێران لە ناوچەکەدا  لەلایەن ئێرانەوە بەکاردێن.
دووەم: قۆناغی بوون بە سەرۆک وەزیرانی زەیدی
وەک ئاشکرایە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەجومەنی نوێنەرانی عێراق، گرژی و ململانێیەکی ئالۆز لە نێوان گروپەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی روویدا، سەرئەنجام نوری مالکی وەک بەربژێر بۆ سەرۆک وەزیران دیاریکرا، بەڵام هەر زوو ئەمریکا بەفەرمی و ترەمپ چەند جارێک دیاریکردنی مالکیان رەتکردەوە،  هێزە شیعەکانی چوارچێوەى هەماهەنگی هیچ هەڵوێستێکیان لەبەرامبەر ئەم فشارەى ئەمریکا و ترەمپ نەتواند هەربۆیە سەرلەنوێ ئالۆزی بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران سەری هەڵدایەوە، تا دواتر لە پرێکدا عەلی زەیدی لەلایەن چوارچێوەى هەماهەنگی وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرا، زەیدی هیچ باکگراوندێکی سیاسی و سەربازی نییە، ئەمە جگە لەوەی کە هیچ ئەزمونێکی حوکمڕانیشی نەبووە، تەنها خاڵێک کە وای کرد ببێت بە کەسێکی دیار ئەوەیە کە وەک سەرمایەدارێک دەرکەوتوو بوو، پێدەچێت هەر ئەم خاڵەيش وایکردبێت کە ببێت بە جێگای ڕەزامەندی ئیدارەکەی ترەم، لە ناویشیاندا تۆم باراک، چونکە بۆچوون هەیە کە پێێ وایە عەلی زەیدی بەربژێری خوازراوی باراک بوبێت. خاڵی کۆکەرەوەی ئەم سێ کەسە، واتە ترەمپ و باراک و زەیدی ئەوەیە کە هەموویان سەرمایەدارن و لەوانەشە زۆر شارەزای سیاسەت نەبن و لە کاریگەری و کاردانەوەی ئەم هەنگاوانەیان تێنەگەن. ئەوەی تا ئەم ساتە ڕوونە ئەوەیە کە زەیدی ئێستا بووە بە دەسەڵاتداری یەکەمی عێراق  و چاوێکی زۆری لەسەرە بۆ بینینی هەنگاوەکانی داهاتوی کە پێدەچێت هیندە فراوان بن توانای هاویشتنیانی نەبێت.
دوای ئەوەى زەیدی کابینەکەى لە پەرلەمان پێشکەشکرد سەلەنوێ ململانێ لە نێوان هێزە سیاسەکان رویدایەوە، هەربۆیە بەشێک لە ئەندامانی کابینەکەى رەدکرایەوە کە بەشێکیان لە وەزارتە ئەمنی و سەربازیەکان بوون لەوانەش (وەزارەتی ناوخۆ وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی نیشتەجێ بوون).
لەگەڵ دەست بەکاربونی وەک سەرۆک وەزیران زەیدی دەستی کرد بە هەڵمەتێکی روبەروبونەوەى گەندەڵی، لەم ڕووەشەوە کۆمەڵێک بەرپرس و پەرلەمانتاری دەستگیرکردوە. لەگەڵ ئەوەشدا زەیدی بانگەگەشی کۆنترۆڵکردنی چەکی کرد لەلایەن دەوڵەتەوە، ئەمەش یەکێک بوو لەو داوایانەى ئەمریکا لە عێراق لە سەروبەندی قۆناغی دووەمی جەنگی ئەمریکا - ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە کابینەکەى سودانی، بەڵام لەگەڵ دەست بەکاربونی زەیدی (سەرایا سەلام) و هێزەکانی (عصائب اهل الحق) خۆبەخشانە بەدەم بانگەوازەکەوە هاتن، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆر لە گروپە چەکدارەکانیتر کە لە ئێرانەوە نزیکن بە هەموو شێوەیەک رەدی ئەکەنەوە چەک رادەست بکەن.
پرۆسەى کۆنترۆڵکردنی چەک دوسێیەکی ئاڵۆز و تا ڕادەیەک ترسناکە جونکە هەڵوێست وەرگرتنە بەرامبەر ئەو هێزو چەکدارانەی کە لە ئێرانەوە نزیکن یان ڕوونتر بڵێین لەلایەن ئێڕانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە جۆرێک کە دەسەڵاتیان سنوردار بکات و لە چوارچێوەى هێزە ئەمنییەکان و سوپادا جێگە بکرێنەوە، ئەمەش پێناچێت پرۆسەیەک بێت کە هەروا بە ئاسانی لە لایەن ئەو گروپانە و ئێرانەوە قبوڵ بکرێت.
پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، زەیدی  ئەم هەنگاوانەی وەک دەستکەوتێک بۆ سەقامیگیری و چاکسازی لە عێراق خستە روو، هەموو ئەم هەنگاوانەش لەلایەن واشنتنەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، هەربۆیە ئیدارەکەی ترەمپ  پاڵپشتی تەواوی خۆیان پیشانداوە لە گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە.
سێیەم: سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن
 لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەى وڵات سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتنی کرد و چاوی بە ترەمپ کەوت، ئەوەى چاوەروان دەکرا لە ترەمپ ئەوە بوو کە وەک ئەحمەد شەرع پێشوازی لە زەیدی بکات، هەرئەوەش رویدا، چونکە رێکخەرى هەردوو سەردانەکە  تۆم باراک بوو.
زەیدی لەسەردانەکەیدا جەختی لە کۆمەڵێک خاڵ کردەوە کە بەلای ئیدارەى ترەمپەوە جێی بایەخن، بەتایبەت لەو دۆخە نا ئارام و جەنگیەی کە رۆژهەڵاتی ناوەراست پێیدا تێپەردەبێت و عێراقییش لە ناوەندی ئەو جەنگەیە و بە دەوڵەتێکی هاوپەیمانی ئێران لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دەناسرێت.
لە نێو ئەو خاڵانەدا دۆسیەی ئابووری لە سەرووی گفتوگۆکانی زەیدی بوو لەگەڵ ترەمپ و بەرپرسانی ئەمریکیدا. ئیمزاکردنی نزیکەی ٤٨ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتننامە لەلایەن عێراقەوە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا لە سەردانەکەدا، لەگەڵ ڕێککەوتنی تر لە کەرتی وزەدا، لەوانە ڕێککەوتنێکی نەوتی لە ڕێگەی مەسارێکەوە کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕنابی، جگە لە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ سوریا بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بەندەری بانیاسی سوری، هەروەها رێکەوتنی بانکی لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەى ئەمریکا کە زەیدی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد بەرەو چاکسازی لە کەرتی دارایی و تێکەڵکردنەوەی لەگەڵ سیستەمی جیهانیدا.
بەدەر لە کەرتی ئابووری لەسەر ئاستی ئەمنی و سەربازی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لێکتێگەیشتنی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە بارەگای پنتاگۆن ئەنجامدا. بەگوێرەی زانیارییەکان، هەردوولا ڕێککەوتننامەیەکی هاوبەشیی ئەمنی هەمیشەیییان لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان بەستووە کە بە کردەیی دوای ٣٠ی ئەیلوولی داهاتوو دەستپێدەکات، کە ئەویش کاتی جێبەجێکردنی کشانەوەی تەواوی سەربازیی ئەمریکایە لە عێراق. هەروەها هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەمریکا لە مەشقپێکردن و پڕچەککردنی سوپای عێراق. وە گفتوگۆشیان کرد لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی ئەمنی و هەواڵگریی نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەرەسەندنە سەربازییەکانی گەرووی هورمز لە نێوان ئێران و ئەمریکا. هەموو ئەمانە لە رواڵەتدا گواستنەوەی سەرەنجی عێراقە بەرەو ئەمریکا.
چوارەم: ئاراستەکردنی سیاسەت بەرەو ئەمریکا
ئەگەر عێراق سیاسەت و حوکومڕانی بە ڕوونی هاوتەریب بکات لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەسەر حسابی ئێران، ئەوا دەکرێت ڕووبەڕوی هەم دەرفەت و هەم مەترسیی بەرچاو ببێتەوە. بۆ نموونە، پێدەچێت ئێران و ئەو گروپانەی کە لە عێراقدا پاڵپشتی دەکات کاردانەوەیان هەبێت، بەڵام دەرئەنجامەکە بەندە بەوەوە کە ئایە عێراق چەندە بەهێزە بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەم پرۆسەیە، وە سیاسەتی خۆی تا چەند بەسەرکەوتوویی دەگۆڕێت تا لەم ئەزموونەیەدا سەرکەوتوو بێت، وە چۆنیش وەڵامی ئێران و گروپە سیاسی و چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەداتەوە.
