لەم هەفتەیەدا پرۆژەیاسای پرۆسەی ئاشتی دەخرێتە كارنامەی پەرلەمانەوە

کوردستان

60 خولەک پێش ئێستا‌ 100 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


ئەمڕۆ تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی دەم پارتی لەكۆنگرەی پارتەكەی لەمێرسین ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرۆژەیاسای چوارچێوە بخرێتە كارنامەی پەرلەمانەوە.

تونجەر باكرهان ڕایگەیاند "كاتێك تەماشای ئەو ڕووداوانە دەكەین كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێن، ئەوكاتە زیاتر لەوە تێدەگەین كە ئەم پڕۆسەیە چەندە بەنرخ و سەنگینە."

هەروەها باكرهان هیوای خواست ئەم یاسایە ببێتە هۆكاری كۆتایهێنان بە تەواوی ئەو دەرهاویشتانەی كە بەهۆی چارەسەرنەكردنی پرسی كوردەوە هاتبوونە ئاراوە.


دەشڵێت "هیوادارم ئەمجارە پڕۆسەكە لە بارنەچێت. ئەگەر هیچ گرفتێك ڕوونەدات، لە ماوەیەكی كورتدا یاسای چوارچێوە دەكەوێتە كارنامەی پەرلەمانەوە. لەوانەیە یاساكە لەم هەفتەیەدا بێت. نابێت ئەم یاسایە بە بچووك تەماشا بكرێت. ئەمە ئەو یاسایەیە كە پرسی كورد دەگوازێتەوە سەر بنەمایەكی یاسایی و سیاسی. ئێمە لە ئەزموونكردنی پڕۆسەیەكی مێژوویداین."

تونجەر باكرهان ڕونیكردەوە، لە ئێستادا یاساكە هەموو شتێك نییە، بەڵام بۆ قۆناغەكە زۆر گرنگە و ئامرازێكە بۆ ڕەخساندنی ژیانی ئازادی هاوبەش لە توركیایەكی دیموكراتیكدا.