شارپرێس:
لەکاتێکدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێدەنێتە ناو دەیەی سێیەمی حوکمڕانییە دورودرێژەکەیەوە، وا دیارە ستراتیژییەتەکەی گۆڕانی بەسەرداهاتوە، سەرەڕای ئەوەی قەیرانە ئابورییەکان پێویستیان بەبەڕێوەبردنی ڕۆژانەی چڕ هەیە، بەڵام ئەردۆغان ئێستا کەمتر بایەخ بەوردەکارییە ئابورییەکان دەداتو زیاتر سەرقاڵی چەسپاندنی میراتە مێژوییەکەییو مسۆگەرکردنی مانەوەی سیاسییو جەستەیی خێزانو بازنە نزیکەکانیەتی لەقۆناغی دوای خۆیدا.
ئەو وەک سیاسییەکی شارەزا، ساڵی 2028 وەک وەرچەرخانێکی چارەنوسساز دەبینێتو هەوڵدەدات لەنێوان پاراستنی بەرژەوەندییە خێزانییەکانیو بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن تیمێکی تەکنۆکراتەوە، هاوسەنگییەک دروستبکات، بەتایبەت لەکاتێکدا کە ئۆپۆزسیۆن توشی لێکترازانو داڕمان بوە.
بهگوێرهى دەستوری ئێستای تورکیا، سەرۆک کۆمار تەنها بۆ دوو خولی سەرۆکایەتیی مافی کاندیدکردنی هەیە، کە ئەمەش ڕێگرە لەبەردەم ئەردۆغان بۆ ئەوەی لەساڵی 2028 جارێکی دیكه خۆی کاندیدبکاتەوە.
بەڵام دوو ڕێگهی سەرەکی لەبەردەمدایە بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکەی، یەکەمیان پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنەکانە لەڕێگەی پەرلەمانەوە بەزۆرینەی 360 دەنگ، کە لەو حاڵەتەدا ژمارەی خولەکان لەسفرەوە دەستپێدەکەنەوە.
ڕێگهی دوەمیش هەموارکردنەوەی دەستورە بۆ لابردنی کۆتوبەندی خولەکانی سەرۆکایەتیی، کە ئەمە پێویستی بەزۆرینەیەکی گەورەتر یان پەنابردن بۆ ڕاپرسی گشتیی هەیە.
لەئێستادا ناوەندی بڕیاردان لەکۆشکی سەرۆکایەتییەوە بەرەو بازنەی خێزانیی تەسک دەگوازرێتەوە، چونکە ئەردۆغان ترسی ململانێی سیاسییو لێکۆڵینەوەی گەندەڵیی هەیە بەرامبەر بەخێزانەکەی لەدوای نەمانی لەدەسەڵات، ئەمەش وایکردوە، کەسە نزیکەکانی لەپێگە گرنگەکاندا دابنێت.
ئەمینە ئەردۆغانی هاوسەری کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دیاریکردنی پلەوپایە باڵاکان هەیەو وەک پارێزەری وێنەی ئایینیو نیشتمانیی ئەردۆغان دەردەکەوێت، هەروەها زاواکانی ڕۆڵی سەرەکیی دەگێڕن، بەرات ئەلبەیرەق کە وەزیری پێشوی دارایی بوو، هەرچەندە لەکایەی گشتیی دورکەوتوهتەوە، بەڵام هێشتا کاریگەریی نهێنیی لەسەر میدیاو بەرژەوەندییە داراییەکانی خێزانەکە هەیە.
لەبەرامبەردا، سەلجوق بەیرەقدار کە زاوا بچوکەکەیەتیو دروستکەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە، خاوەن جەماوەرێکی زۆرەو وەک سمبولی تورکیای نوێو پێشکەوتوو دەبینرێت، بیلال ئەردۆغانی کوڕیشی، وەک پردێکی پەیوەندیی لەنێوان کۆمەڵگەی ئایینیو ڕێکخراوەکاندا کاردەکات بۆ پاراستنی بنکە جەماوەرییەکەی پارتی دادو گەشەپێدان.
هاوتەریب لەگەڵ بازنەی خێزانیی، ئەردۆغان تیمێکی لێهاتوی لەتەکنۆکراتەکان دروستکردوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەو سەرۆکی پێشوی میتی، وەک بەهێزترین کاندید بۆ جێگرەوەی ئەردۆغان دەبینرێت، چونکە شارەزاییەکی زۆری لەکاروباری ئەمنییو دیپلۆماسییو نهێنییەکانی دەوڵەتدا هەیە.
ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی ئێستای دەزگای هەواڵگرییو محەمەد شیمشەک وەزیری دارایی، لەگەڵ جەودەت یەڵماز جێگری سەرۆک کۆمار، کۆڵەکەکانی دیكهى ئەم تیمە پێکدەهێنن کە ئەرکیان پاراستنی سەقامگیریی ئابورییو سیاسییە.
لەکاتێکدا کە تورکیا بەرەو هەڵبژاردنی 2028 دەچێت، ئۆپۆزسیۆن بەهۆی ململانێی ناوخۆییو کێشە یاساییەکانی قەدەغەکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبوڵ، بێهێز بوە. ئەمەش وایکردوە ئەردۆغان بەبێ دەستێوەردانی دەرەکیی، نەخشەی جێگرەوەکەی بکێشێت.
پێشبینیدەکرێت لەداهاتودا سەرکردایەتییەکی هاوبەش دروست ببێت کە تێیدا هاکان فیدان ئەرکی جێبەجێکردنو سەرۆکایەتی بگرێتە ئەستۆ، سەلجوق بەیرەقدار وەک سەرکردەیەکی جەماوەرییو تەکنەلۆژی دەربکەوێتو بیلال ئەردۆغانیش سەرپەرشتی لایەنی ئایدیۆلۆژییو حزبی بکات.
ئەم مۆدێلە نوێیە ئامانجی ئەوەیە کە هەم سەرکردەیەکی بەهێز هەبێت، هەم جەماوەرێکی زۆر لەدەوری کۆببێتەوەو هەم دڵسۆزیی ڕەها بۆ میراتی خێزانیی ئەردۆغان مسۆگەربکات، سەرکەوتنی ئەم پلانەش بەندە بەتوانای ئەردۆغان بۆ سەپاندنی ئەم ڕێكخستنە پێشئەوەی بەتەواوی لەکایەی سیاسیی بکشێتەوە.