پێناچیت ئەم پرۆسەیە هەروا ئاسان بێت بۆ عەلی زەیدی، چونکە زەیدی وەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا هیچ باکگراوندێکی سیاسی و سەربازی نییە، ئەمە جگە لەوەی کە هیچ ئەزمونێکی حوکمڕانیشی نییە، وە لەگەڵ ئەوەشدا دیار نییە کە ئایە پاڵپشتی هیچ تاقم و گروپێکی دیاریکراوی هەیە یان نا لە عێراقدا، جگە لەوەی کە بوو بە بەرنژێرێک و لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی پێدرا، کەواتە خۆ دەکرێت هەر لەلایەن پەرلەمانیشەوە ئەم پۆستەی لێوەرگیرێتەوە.
هەرچەند تا ڕادەیەک بە ئاسان نابینرێت کە ئەم ئاراستەیە (بەرەو ئەمریکا بوون) سەرکەوتوو بێت بەڵام لە ئەنجامی سەرکەوتنیدا دەکرێت کۆمەڵێك سود بە عێراق بگەیەنێت، بۆ نموونە:
١ - ئەمریکا زیاتر گرنگی بە عێراق دەدات و وەبەرهێنانی زیاتری تێدا دەکات و هاندەریش دەبێت بۆ ووڵاتانی دیکەش بێنە پێشەوە، ئەمەش دەکرێت ببێتەهۆی بەهێزکردن و سەقامگیرکردنی ئابووری عێراق. واشدەکات کە عێراق بتوانێت ڕێژەیەکی زیاتر لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ خۆی ڕابکێشێت، بەتایبەتی لە کەرتەکانی وزە و ژێرخانی ئابووری و تەکنەلۆجیادا.
٢ - دەکرێت عێراق هاوکاری زیاتری سەربازی و هەواڵگری بەدەستبێنێت، چونکە ئەمریکا دەتوانێت یارمەتی زیاتری عێراق بدات لە ڕووی مەشق و ڕاهێنان و پشتیوانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی ئامێر و چەک بۆ هێزە ئەمنییەکان و بەهێزکردنی هێزی نیشتمانی عێراق لە ڕووی دابینکردنی چەکی پێشکەوتووەوە، هەرچەندە لەم کاتەدا ئەم هەنگاوەی کۆتاییان زۆر ئاسان نابێت بچێتە بواری جێبەچیکردنەوە تا ئەو کاتەی ئەمریکا دڵنیا نەبێت کە بە تەواوی عێراق بەرەی ئێرانی جێهێشتووە، ئەمەش هەروا بە ئاسانی بەدەست نایەت.
٣ - عێراق دەتوانێت ئەم کرانەوە نوێیەی بەڕووی ئەمریکادا بەکاربهێنێت بۆ پەرەدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆرێک لە ووڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەمەش دەتوانێت بازرگانی و وەبەرهێنانی بیانی و پشتیوانی دیپلۆماسی زیاتر بۆ عێراق دابین بکات.
٤ - کەمبوونەوەی پشتبەستن بە ووڵاتە هەرێمییەکان، بە تایبەتیش ئێران بۆ پاڵپشتی ئابووری و سیاسی، بەڵام بۆ سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە پێویستە عێراق بتوانێت بە سەرکەوتوویی ئابووری و وزە و بازرگانییەکانی هەمەچەشن بکات.
لەگەڵ ئەم سودانەدا دەبێت ئەو مەترسییانەش ئاماژە پێبدەین کە دەکرێت ڕوو لە عێراق بکات بەهۆی ئاراستەی ڕوو لە ئەمریکا بوونی، بۆ نموونە:
١ - ئێران دەتوانێت لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە کێشە بۆ عێراق دروست بکات، چونکە عێراق کارەبا و گاز و کاڵای دیکە لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، بۆیە پچڕانێکی کتوپڕ دەتوانێت ئەم دابینکردنانە پەک بخات، ئەمەش دەکرێت کێشە بۆ عێراق دروست بکات بە تایبەت ئەگەر نەتوانرێت بە شێوەیەکی خێرا جێگرەوە بۆ ئەم بەرهەم و کاڵایانە دابینبکرێت.
٢ - دەکرێت گرژی و ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکان بەرزببنەوە بۆ ئاستێکی باڵا کە لە ئاست و توانای حکومەتی عێراق باڵاتر بێت بۆ کۆنترۆڵ کردنیان. چونکە بەشێک لە پارتە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێران هەیە و تا ئێستاش سۆز و پابەندییان بۆ ئەو ووڵاتە دەردەبڕن بە تایبەت دوای ئەو هەموو زەرەر و قوربانییانەی کە بەسەر جیهانی شیعیدا هاتووە کە دیارترینیان کوژرانی ئایەتوڵا خامنەییە. لەبەر ئەم هۆکارانە دەکرێت گۆڕانکارییەکی خێرا بەرەو بەرەی ئەمریکا ببێتە هۆی ناسەقامگیری ناوخۆیی یان ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی زیاد بکات، وە تەنانەت دەکرێت سەریشبکێشێت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی چەکداری.
٣ - ئەگەر گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران حکومەت وەک لایەنگری تەواوی واشنتن سەیر بکەن، ئەوا هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق زیاتر دەبن، ئەمەش دەکرێت وابکات کە خەڵکی مەدەنی بخەنە مەترسییەوە و قوربانی زۆری لێبکەوێتەوە.
٤ - دەکرێت ئەم گۆڕانکارییانە وا لە عێراق بکات کە زیاتر و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕکابەرییە ناوچەییەکان تێوەبگلێت، ئەمەش وادەکات کە ئەستەم بێت بۆ عێراق کە لە ململانێکانی داهاتوی ناوچەکە خۆی بە دووربگرێت.
پێنجەم: بە ئاراستەى خۆپارێزی
بە روانین لە دۆخی پێشوتری عێراق و مامەڵەی چوارچێوەى هەماهەنگی لەسەرەتای جەنگی ئیسرائیل و ئەکریکا لەگەڵ ئیران ئەوەمان بۆ رون دەبێتەوە کە پێداچونەوە بۆ سیاسەتی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و هاندانی وەبەرهێنانی ئەمریکی لە عێراق ناچاریە و لە چوارچێوەى سیاسەتی بەرگەگرتنی زریانە، ڕوونتر بڵێین بریتییە لە سیاسەتی 'خۆچەماندنەوە بۆ رەشەبا'، نەک ئەوەى عێراق سیاسیەتی خۆی گۆریبێت. چونکە گواستنەوەی سەرەنجی عێراق بەرەو ئەمریکا  دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی لەگەڵ تاران، وەک بینیمان  ئەم هەنگاوانە پەرچەکرداریان لە تاران لێکەوتەوە؛ بەجۆرێک عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران، ڕەخنەی لە سەردانەکەی زەیدی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان گرت و سەرۆک وەزیرانی عێراقی بە (کەمئەزموون) وەسف کرد، هەروەها سەردانەکەی، بە پەڵەیەکی شەرمەزاری گەورە وەسفکرد، هەرژچەندە ئێران هەڵوێستەکەى ویلایەتی بە هەڵوێستی کەسی ناساند، بەڵام خۆی لەخۆیدا پەیامێکی رونی ئێرانە بۆ هەرجوڵەیەک کە عێراق ئاراستەى تەواوی وەرگێرێت بۆ ئەمریکا. کە ئەمەش لەلایەن تارانەوە وەک کەوتنە بەرەی دوژمن یان هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی سەیر دەکرێت. هەربۆیە وتارەکەی ولایەتی ئاماژەیەکی گەورەی  هۆشیاریەکی توندە بۆ سیاسەتمەدارانی عێراق  چونکە هەر هەنگاوێکی وەها هەڕەشەیەکی وجودی بۆ خۆی دەزانێت.
شەشەم: ڕەهەندی ناوخۆیی ئەمریکا
لە لایەکی ترەوە، تێگەیشتنی تەواو لە هاوکێشەی ئەم سەردانە زەیدی تەنها بە خوێندنەوەی ئامانجەکانی عێراق ناێتە دی، بەڵکو پێویستی بە شیکردنەوەی بەرژەوەندییە ناوخۆیی و ئابوورییەکانی ئیدارەی ئەمریکاش (بە تایبەت بازنەی نزیک لە ترەمپ و تۆم باراک) هەیە. پێویستە تیشک بخەینە سەر دیوی دووەمی پەیوەندییەکان کە پەیوەندیدارە بە ئابووریی سیاسی و پێویستییەکانی سیاسەتی ناوخۆیی لە ئەمریکادا لەم قۆناغەى ململانێ و جەنگ لە گەڵ ئێران، لەم ڕووەوە گرنگە تیش بخەینە سەر دوو خاڵی گرنگ:
 ١- خولقاندنی چیرۆکی سەرکەوتن بۆ ناوخۆی ئەمریکا: لە فەلسەفەی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ و ئاڕاستە پۆپۆلیستە–بازرگانییەکاندا، هەر هەنگاوێکی نێودەوڵەتی پێویستە دەستکەوتێکی ڕوون و بەرجەستەی بۆ دەنگدەری ئەمریکی تێدا بێت. ئیدارەی ئەمریکا بەشێوەیەکی زەق کار لەسەر ئەوە دەکات کە بە ڕای گشتیی وڵاتەکەی بڵێت کە ئێمە توانیومانە لە ڕێگەی فشار و سزاکانەوە، هاوکێشەکە پێچەوانە بکەینەوە؛ عێراقمان لە دەوڵەتێکی پاشکۆ و لایەنگری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گۆڕیوە بۆ دەوڵەتێک کە بەدوای هاوپەیمانی و لێکتێگەیشتندایە لەگەڵ واشنتن. ئەم پەیامە وەک ئامرازێکی سیاسیی بەهێز بەکاردێت تا بە دەنگدەران نیشان بدرێت کە سیاسەتی ئەمریکا بە رووکەشیش بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامانجەکانی پێکاوە.
٢- ئیدارەی ئەمریکا پەیوەندییە سیاسی و ئاسایشییەکان گرێ دەداتەوە بە دەستکەوتی ڕاستەوخۆی ئابووری بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بە تایبەتی لە کەرتی وزە و نەوت و گازدا. هەربۆیە  ئیمزاکردنی گرێبەستی گەورەی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی عێراق بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، وەک باجێکی سیاسی سەیر دەکرێت کە بەغدا ئامادەیە بیدات لەپێناو بەدەستهێنانی پشتیوانی یان لانی کەم بێدەنگکردنی واشنتن بەرامبەر دۆسیە ناوخۆییەکانی عێراق و بێلایەن بونی لە جەنگەکە. هەروەها لەلایەکی تریشەوە، چوونەناوەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ ناو کەرتی ژێرخانی وزەی عێراق ڕێگەیەکە بۆ کەمکردنەوەی بەستراوەیی عێراق بە گازی ئێرانەوە و گرێدانەوەی هەمیشەییی جومگە ئابوورییەکانی بەغدا بە ئەمریکا.
حەوتەم: مانەوەی دەسەڵاتی شیعەکان لەعێراق
بە روانین لە هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتی قۆناغی یەکەم و دووەمی جەنگی ئەمریکا- ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە هەڵوێستێکی تا ڕادەیەک بێلایەنانە  بوو، دەیویست خۆی لە جەنگەکە دوربخات بۆ ئەوەى دەسەڵاتی شیعە لە عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدەستیانەوەیە نەکەوێتە بەر هەرەشەی جدی، دەتوانین بڵێن هەنگاوەکەى زەیدی تەواوکەرى ناڕاستەوخۆی هەڵوێستی چوارچێوەى هەماهەنگی و سەرکردە شیعییەکانە بەرامبەر بە ئەمریکا کە ئاماجە سەرەکیەکەی مانەوەی دەسەڵاتیانە لە عێراق. چونکە سەرکردایەتی سیاسیی شیعه لە عێراق گەیشتووەتە ئەو تێگەیشتنە واقعییەی کە ئیدارەی ئەمریکا (بە تایبەت لە قۆناغی گۆڕانکاریی دەسەڵات و هاتنەکایەی ئیدارەیەکی توندڕەوی وەک ترەمپ) خاوەنی ئامرازی ڕەق و ئابووریی کاولکەرە. ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەم کاتەدا، دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سیاسیی شیعه کە وەکو ئاماژەمان پێکرد لە دوای ٢٠٠٣وە بەردەوامە. لەم سۆنگەیەوە، مەبدەئی خۆچەماندنەوە بۆ ڕەشەبا جێبەجێ دەکەن، کە لەم بارەدا بە مانای کڕینی کاتدێت تاوەکو تەمەنی ئیدارەی ترەمپ لە ئەمریکا بەسەردەچێت. هەربۆیە دەکرێت ئەمە پاشەکشەیەکی تاکتیکی بێت و سازشکردنی کاتی لەسەر هەندێک دۆسیەی ئاسایشی و ئابووری لەگەڵ ئەمریکای ڵیبکەوێتەوە بۆ ڕێگری لە داڕمانی دەسەڵاتیان.
لەلایەکی تریشەوە ئێران سەرەڕای وتاری هۆشیاری ویلایەتیی، بێدەنگیی تاران لە ئاستی بڕیاری فەرمی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێران بەم گەمەیەی عێراق رازی بووە. لە دیدی ئاسایشیی ئێرانەوە شۆڕبوونەوەی کاتیی بەغدا بەرامبەر واشنتن و پێدانی هەندێک سازشی ئابووری، زۆر باشتر و کەم مەترسیترە لەوەی دەسەڵاتی هاوپەیمانەکانی (شیعە) لە عێراق بە تەواوەتی دەسەڵات لە دەست بدەن.
دەرئەنجام
دەرئەنجام دەتوانین بڵێین سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن گوزارشت لە هاوتەریببوونی بەرژەوەندییە تەکتیکییەکانی هەردوو لایەن دەکات: لە لایەک بەغدا مەبدەئی خۆچەماندنەوە بۆ ڕەشەبا جێبەجێ دەکات و لە ڕێگەی ڕادەستکردنی گرێبەستی نەوتی بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان سەری خۆی لە زەبروزەنگی واشنتن دەپارێزێت؛ لە لایەکی ترەوە، ئیدارەی ئەمریکا ئەم هەنگاوانەی بەغدا وەک وێنەیەکی سەرکەوتنی سیاسی بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی تەوزیف دەکات لە ڕێگەی بانگەشەکردنی ئەوەی کە عێراقی لە زۆنی نفووزی تاران دەرهێناوە. بەم شێوەیە، گرێبەستە ئابوورییەکان دەبنە ئەو ئامرازەی کە هەم دەسەڵاتی شیعه لە بەغدا لە ڕووخان بپارێزێت و هەمیش بەڵگەی سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش دروست بکات. لێرەوە دەتوانین بڵێین؛ ئەوەی زەیدی ئەنجامی دەدات، هەمان ئەو هەڵوێستەیە کە هاوپەیمانی چوارچێوەى هەماهەنگی پێش زەیدی گرتبویانەبەر، بەڵام زەیدی پراکتیزەى دەکات لەرێگە رێکەوتن لەگەڵ واشنتن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی هێزە شیعەکان لە عێراق.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، پێویستە بووترێت کە ئەم هاوسەنگییە ناسەقامگیرە لەبەردەم هەر هەژانێکی ئەمنی یان گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لە ململانێی واشنتن-تاراندا دەکرێت ڕووبەڕووی مەترسیی هەرەسهێنان ببێتەوە، هەربۆیە بەردەوامیی ئەم هاوکێشەیە وا دەکات عێراق هەمیشە لە زۆنی مەترسیداردا بمێنێتەوە؛ چونکە سەرکەوتنی ئەم گەمە سیاسییە ئاڵۆزە لەسەر دوو گۆڕاوی سەرەکی وەستاوە:
یەکەم: توانای حکومەتی بەغدا لە ڕازیکردنی واشنتن لە ڕێگەی  رێکەتن و گرێبەستی ئابوورى و ئەمنی و سەربازی، بەبێ ئەوەی هێڵە سوورەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ببەزێنێت.
دووەم: ئاستی بەرگەگرتنی تاران بۆ ئەم جۆرە لە سەربەخۆیی ڕواڵەتی کە بەغدا نیشانی دەدات. ئەگەرچی تاران بۆ پاراستنی دەسەڵاتی هاوپەیمانەکانی لە عێراقدا بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام هەڕەشە توندەکانی کەسایەتییەکی وەک عەلی ئەکبەر ویلایەتی ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەوەی کە پانتایی مانۆڕەکەی زەیدی زۆر سنووردارە.
لە کۆتایدا دەتوانین بڵێین کە عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە؛ یان دەبێتە نموونەی سەرکەوتووی هاوسەنگیی ئاڵۆز و مەحاڵ لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەک، یان دەبێتە قوربانیی یەکەم لە ئەگەری تێکچوونی هاوکێشەی خۆچەماندنەوە و گۆڕانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ. ئەوەی ئێستا دەبینرێت عێراق هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئابوورییەوە سیاسیەت و ئاسایشی لە داڕمان بپارێزێت، بەڵام هەر لادانێکی کەم بەرەو هەر لایەک، دەکرێت باجەکەی بۆ یەکپارچەیی و سەروەریی وڵاتەکە گران بێت.

د. ڕێبوار ڕەئوف
د. ئاریان ڕەئوف